عێراقی ساڵی 2020 و مامەڵەی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانان

عێراقی ساڵی 2020 و مامەڵەی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانان
عێراق وەك دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی، رۆڵێكی لاوازی لە داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقدا بەرجەستە كردووە و ئەوەی هەتا ئێستا سیاسەت و ستراتیژیی ئەم دەوڵەتە و دامەزراوەكانی ئاراستە كردووە، هێزەكانی حەشدی شەعبین.
لە ئێستادا كێشەكە ئەوە نییە هێزەكانی حەشدی شەعبی و فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانیان چۆن ئاراستەی سیاسەت و ستراتیژییەتی دەوڵەتێك بە ناوی عێراق دادەڕێژن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئایا ئەم سیاسەت و ستراتیژە تایبەت دەبێت بە وێناكردنی عێراق لە ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، یان تایبەت دەبێت بە وێناكردنی عێراق وەك دەوڵەتێك كە بیەوێت هەناردەی شۆڕش بۆ دەرەوە بكات.
لە حاڵەتی یەكەمدا ئەگەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانیان بیانەوێت چوارچێوەی عەقیدیی خۆیان بكەنە مەتبەخی دروستكردنی سیاسەت و ستراتیژیان بۆ دەوڵەتی عێراق و لە چوارچێوەی ئەم سیاسەت و ستراتیژە مامەڵە لەگەڵ كۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بكەن، بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە، ئەوا نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایكۆتی دەوڵەتی عێراق دەكات و نە دەوڵەتی عێراقیش بایكۆتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، بەڵام ئەگەر بیانەوێت چوارچێوەی عەقیدەیی خۆیان بكەن بە مەتبەخی دروستكردن و داڕشتنی ئەو سیاسەت و ستراتیژەی كە ناسنامەی دەوڵەت لە عێراق دابماڵن و وەك هێزێكی میلیشیایی مامەڵە لەگەڵ كۆی دەوڵەتانی ناوچەكەدا بكەن، ئەوا ئەمە نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نە ئەمریكاش قبووڵی ناكەن و بایكۆتی عێراق دەكەن، لەبەر ئەوەی ناسنامەی ئەو دەوڵەتە هاوچەرخەی لێ دادەماڵدرێت كە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بێت.
بە هەرحاڵ وەك لە شێوازی مامەڵەی دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراقدا لە چەند رۆژی رابردووەوە تێبینیی دەكەین، بەتایبەتی هەڵوێستی حكومەت و سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بەرامبەر بە هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، هەروەها دروستبوونەوەی جۆرێك پەیوەندیی تەلەفۆنیی دیپلۆماتی لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق و نەرمبوونی هەڵوێستی حكومەتی عێراق سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەمەش گرنگتر نەبوونی كاردانەوە دژی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ئەوانەی لە رووی عەقیدییەوە پابەندی سیستمی ولایەتی فەقیهن، ئەوا ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە عێراقیش نەیەوێت زیاتر بارودۆخەكە هەڵبكشێت و بكەوێتە بارودۆخێكەوە كە لەسەر ئاستی جیهان وەك دەوڵەت بایكۆت بكرێت.
حكومەتی ئێستای عێراق جیا لەوەی ئێستا حكومەتێكی كاربەڕێكەرە، لە هەمانكاتدا پڕۆسەی سیاسیش تێیدا لە بارودۆخێكی هێندە ئاڵۆزدایە كە ناتوانرێت پڕۆسە سیاسییەكە وەك پێویست رێكبخرێتەوە، لە بەرامبەریشدا هەڕەشەی دووبارە سەرهەڵدانەوە و خۆڕێكخستنەوەی تیرۆریستانی داعشیش بۆتە مەترسییەكی گەورەتر بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە شارەكانی دیكەی عێراقدا (بێجگە لە هەرێمی كوردستان) هەر بۆیە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا خەریكە ئەو قەناعەتە لای هێزە سەرەكییەكانی شیعەی عێراق و هەروەها مەرجەعییەتی نەجەفیش دروست دەبێت، كە دەبێت بە شێوەیەكی ئارام و دانبەخۆداگرتن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە بكرێت، لەبەر ئەوەی بچووكترین هەڵە ئاراستەی دەوڵەتی عێراق بەگشتی و حوكمڕانیی شیعە بەتایبەتی بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبات.
لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا تا ئێستا هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگ و ئەرێنیی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە گێڕاوە، لەمەشدا وێڕای ئەوەی هێشتا بە تەواوەتی هەڵچوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی دانەمركاوەتەوە، بەڵام خەریكە لەم راستەشەوە لەو راستییە تێدەگەن، كە ئاراستە بۆ راستكردنەوەی پڕۆسەی دەوڵەتداری لە عێراقدا لەو پەیامەوە سەرچاوە دەگرێت كە سەرۆك مسعود بارزانی بۆ تەواوی گەلانی عێراقی رایگەیاند و لەسەر ئاستی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستانیش هەوڵێكی جددی دراوە كە ئەم پەیامەی سەرۆك مسعود بارزانی لە ناو سیاسەت و هەڵوێستی هەرێمی كوردستاندا بەرامبەر كۆی كێشەكان بەگشتی و كێشەكانی عێراق بەتایبەتی رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت و، سەردانی رۆژی شەمەی رابردووی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق بە یاوەری شاندێكی باڵا بۆ هەرێمی كوردستانیش ئاماژەیەكی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پەیامەكەی سەرۆك مسعود بارزانی، كە ئەمەش هەمان ئەو پەیامەیە كە لە ساڵی 2002 لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە لەندەن پێی راگەیاندن، بەڵام سوودیان لێ وەرنەگرت، بۆیە ئەگەر ئێستا سوود لە لۆژیكی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی وەربگرن، راستە لە رووی زەمەنەوە زۆر درەنگە، بەڵام تا ئێستاش ئەو رێگە راستەیە كە جیا لەوەی عێراق لە كارەساتێكی گەورە دوور دەخاتەوە، لە هەمانكاتدا دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەوجۆرە رێكبخرێتەوە كە ناسنامەی دەوڵەت بە دەوڵەتی عێراق بداتەوە.
Top