ئێران لە بەرگەگرتنی گەمارۆكانەوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا

ئێران لە بەرگەگرتنی گەمارۆكانەوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا
دیپلۆماتكارێكی ئیدارەی ترەمپ دەڵێت: كاتێك ترەمپ داوای كرد لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیە لەگەڵ حەسەن رۆحانی كۆببێتەوە و لە ماوەی 24 كاتژمێردا هەموو كێشەكانی نێوان واشنتۆن یەكلا بكەنەوە، سەرۆكەكانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترسی ئەوەیان هەبوو، دەبێت چ رێككەوتنێكی كارەسات ئامێز دروست ببێت، كاتێك سەرۆكێكی هەڵەشە و نالۆژیكی وەك ترەمپ لەگەڵ سەرۆكێكی هێمن و بە لۆژیكی وەك حەسەن رۆحانی كۆدەبێتەوە.
ناوەڕۆكی ئەم تێچێنە لەسەر ئەگەری روودانی كۆبوونەوەكەی نێوان (ترەمپ و رۆحانی) ئاماژەیەكی روونە كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە چیدیكە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵ و كاریگەری نابێت و، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ئاراستەیەشدا، ئەمریكا پێش ئەوەی جڵەوگیری دوژمنەكانی بكات، زیانی گەورە بە هاوپەیمانەكانی دەگەیەنێت. هەروەك چۆن ئێستا شكستی سیاسەتەكانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران دەركەوتوون و لە پێش هەموویانە ئەو ئیسڕائیلەی كە ئەمریكا دەیویست لە رێگەی ئەو دەوڵەتەوە سەركردایەتیی سیستمی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، ئێستا هەر ئەو دەوڵەتە لە بەرامبەر نفووز و كاریگەریی ئێراندا بە جۆرێك دەستەوەستان بووە، كە رۆژ لە دوای رۆژ حزبوڵای لوبنانی گەنجێنەی رۆكێتەكانی پڕتر دەكات و زیاتر مەترسی و هەڕەشە لەسەر سنوورەكانی ئیسڕائیل دروست دەكات، ئەمە بێجگە لە هەردوو رێكخراوی حەماس و جیهادی ئیسلامی كە دەتوانن لەناو ماڵی ئیسڕائیلەوە هەڕەشەی جددی و مەترسیدار لەسەر ئاسایشی ناوخۆی ئیسڕائیل دروست بكەن.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە سەیری رووداواكانی دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی 5+1 بكەین كە بە پلانی هاوبەش و سەرتاپاگیر بۆ وتووێژ لە سەر پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ناسراوە، دەبینین ئەم هاتنە دەرەوە تاكلایەنەیەی لە 8ی ئایاری 2018، كە ئەمریكا بە گوشارێكی گەورەی ئابووری دەستی پێ كرد كە ناوی لێنا (ئەو پەڕی گوشار - maximum pressure)، ئەم گوشارانە گرێ درانەوە بەو 12 مەرجەی كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە 21ی ئایاری 2018 دژی ئێران رایگەیاند، مەرجەكانیش ئەمانە بوون:
1. ئاشكراكردنی تەواوی وردەكارییە سەربازییەكانی پێشتری پڕۆگرامی ئەتۆمی بۆ ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی.
2. راگرتنی هەموو چالاكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەمنەهێنانی پلۆتۆنیوم و داخستنی دامەزراوەی ئاوی قورس لە ئەراك.
3. رێگەدان بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانی وزەی ئەتۆمی بە گەیشتنی بێ مەرجیان بۆ هەموو بنكەكانی ئەتۆمی لەو وڵاتەدا.
4. كۆتاییهێنان بە بڵاوكردنەوەی رۆكێتی بالیستیك و ئەو رۆكێتانەی توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
5. ئازادكردنی هاووڵاتییە دەستبەسەرەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمان كە پێشتر لە ئێران گیراون.
6. كۆتاییهێنان بە پشتگیریی گرووپە تیرۆریستییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە حزبوڵا و حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییەوە.
7. رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بواردان بە چەكداماڵینی میلیشیا شیعەكان.
8. راگرتنی پشتگیری بۆ میلیشیا حوسییەكان لە یەمەن و كاركردن بۆ چارەسەری سیاسی لە یەمەن.
9. كشانەوەی هەموو هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا.
