ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی لە ماراسۆنەكەدا بۆی هێناین هەموو كوردستان دەكەینە باخچەیەكی سەوز و دارستانێكی دڵڕفێن

ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی لە ماراسۆنەكەدا بۆی هێناین  هەموو كوردستان دەكەینە باخچەیەكی سەوز و دارستانێكی دڵڕفێن
راكردنی ماراسۆن لەگەڵ ئەوەی تاقیكردنەوەی ئیرادەی مرۆڤە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیداندا، لە هەمانكاتدا یادكردنەوەی گەورەیی ئیرادەی فیدیبیدسی سەربازیشە كە زیاتر لە 42 كیلۆمەتری بڕی بۆ گەیاندنی پەیامی سەركەوتنی نەتەوەكەی لە ماراسۆنەوە بۆ ئەسینا، پاشانیش گیانی بووە قوربانی بۆ گەیاندنی ئەو سەركەوتنە.
ناونانی ئەم راكردنە دوورمەودایە بە ناوی شەڕی (ماراسۆن)ی 490ی پێش زایین، ئاماژەیە بە خواست و ئیرادەی مرۆڤایەتی بۆ سەركەوتن بەسەر هەموو ئەو شەڕانەی كە مرۆڤایەتی ناچارە بیكات، لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی و دابینكردنی ئایندەیەكی باشتر بۆ نەوەكانی داهاتوو. كەواتە كاتێك دەبینین راكردنی ماراسۆن هەموو نەتەوە و ئایین و رەنگە جیاوازەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە، مانای ئەوەیە پەیامی ماراسۆن پەیامی سەركەوتنی ئیرادەی مرۆڤایەتییە.
لە هەرێمی كوردستان ماوەی هەشت ساڵە ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر بە بەشداری نەتەوە و ئایین و رەنگە جیاوازەكان لە جیهاندا، ئەنجام دەدرێت، پەیامەكەشی ئەوەیە هەرێمی كوردستان وەك خاك ئامادەیە ببێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕەی كە چارەنووسی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە، وەك گەلیش، گەلی كوردستان ئامادەیە هاوشانی هەموو نەتەوە و ئایین و رەنگە جیاوازەكان بەشداریی ئەو شەڕانە بكات، كە چارەنووس و ئایندەی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە. هەربۆیە هەموو ساڵێك دروشمێك بۆ ئەم راكردنە بەرز دەكرێتەوە، هەروەك چۆن ئەمساڵ لە هەولێر لەژیر دروشمی «پارێزگاری و پاراستنی ژینگە» بەڕێوەچوو.
جیاوازی ماراسۆنی ئەمساڵی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەشداریكردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەم بەشداریكردنەش مەغزایەكی دیكەی بە راكردنەكە بەخشی، بەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەیە وەك سەرۆكی دەوڵەت بەشداری لە شەڕی پارێزگاری و پاراستنی ژینگە بكات، لەبەر ئەوەی ئێستا گۆڕانی كەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی كە ئایندەی هەموو مرۆڤایەتی خستۆتە مەترسییەوە و لەمەش زیاتر گۆڕانی كەش و هەوا بۆتە هۆكاری زیادبوونی كارەساتە سرووشتییەكان و شەڕ و نەهامەتییەكانی مرۆڤایەتی و هەموو جیهانیش لە ئاستی راگرتنی گۆڕانكاریی كەش و هەوا و پیسبوونی ژینگەی جیهان دەستەوەستان راوەستاون، دیارترین بەڵگەش بۆ ئەم دەستەوەستانییە كشانەوەی ئەمریكا بوو لە لوتكەی پاریس بۆ كەش و هەوا لە ساڵی 2017.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر ئەو دیوی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشداریكردنی لە ماراسۆنەكە بخوێنینەوە و ئەو پرسیارە بكەین: ئەگەر دیوێكی بەشداریكردنەكەی گەیاندنی پەیامی خۆی بێت بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، ئایا دیوی دیكەی پەیامەكەی بۆ خەڵكی كوردستان چۆن دەخوێندرێتەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ ئەو قەیران و رۆژە سەختانەی كە چەند ساڵێك پێش ئێستا رووبەڕوومان بوونەوە، كە لەژێر چەتری سەرۆك بارزانی و بە سەركردایەتیی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان تێمانپەڕاندن، لەوانە:

1. لە سەرەتای ساڵی 2014 و شەش مانگ پێش ئەوەی سەرۆكایەتیی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری كابینەی حەوتەم بوو، لە هەمانكاتدا سەرۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، لەم كاتەدا حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی بودجە و مووچەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بڕی، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان شكست بهێنێت و نێچیرڤان بارزانی نەتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام توانی لەناو ئەو ژینگە سیاسییە ناسەقامگیرەی ئەو كاتی كوردستان و تێكچوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، لە حوزەیرانی 2014 كابینەی هەشتەم بە سەركەوتوویی متمانەی پەرلەمانی كوردستانی پێ بدرێت.

2. هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تیرۆریستانی داعش موسڵیان گرت و خەلافەتی ئیسلامیان لە عێراق و شام راگەیاند، بەمەش مەترسیی زۆر ترسناك كەوتە سەر هەرێمی كوردستان، دوای دوو مانگیش ئەم مەترسییە بوو بە واقیع و تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و بەشێكی فراوانی كوردستانیان داگیركرد، ئەمەش یەكێك بوو لەو كارەساتانەی كە لە دوای ئەنفال و كیمابارانەوە بەسەر گەلی كوردستان نەهاتبوون. هاوكات نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی بەشەكانی دیكەی عێراق و رۆژئاوا روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.
3. ئاشكرایە لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێهێشت و چووە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە و سەركردایەتیی شەڕەكەی كرد، بەڵام بەڕێوەبردنی باردۆخی كوردستان لە حاڵەتی شەڕ و قەیرانی نەبوونی بودجە ئەركێكی هەمە لایەنی قورس بوو كە رووبەڕووی ئەو حكومەتە دەبوویەوە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد و دەبوو ئەم هەموو پێداویستییانە دابین بكات:
دابینكردنی پارە بۆ مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە.
دابینكردنی پێداویستیی سەرەكی و شوێنی حەوانەوە بۆ دوو ملیۆن ئاوارە كە لە ناكاو روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.
دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی بەرەكانی شەڕ وەك: (پێداویستیی خواردن، چەك و تەقەمەنی، دروستكردنی سەنگەری پێویست و.. هتد).
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان و رێگرتن لە تیرۆریستان كە دزە نەكەنە هەرێمی كوردستان و تەقینەوەی خۆكوژی ئەنجام نەدەن.
پاراستنی ئەو هاوپەیمانییە شلۆقەی كە كابینەی هەشتەمی لێ پێكهاتبوو، ئەمەش لە پێناوی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا.
هەوڵدان بۆ دابینكردنی قەرزی خۆماڵی و دەرەكی بۆ ئەوەی حكومەتەكە شكست نەهێنێت.
4. لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ساڵانی 2014- 2017 ئەو قەیران و شەڕە یەخەی گەلی كوردستانی گرتبوو، بەڵام لەم سێ ساڵەدا جیا لەوەی لە كۆتایی ساڵی 2016 سەرۆك مسعود بارزانی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بە سەر تیرۆریستانی داعشدا راگەیاند و تەواوی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان لە دەستی داعش ئازاد كرانەوە، لە هەمانكاتدا حكومەتیش تا راددەیەكی باش بە سەر قەیرانی داراییدا زاڵ بوو، بەوەش ئومێدێك دروست بوو، كە بەرنامەیەك دابنرێت بۆ ئەوەی چاو بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بخشێندرێتەوە و هەروەها وردە وردە پرۆژە راوەستاوەكان دەستیان پێ بكرێتەوە، لەمەش زیاتر ژینگەیەكی لەباری سیاسیی نێودەوڵەتی هاتبووە ئاراوە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوە و ریفراندۆم ئەنجام بدات، بەڵام ئەوە بوو لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دا، جیا لەوەی 51%ی خاكی كوردستان داگیركرایەوە، لە هەمانكاتدا هەرێمی كوردستانیش وەك قەوارەیەكی سیاسی و حكومەتەكەشی كەوتە دووڕیانی مان و نەمانەوە، باردۆخێكی شەڕ و نەهامەتیی ئەوتۆ بەسەر كوردستاندا هات، كە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا بێ وێنە بوو، كە دەكرێت بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێ بكەین:
پێش ئەوەی حكومەتی عێراق بە هاوكاریی گرووپێك لەناو لایەنێكی سیاسیی كوردستاندا هێرش بكاتەوە سەر كوردستان، پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێك سزای قورسی ئابووری و سیاسی بەسەر كوردستاندا سەپاند، هەروەها ئاسمانی كوردستانی بە رووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا داخست.
