هاوپەیمانییەكی گەورەی پەرلەمانی و رۆڵێكی زۆر بچووك لە پرۆسەی سیاسیدا

هاوپەیمانییەكی گەورەی پەرلەمانی و رۆڵێكی زۆر بچووك  لە پرۆسەی سیاسیدا
لەناو خۆپیشاندانەكانی ئەم دوو مانگەی دوایی عەرەبی شیعەی عێراقدا، تەواوی لایەنەكانی حەشدی شەعبی زۆر بە نهێنی و بە هێمنی رۆڵی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گێڕاوە و، ئەو داوایانەی خۆپیشاندەرانی شیعە (هەمواركردنەوەی دەستوور، گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، كۆتاییهێنان بە سیاسەتی دابەشكردنی پشكپشكێن و پێكهێنانی حكومەتی تەكنۆكرات و.. هتد)، هەموویان ئەو داواكارییانەن كە لایەنەكانی حەشدی شەعبی بە پشتگیریی مەرجەعییەت كردوویانن بە دروشمی خۆپیشاندەرانی شیعە، هەر بۆیە ئەگەر چاودێری سیاسی بە وردی بەدواداچوون بۆ رەفتارەكانی حەشدی شەعبی بكات و لەگەڵ داواكاریی خۆپیشاندەرانی شیعە بەراوردیان بكات، ئەوا نەك هەر هیچ داواكارییەكی خۆپیشاندەران دژی بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی حەشدی شەعبی) نییە، بەڵكو هەر ئەم هاوپەیمانییە لەناو پەرلەماندا داواكاریی خۆپیشاندەرانی شیعە دەكات بە بەرنامە و پڕۆژەی یاسایی، هەروەك لە ئێستادا لیژنەیەك بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور لەناو پەرلەماندا پێكهێنراوە. بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم بۆچوونە، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا بەبێ پشتیوانیی هاوپەیمانیی فەتح، هیچ یاسایەك، یان لیژنەیەك، یان تەنانەت متمانەسەندنەوە لە سەرۆك وەزیران تێپەڕ دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە شێوازی كاركردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیداتەوە، لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی-دا كە سەرنجام كابینەی تازەی ئێستای حكومەت بەو جۆرە پێكهات كە هاوپەیمانیی فەتح دەیویست.
لێرەدا پرسیارێكی دیكە سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە: باشە كە حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی، حكومەتی هاوپەیمانیی فەتح بێت، بۆچی لە ئێستادا هاوپەیمانیی فەتح دەیەوێت مەرجەعییەتی نەجەف هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەم حكومەتە بگۆڕێت و داوای دەست لەكاركێشانەوەی د.عادل عەبدولمەهدی بكات؟ یان بە شێوازێكی دیكە بۆچی هاوپەیمانیی فەتح پێشوازی لە داواكەی مەرجەعییەتی نەجەف دەكات؟ یان ئایا جیاوازییەك، یان هاودژییەك لە نێوان گوتاری مەرجەعییەت و گوتاری هاوپەیمانیی فەتح بوونی هەیە؟
ئەگەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پەنا بەرینە بەر شێوازی مامەڵەكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ خۆپیشاندەران، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە حەشدی شەعبی هەوڵیداوە خۆی وەك لایەنێكی پشتیوان لە خۆپیشاندەران پیشان بدات، ئەمە لەگەڵ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی شیعە هەوڵیانداوە وای پیشان بدەن كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەشدارن لە سەركوتكردنی هاووڵاتیاندا، بەڵام ئەم هەواڵانە سەرتاپای لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە رەتكراوەتەوە، هەر بۆ نموونە لە شەوی 29/11/2019 سەبارەت بەو كوشتارەی لە نەجەف رووی دابوو، لوئەی جەواد ئەلیاسری پارێزگاری نەجەف و سەركردەیەكی دیاری حزبی دەعوا، رایگەیاند كە هێزەكانی سەرایای عاشورای حەشدی شەعبی، بۆ پاراستنی مەزاری حەكیم دەستڕێژی گوللەیان لە خۆپیشاندەران كردووە و بە هۆیە چەندین كەس كوژارون و چەندینی دیكەش بریندار بوون، بەڵام هەر هەمان شەو پاش كەمتر لە نیو سەعات، كازم جابری فەرماندەی هێزەكانی سەرایای عاشورا رایگەیاند، ئەو هەواڵە نەك هەر درۆیە بەڵكو هێزەكانی سەرایای عاشورا لە بەغدان و هیچ چەكدارێكیان لە نەجەف بوونی نییە.