10. كۆتاییهێنان بە پشتگیریی تاڵیبان و تیرۆریستانی دیكە لە ئەفغانستان و ناوچەكە و نابێت شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكات.
11. كۆتاییهێنان بە پشتگیریی فەیلەقی قودس بۆ تیرۆریستان لە سەرانسەری جیهاندا.
12. راگرتنی هەڕەشە لە دژی دراوسێكانی، بە هەڕەشەی كاولكردنی ئیسڕائیلیشەوە، هەروەها ئەو رۆكیتانەی ئیمارات و سعودیە دەكاتە ئامانج، (بێجگە لەوەی دەریاوانیی نێودەوڵەتی) و هەروەها راگرتنی هێرشە سایبەرییە تێكدەرەكانیان.
دیارە نزیكەی 17 مانگە ئەمریكا ئەوپەڕی گوشاری خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێراندا ئاكامێكی هەبێت، بەڵام لە بەرامبەردا ئێران ستراتیژیەتی (ئەوپەڕی سەبر - maximum patience)ی گرتووەتەبەر، ئەوجا بێجگە لەوەی ئەمریكا نەیتوانیوە یەك مەرجیش لەو مەرجانە بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەوا لە هەموو بوارەكاندا ئێران باڵادەستتر بووە، هەر بۆ نموونە:
ئێران پابەندبوونەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمی كەم كردۆتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە سێ خاڵی یەكەمی مەرجەكانی ئەمریكا سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران شكستی هێناوە و نەك جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو ئێران فراوانتری كردوون.
سەبارەت بە رۆكێتە بالیستیكییەكانی، ئەمەش بێجگە لەوەی ئێران لە مانۆڕ و تاقیكردنەوەی مووشەكەكانی وازی نەهێناوە، بەڵكو ئەم رۆكێتانە ئێستا لای میلیشیا حوسییەكانی یەمەنیش هەن.
سەبارەت بە پشتگیریكردنی گرووپەكانی وەك حزبوڵا و حەماس و جیهادی ئیسلامی، ئێستا چالاكییان لە پێش مەرجەكان زیاترە و پڕچەكتریشن.
دەربارەی چەك داماڵینی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەمە نەك چەك نەكران، بەڵكو ئێستا بەشێكی سەرەكین لە سوپای عێراق.
ئەمریكا یەكێك لە مەرجەكانی كشانەوەی هەموو هێزەكانی ئێران بووە لە سووریا، بەڵام ئێستاش هێزەكان لە جێگەی خۆیانن و ژمارەیان زیاتر بووە، كەمتر نەبووە. ئەوەی كشاوەتەوە هێزەكانی ئەمریكا بووە.
لەسەر پرسی تاڵیبان، ئاشكرایە ئەمریكا خۆی دانوستاندن لەگەڵ تاڵیبان دەكات، ئەوجا چۆن دەتوانێت مەرجی وا لەسەر دەوڵەتی دیكە دابنێت.
باس لەوە دەكات كە نابێت ئەو رۆكێتانە بمێنێت كە دەگەنە سعودیە، بەڵام لە ئەیلوولی رابردوو بە فڕۆكەی بێ فرۆكەوان گەورەترین دامەزراوەی پەتڕۆڵی سعودیە (ئارامكۆ) بۆمباران كرا.
هەتا ئێستا لە دەوربەری تەنگەی هورمز شەش كەشتی بارهەڵگری نەوت هێرش كراوەتە سەری، نەتوانراوە وەڵام بدرێتەوە.
بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی ئێران لە كەنداو، ئەمریكا هێزی دەریایی ناردە كەنداو و هەر لەگەڵ فڕینی یەكەم فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا، لەلایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە و ئەمریكا نەیتوانی وەڵام بداتەوە.
ئەگەر لە نێو دێڕەكانی ئەم بەراوردەی نێوان مەرجەكانی ئەمریكا و وەڵامدانەوەی ئێران هەڵوەستەیەك بكەین، دەبینین، ئێران نەك هەر بەرگەی گوشارە ئابوورییەكانی گرتووە و ملكەچی ئەمریكا نەبووە، بەڵكو ئێستا لە قۆناخی بەرگرییەوە چۆتە قۆناخی هێرشكردن و دەیەوێت بە جۆرێك شكست بە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت، كە لە هەڵبژاردنەكانی 2020 باجەكەی بە قورسی بداتەوە.
Top