دەوڵەتانی دراوسێ سنوورەكانیان لێ داخستین و مامەڵەی بارزگانییان لەگەڵ كوردستان بە فەرمی راگرت.
حزبە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەتدا وەك (بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی) لە حكومەت كشانەوە و بانگەشەیان بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت دەكرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە بە فەرمی لە حكومەت نەكشابووەوە، بەڵام بە پراكتیكی بەشی زۆری سەركردایەتی و جەماوەرەكەیان دژایەتیی حكومەتیان دەكرد و ئەوانیش بانگەشەیان بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت و راگەیاندنی حكومەتی رزگاری نیشتمانی دەكرد.
50-60%ی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی كوردستان كەم بووەوە، ئەمەش هێندەی دیكە قەیرانە ئابووری و سیاسییەكەی ئاڵۆزتر كردبوو.
لەناو ئەم بارودۆخە سەخت و ئاڵۆز و بێ وێنەیەدا، بەرپرسیاریەتیی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە سەختە بە فەرمی خرایە سەر شانی نێچیرڤان بارزانی، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، سەرۆك مسعود بارزانی دەسەڵاتەكانی خۆی دابەش كرد بە سەر هەر سێ دامەزراوەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، دیارە دەسەڵاتە تەنفیزییەكانی سەرۆكی هەرێم هەمووی درایە نێچیرڤان بارزانی كە ئەو كات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بوو. بەڵام نێچیرڤان بارزانی تەنیا لە ماوەی كەمتر لە شەش مانگدا توانی زۆر بە لێهاتوویی و لۆژیكانە ئەو نەخشەڕێگەیە جێبەجێ بكات كە سەرۆك مسعود بارزانی سەرپەرشتی دەكرد، لێرەدا ئاماژە بە هەندێك لە هەوڵە دیارەكانی دەكەین:

نێچیرڤان بارزانی بۆ رێگرتن لە هەڵوەشانەوەی حكومەت و راگرتنی باڵانسی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، زۆر لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی كرد و نەیهێشت دەرهاویشتە خراپەكانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر درز و كەلێنی گەورە لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بكات.
زۆر لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو لایەنانە كرد كە داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتیان دەكرد، بۆیە بۆ پاراستنی شەرعییەتی پەرلەمان و حكومەت، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد، واتە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئایاری 2018، بەڵام حزبە سیاسییەكان ئامادەییان بۆ هەڵبژاردن نەبوو، بەنیاز بوون كە لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا پارتی كۆتایی بێت، بۆیە خرایە ئەیلوولی 2018، بەڵام وێڕای ئەوەش پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بە تەنیا 25 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا، كە هیچ حزبێك لە عێراقدا بە تەنیا ئەو ژمارە كورسییەی بەدەست نەهێنا، گێڕانەوەی ئەم متمانەیە لە ماوەی كەمتر لە شەش مانگی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر هەموو باڵانس و هاوكێشە سیاسییەكانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق گۆڕی.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، نێچیرڤان بارزانی دیپلۆماتییەتێكی چالاكی ئەوتۆی پیادە كرد، كە سەرنجی دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا و دەوڵەتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی راكێشا، ئەم دیپلۆماتییەتە بووە گوشارێك بۆ حكومەتی عێراق كە نەتوانێت زیاتر یاری بە دەستووری عێراق بكات و تەواوی دەستوورەكە پێشێل بكات، هەر بۆیە حكومەتی عێراق ناچار بوو بەشی زۆری گەمارۆكانی سەر كوردستان هەڵبگرێت و بڕێك پارەش بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەمەش توانی لە مارتی 2018 پاشەكەوتی مووچە بە رێژەیەكی زۆر كەم بكاتەوە و لە مارتی 2019 بە تەواوەتی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی كۆتایی پێ هێنا.
لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەقامگیریی بارودۆخی سیاسیی كوردستان گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە وەك نوێنەری سەرەكی و راستەقینەی گەلی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، هەر بۆیە لە پرۆسەی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت سەرۆك مسعود بارزانی وەك رابەری گەلی كوردستان خۆی سەرپەرشتی دانوستاندنەكانی كرد و بەمەش توانرا لەسەر بنەمایەكی دیكە پەیوەندییەكی تازە لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست ببێتەوە.