ئەم دوو لێدوانە دژبەیەكەی پارێزگاری نەجەف وەك سەركردەیەكی حزبی دەعوا و كازم جابری وەك سەركردەیەكی حەشدی شەعبی ئەوەمان پێ دەڵێن، كە لەناو لایەنە سەرەكییەكانی شیعەی عێراقدا، چەندین لایەن هەن دژی ئەو هەژموون و باڵادەستییەن كە ئێستا لایەنەكانی حەشدی شەعبی لەناو پرۆسە سیاسییەكەدا هەیانە، لەمەش زیاتر ئەو رۆڵ و باڵادەستییەشە كە ئێستا لایەنەكانی حەشدی شەعبی لەناو خۆپیشاندەرانی شیعەدا هەیانە.
ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا سەیری رۆڵی شەخسی موقتەدا سەدر بكەین كە دەیەوێت وەك كاریزمایەكی شیعە خۆی وێنا بكات و هاوپەیمانییەكەی دەیەوێت وەك هاوپەیمانیی یەكەم لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا خۆی پیشان بدات، ئەوا لە ماوەی ئەم دوو مانگەی دوایی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا، هەر جارێك ویستبێتی بە بێ هەماهەنگی و ئاگاداریی هاوپەیمانیی فەتح هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا نەك لە هەنگاوەكەی سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو زۆر بە راشكاوانە شكستی هێناوە، هەر بۆ نموونە لەگەڵ دەستپێكی خۆپیشاندانەكان سەدر بانگەشەی ئەوەی كرد كە خۆی دێتە ناو خۆپیشاندەران، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتكرایەوە، هەورەها داوای لە عەبدولمەهدی كرد دەست لەكار بكێشێتەوە، لەمەش زیاتر بۆ سڕینی ئارەقەی نێوچاوانی نامەیەكیشی بۆ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح نارد، بۆ ئەوەی لە رێگەی عامری-یەوە، عەبدولمەهدی دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵام نە لەلایەن عەبدولمەهدی و نە لەلایەن عامرییەوە وەڵامێكی پۆزەتیڤی وەرنەگرتەوە، لە ئێوارەی هەینیی رابردووشەوە جارێكی دیكە موقتەدا سەدر كەوتۆتەوە ناردنی تویت و مەسج بەوەی دەبێت پێنج كەس بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كاندید بن و راستەوخۆ لەناو خۆپیشاندەرانەوە هەڵبژێردرێن، ئەم داوایەشی جیا لەوەی یاسایی و دەستووری نییە، لە هەمانكاتدا لەلایەن هیچ هاوپەیمانییەكی شیعە و تەنانەت خۆپیشاندەرانیشەوە پێشوازی لێ نەكراوە.
خستنەڕووی ئەم واقیعە تازەیەی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق بەگشتی و پرۆسەی سیاسیی نێوان لایەنە شیعەكان بەتایبەتی، بۆ ئەوەیە ئاماژە بەوە بكەین، كە بە دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیریان، یان هەتا بە دەركردنی یاسایەكی تازە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، جڵەوگیریی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە دەستی لایەنەكانی حەشدی شەعبی نایەتە دەرەوە، لەمەش زیاتر كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا جڵەوەكەی دەدرێتە دەستی مەرجەعییەتی شیعە لە نەجەف كە پەیام و فەتواكانی، كۆپی پەیامە سیاسییەكانی حەشدی شەعبییە.
Top