ڤێرژنی 2019ی سیاسەتی ئەمریكا چیتر بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی 2020 كارناكات

ڤێرژنی 2019ی سیاسەتی ئەمریكا چیتر بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی 2020 كارناكات
لە دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001، بیرمەندان و توێژەران و رۆژنامەنووسان جیهانی سەدەی بیست و یەكەمیان بۆ جیهانی (پێش 11ی سێپتەمبەر و جیهانی دوای 11ی سێپتەمبەر) دابەش كرد جۆرج دەبلیو بوش سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا راشكاوانە رایگەیاند: «ئیدی جیهان دابەش بووە بۆ دۆست و دوژمن، ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و رووخاندنی ئیمارەتەكەی تالیبان لە ئەفغانستان، بە دوژمن لە قەڵەم دەدرێت»، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی كاردانەوەی بەشێك لە وڵاتان لە سەر پێناسەی تیرۆر دژی بۆچوونەكەی سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا بوو، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، مافی بە هێزەكانی هاوپەیمانیی ئەمریكا و ناتۆ دا كە لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی ئازادیی هەمیشەیی) هێرشەكانیان لە ئۆكتۆبەری 2001 بۆ سەر ئەفغانستان دەست پێ بكەن و ئیمارەتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بڕووخێنن.
رووخاندنی ئیمارەتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان لەگەڵ ئەوەی بۆ ئیدارەی یەكەمی جۆرج دەبلیو بوش لە ساڵی 2001 سەركەوتنێكی گەورە بوو، بەڵام غرووری (بوش) بۆ دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی شەڕی ئەفغانستان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق لە 2003، ئەو كۆدەنگییە نێودەوڵەتییەی كۆتایی پێ هێنا كە لە 2001 بۆ شەڕی ئەفغانستان دروست ببوو، هەر بۆیە پابەندنەبوونی ئیدارەی بوش لە 2003 بە كۆدەنگیی نێودەوڵتییەوە بووە سەرەتایەك بۆ لەبەریەك هەڵوەشانی ئەو سیستمە جیهانییەی كە بوشی باوك لە ساڵی 1991 ناوی لێنا «سیستمی نوێی جیهان»، وێڕای ئەوەی دوای جورج دەبلیو بوش ماوەی هەشت ساڵی دیكەش باراك ئۆباما و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی و یەكێتیی ئەوروپا، زۆر هەوڵیاندا ئەو سیستمە جیهانییە (سیتمی نوێی جیهان) بگێڕنەوە شوێنی خۆی و كێشەكانی چارەسەر بكەن، بەڵام لە كانوونی دووەمی 2017 ماك ماستەری راوێژكاری پێشووی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە ڤێرژنی ئەو سیستمە جیهانییەی لە دوای ساڵی 1945 دامەزراوە و ئەمریكا بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵ هەموو هەوڵی خۆی بۆ پاراستنی ئەو سیستمە تەرخان كردووە، چیدیكە بۆ ئەمریكای دوای ساڵی 2017 ناشێت.
لەناو رەتكردنەوەی ئەو سیستمە جیهانییەی كە هەر خودی ئەمریكا ناوی لێ نابوو (سیستمی نوێی جیهان) سیستمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كە ئەمریكا ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ بوو سەركردایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ دەكرد، لە روانگەی ئیدارەی ترەمپەوە پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە و دووبارە داڕشتنەوە هەبوو، چاودێرانی سیاسی و رۆژنامەنووسان، هەر لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی (5+1) سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و هەروەها یەكەم سەردانی ترەمپ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا بۆ (ریاز و تەلئەبیب) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیان بۆ دەركەوت كە چیتر ئیدارەی ئەمریكا بە سیاسەتە كۆنەكە پابەند نابێت و دەیەوێت سیستم و سیاسەتێكی تازە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێت، بۆ سەلماندنی ئەم وەرچەرخانەش، جارید كۆشنەر زاوای ترەمپ و راوێژكاری باڵای ترەمپ بۆ داڕشتنی (سەفقەی سەدە) بۆ كێشەكانی نێوان (فەلەستین و ئیسڕائیل) راشكاوانە دوای راگەیاندنی ئەم سەفقەیە و لە چەندین پانێڵ و دیداری رۆژنامەییدا رایگەیاند، لە دوای ساڵی 2017ـەوە ئیدارەی ترەمپ بەرپرسە لە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو رووداوانەی كە لە ماوەی 70 ساڵی رابردوو لە ناوچەكەدا روویان داوە.