لە دوای هەڵبژاردنەكانی 30 ی ئەیلوولی 2018ش كە پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی بەدەست هێنا، بەمەش پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانەكانی بە ئاسانی زۆرینەی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد و، پارتی دەیتوانی بەمجۆرە و لە ماوەیەكی زۆر كورتدا كابینەی نۆیەم رابگەیەنێت، بەڵام ئامانجی سەرۆك مسعود بارزانی رێكخستنەوەی تەواوی پرۆسەی سیاسی و رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان بوو، بۆیە جارێكی دیكە بەرپرسیاریەتی جێبەجێكردنی ئەم نەخشەڕێگەیەی خستە سەر شانی نێچیرڤان بارزانی و كرایە سەرۆكی شاندی پارتی بۆ دووبارە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، ئەوجا پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، لەم ئەركەشدا نێچیرڤان بارزانی بە ئاستێك سەركەوتوو بوو، كە سەرۆك بارزانی پێشنیاری بۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، بەوەی بڕیار بدەن بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بێت بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
لە ئێستادا كە ماوەی كەمتر لە پێنج مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، خەڵكی كوردستان جیا لەوەی هەست دەكەن سەقامگیریی سیاسی و ژینگەی پێكەوە كاركردنی هێزە سیاسییەكان (بەو لایانەنانەی بەشدارن لە حكومەت و بەوانەشی ئۆپۆزسیۆنن لە پەرلەمان) بۆتە ژینگەیەكی لەباری ئەوتۆ كە تێكڕای خەڵكی كوردستان بە ئومێدەوە سەیری ئایندە و یەكریزیی زیاتر هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن، هەروەها ژینگەیەكی لەباری ئومێدبەخش بۆ هەموو لایەك دروست بووە، كە هەموو لایەنە سییاسیە كوردستانییەكان پێكەوە وەك قەوارەی كوردستانی بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لەناو ناوچە دابڕێنردراوەكانیشدا بكەن، هەروەها ئێستا ژینگەیەكی باشتریش هاتۆتە ئاراوە كە ئومێدی ئەوە هەیە، هەنگاو بۆ هاوپەیمانیی كۆی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبگیرێت، كە ئەمەش زەمینەیەكە بۆ دروستكردنەوەی متمانە لەنێوان كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا.

لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانیشدا، جیا لەوەی بە ئاشكرا هەست دەكرێت جۆرێك لە جووڵەی چالاك و هەنگاوهەڵگرتن بۆ دەوڵەتی قانوون (كە سەرۆك بارزانی بەهاری 1991 لە كۆیەوە بانگەشەی بۆكرد) هەیە، لە هەمانكاتدا باڵانس و هەماهەنگییەكی گەورە لەنێوان هەر سێ سەرۆكایەتی (هەرێم و پەرلەمان و حكومەت) دروست بووە، تەنانەت باڵانس و هەماهەنگییەكە لەو ئاستەدایە كە پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایانەی رەهەندی داراییان هەیە، دوای ئاگاداركردنەوەی حكومەت دەیخاتە بەرنامەی كارەوە، كە ئەم حاڵەتە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان حاڵەتێكی دەگمەنە و هیچ كات بە درێژایی خولەكانی رابردوو، ئەم جۆرە باڵانس و هەماهەنگییە لە نێوان پەرلەمان و حكومەت بوونی نەبووە.
كەواتە، ئەگەر لە كۆكردنەوەی كۆی رەهەندەكانی ئەم وتارە، بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی سەرەكیی ئەم وتارە (ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی لە ماراسۆنەكەدا بۆی هێناین)، دەگەینە ئەوەی بڵێین: نێچیرڤان بارزانی بە جیهانی راگەیاند گەلی كوردستان تەنیا لە شەڕە سەختەكانی مان و نەمان و تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان و هەنگاوهەڵگرتن بۆ حوكمڕانیی باش سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو دەستی كردووە بە شەڕی سەختی رێگرتن لە گۆڕینی كەش و هەواو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی و بڕیاری داوە بە تەواوەتی تەریقەتی شێخ عەبدولسەلام بارزانی جێبەجێ بكات و هەموو كوردستان وەك ناوچەی بارزان بكات بە باخچەیەكی سەوز و دارستانێكی دڵڕفێن، هەروەها بە جیهانی راگەیاند كە هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ وەبەرهێنان شوێنكی سەقامگیر و ئارام نییە، بەڵكو بۆ هەڵمژینی هەوای پاكیش ژینگەیەكی لەباری هەیە و دەتوانن وەك سەرچاوەی ئۆكسجینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرێمی كوردستاندا هەوای پاك هەڵمژن.
Top