هەولێر .. وێستگەی یەكەمی پێشوازی له جێگری سەرۆكی ئەمریكا

هەولێر .. وێستگەی یەكەمی پێشوازی له جێگری سەرۆكی ئەمریكا
سەردانی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ بەسەركردنەوەی سەربازەكان له بنكەی (عەینولئەسەد) له پارێزگای ئەنبارو، دوای ئەویش راستەوخۆ بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و پێشوازیكردنی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانەكەی پێنسی له سەردانێكی ئاساییەوە بۆ بەشداریكردنی له جەژنی سوپاسگوزاری (Thanksgiving) لەگەڵ سەربازەكانی له عێراقدا، گۆڕی بۆ سەردانێكی سیاسی و دبلۆماتیی مانادار و لەسەر ئاستی گوتاری سیاسیی لایەنه عێراقییەكان و میدیاكانی ئەمریكا دەنگدانەوه و كاردانەوەی جیاوازی لێ كەوتەوه.
جەژنی سوپاسگوزاری كه به جەژنێكی نیشتمانیی ئەمریكا دادەنرێت و زیاتر له 100 ساڵە ئەمریكییەكان له سێیەمین یان چوارەمین (سێ شەمه)ی مانگی تشرینی دووەمدا یادی دەكەنەوه، جەژنێكه بۆ سوپاسگوزاری دروێنەو هەڵگرتنەوەی بەروبوومه كشتوكاڵییەكانیان، بەڵام زۆر جار ئیدارەی ئەمریكا ئەم بۆنه دەاته گەیاندنی ئەو پەیامه سیاسی و دبلۆماتییانەی كه مەبەستیەتی له بۆنەیەكی لەم جۆرەدا دەریببڕێت، هەروەك ئەم ساڵ مایك پێنس ئەم بۆنەیەی هێنایه هەرێمی كوردستان و له هەولێرەوه رایگەیاند، ئێستا كاتی دروێنەی دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعشه و، ئەوەی مەبەست و ئامانجی تەواوی هاوپەیمانانی نێودەەوڵەتی دژی داعش بوو بەدەست هات و دوای ئەوەی خەلافەتەكەی داعش رووخێنرا، له هەمانكاتدا سەرۆكی خەلافەتیش ئەبوبەكری بەغدادی كوژرا.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كه سەبارەت بەم سەردانه بڵاوكراوەتەوه، كه سەردانەكه پێشوەخته ئامادەكاری بۆ كراوه و بریتی بووه له بەسەركردنەوەی سەربازەكانی ئەمریكا له بنكەی سەربازیی (عەینولئەسەد) له پارێزگای ئەنبار و پاشانیش سەردانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش مانای ئەوەیه جێگری سەرۆكی ئەمریكا له چوارچێوەی بەرنامەیەكی دیاریكراودا ئەم سەردانەی رێكخستووه و به تایبەتی ئامانجی ئەوه بووه له هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوه و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دروێنەی دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش رابگەیەنێت.
له ناو هەیكەلەی سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكادا، ئەوجا هەر كەسێك سەرۆك بێت، پۆستی جێگری سەرۆكی ئەمریكا به فەرمی وەك (سەرۆكی سێبەر) وایه و، له ماوهەی چوار ساڵی سەرۆكایەتیدا زۆر كەم سەفەر دەكات و زۆر كەمیش له میدیاكاندا دەردەكەوێت، بەڵام كاتێك سەردانی وڵاتێكی كرد یان لێدوانی بۆ میدیاكان دا، سەردان و لێدوانەكانی ماناو مەغزای تایبەتی خۆیان هەیه و، كۆمەڵێك ئامانجی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئیدارەكەی لێ دەخوێنرێتەوه، هەروەها تەواوی سیاسەتی ئامادەكراوی ئەمریكا بەرامبەر داهاتووی عێراقی لێ دەخوێنرێتەوه، بێ گومان ئەو سیاسەت و ستراتیژەش وەك مایك پێنس لەمیانی دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها بەسەربازه ئەمریكیەكانی راگەیاند، ئەوەیه كه ئەمریكا پشتگیری له مانەوەی عێراق به یەكگرتوویی دەكات، بەڵام تایبەتمەندیی شێوازی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان لەبەر چاو دەگرێت و له رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدادا، ئەمریكا نایەوێت له چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق، هەرێمی كوردستان و عێراق له چوارچیوەی یەك بەرنامەی سیاسیدا كۆبكاتەوه، هەر بۆیه كاتێك مایك پێنس بەو پەڕی راشكاوییەوه روودەكاته سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێی دەڵێت: سوپاسی سەرۆكایەتیت دەكەین بۆ ئەم هەرێمه گرنگه، ئەمه پەیامێكی راشكاوانەیه كه مایك پێنس به هەموو جیهانی رادەگەیەنێت كه ئەمریكا عێراقی دۆڕاند و دەیەوێت كوردستان بەرێتەوه.
Top