دیارە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019شەوە ئاراستەی وەرچەرخانی سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ كۆی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و ئێران بەتایبەتی، وەرچەرخانێكی تازەی بە خۆیەوە بینینی، كە بریتی بوو لە (كاردانەوەی سەربازیی بەرامبەر هەر كردەوەیەكی سەربازی كە دەكرێتە سەر بنكەكانی لە عێراق)، هەر بۆیە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هێرشی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە (كەی وان) لە پارێزگای كەركووك، شەوی 29ی 12ی 2019، فڕۆكەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر كۆگای چەكەكانی لیواكانی 45 و 46ی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق - سووریا لە پارێزگای ئەنبار و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەك فەرماندە و چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و بریندار بوون.
ئەم كار و كاردانەوەی نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای ئەمریكا، قۆناخێكی ئاڵۆز و ترسناكی لە پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا هێنایە ئاراوە، بەتایبەتی كە لە رێوڕەسمی كوژراوەكانی حەشدی شەعبی لە 1ی كانوونی دووەمی ساڵی2020 هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵیانكوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئەوەشی دیمەنێكی زۆر دراماتیكی بەم وەرچەرخانە بەخشیبوو، ئەوە بوو كە تەواوی فەرماندە دیارەكانی حەشدی شەعبی لە پێشەوەی ئەو هێزە بوون، كە هەڵیاندەكوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا و ئاگریان تێبەردەدا، هەر بۆیە رووداوی هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا وەرچەرخانێكی ترسناكی گەورە بوو بۆ ئەو خاڵەی كە بواری گەڕانەوەی تێدا نەبێت، ئەمەش بەو مانایەی كە یان دەبوو ئەمریكا تەسلیمی ئەو واقیعە بێت، یان واقیعەكە بە جۆرێك بگۆڕێت كە تەواوی ناوچەكە بكەوێتە سەر لێواری هەڵدێرێكی گەورە، هەر بۆیە شەوی 3ی 1ی 2020 سوپای ئەمریكا بە فڕۆكەی درۆن هێرشی كردە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و جێگری دەستەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و لە ئاكامدا 10 كەس كوژران كە لە ناویاندا (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس)ی تێدا بوو، ئیدی بارودۆخەكە بووە بوركانێك و چاوەڕێی هەموو ئەگەرێكی خراپی لێ دەكرا، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری حكومەتی عێراق بكەوێتە ژێر گوشارێكی گەورە و خۆی بچێتە پەرلەمان و داوای كشانەوەی تەواوی هێزە بیانییەكان لە عێراقدا بكات.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق و هەڕەشە بەردەوامەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆڵەكردنەوە لە هێزەكانی ئەمریكا، بە هێرشی رۆكێتی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كۆتایی هات، بەڵام مامەڵەی سارد و نەرمی ئیدارە ترەمپ لەگەڵ ئەم هێرشە و نەبوونی كاردانەوەی سەربازی لەلایەن ئەمریكاوە، وەرچەرخانێكی دیكەی دروست كرد لە كۆی هاوكێشەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها هەڵوێستی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی و دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپاشی بە جۆرێكی دیكە گۆڕی.
ئەم وەرچەرخانە لە هەوڵێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەڵكشانی هێرشە سەربازییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، ئێستا بارودۆخێكی دروست كردووە كە كۆی هاوكێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و دووبارە وتووێژكردن و دووبارە داڕشتنەوەی سیستمێكی تازە هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی وڵاتانی (5+1) لەگەڵ ئێران و دووبارە سەپاندنەوەی سزای زیاتر لەسەری و جەختكردنەوەی لەسەر مانەوەی هێزەكانی لە عێراق و زیادكردنی رۆڵی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمانە هەموو مانای ئەوەن، ڤێرژنی كۆنی سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ سیستمە كۆنەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی هاتووە، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر لە ساڵی 1979وە ئەو سیستمەی رەتكردۆتەوە.
Top