سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیانگەیاندن بە هاوپەیمانەكانی و چۆكدادان لە بەردەم دوژمنەكانیدا

سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  زیانگەیاندن بە هاوپەیمانەكانی و چۆكدادان لە بەردەم دوژمنەكانیدا
«لە تەمموزی 2019 جیسۆن گرینبڵات نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ وتووێژەكانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین، ئامادەی كۆبوونەوەیەكی وەرزیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم كۆبوونەوەیەدا، گرینبڵات باسی دواگۆڕانكارییەكانی بیركردنەوەی ئیدارەی ترەمپی كرد، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل و لە قسەكانیدا زۆر بە جددی ئاماژەی بەوە كرد، چیدیكە ئەمریكا رێز لەو (خەیاڵە) ناگرێت كە پێی دەگوترێت (كۆدەنگیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتیی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل)، بەم قسەیەشی هەموو ئامادەبووانی حەپەساند، لەمەش زیاتر زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر بڕیاری 242ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەم بڕیارە لە 22ی 11ی 1967 دوای شەڕی شەش رۆژەی هەمان ساڵ لە نێوان عەرەب و ئیسڕائیل دەرچووە)، لەكاتێكدا ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە هەموو وتووێژەكانی نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر ئەم بڕیارە بەڕێوە دەچێت، بەڵام گرینبڵات لەناو ئەنجومەنی ئاسایش ئەم بڕیارەی بەو شێوەیە ناوبرد كە بە شێوەیەكی زۆر تەمومژاوی و لاستیكی داڕێژدراوە و ئەمەش زیانێكی گەورەی هەبووە و نەیهێشتووە چانسێكی باش بۆ دامەزراندنی ئاشتییەكی راستەقینە بێتەئاراوە. بێگومان ئەم وتارە توندەی گری گرینبڵات لە بەر رۆشنایی بۆچوونەكانی جارید كۆشنەر (زاوای ترەمپ) ئاراستە كرابوو، بۆیە هەوڵیدا ئاراستەی قسەكانی بگۆڕێت بۆ (دەستپێكردنی ئاراستەیەكی نوێ بۆ وتووێژێكی واقیعییانەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین)، لەسەر ئەم ئاراستە نوێیەش جەختی لەوە كردەوە، لە ئێستاوە واشنتۆن هیچ ئیعتوبارێك بۆ بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و كۆدەنگیی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم پرسە ناكات و چیدیكە پشتگیری چارەسەری (دوو دەوڵەت) ناكات، بەو حیسابەی ئیسڕائیل و فەلەستین دوو دەوڵەتی دراوسێ بن و بە ئارامی و ئاسایش پێكەوە بژین.
ئەم قسانەی گرینبڵات ئاماژەن بۆ كۆتاییهاتن بەو سیستمەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكرد. لەبەریەك هەڵوەشانی ئەم سیستمە، سیاسەتی ئیدارەی ترەمپی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ ئاكام و مایەپووچ كردووە، زیانێكی گەورەی بە هەموو هاوپەیمانەكانی گەیاندووە و لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێرانیشدا نەك دەستەوەستان بووە، بەڵكو ئێران هێرش دەكات و ئەمریكا ناتوانێت وەڵام بداتەوە، دیارە هەوڵەكانی گرینبڵات شكستی هێنا و لە 5ی 9ی 2019 دەستی لە كار كێشایەوە، هەر بۆیە ئێستا ئەمریكا لە بەردەم دووڕیانێكدایە، یان ئەوەتا دەبێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمە و سەرلەنوێ دایبڕێژێتەوە و رۆڵی سەركردایەتیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێرێت، یان ئەوەیە دەبێت لەسەر سیاسەتە كاڵفامەكانی ترەمپ بەردەوام بێت، بەردەوامبوونیش لەسەر ئەم ئاراستەیە وەك ئەوەیە كارەسات لە بیاباندا روو بدات و بە تەنیا بمێنیتەوە و هەر بەدوای سەرابدا رابكەیت.»
***
مارتن ئەندیك یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی نزیك
***
لە دوایین وتاریدا بە ناونیشانی (كارەسات لە بیاباندا)


ئەمریكا ناتوانێت بە پشتیوانیی ئیسڕائیل سەركردایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات
لە یەكەم ساڵی دەست بە كاربوونیدا وەك سەرۆكی ئەمریكا، سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو ئاراستەیە بوو كە لە رێگەی محەمەد سەلمانی شازادەوە، سعودیە بكاتە رێبەری سیاسەتی عەرەبی لە ناوچەكە و ئیسڕائیلیش بكاتە باشترین پشتیوان لە ناوچەكە، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئیسڕائیلەوە سەركردایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، بۆ ئەم مەبەستەش وەك یەكەم سەردانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ دەرەوە، بڕیاری دا لە ئایاری 2017 یەكەم سەردانی بۆ سعودیە و ئیسڕائیل دەست پێ بكات.
لە سەردانەكەیدا بۆ سعودیە كە جارید كۆشنەری راوێژكار و زاواشی لەگەڵیدا بوو، زۆر بە باشی لە جموجۆڵ و تەماعەكانی محەمەد سەلمانی شازادە تێگەیشتن، ئاشكراشە شازادە محەمەد سەلمان كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان پێی دەڵێن (MBS)، ئەو لاوە دەسەڵاتخوازەیە كە هەر لە سەرەتاوە هەر دوو دامەزراوەی سوپا و پۆلیس و ئاسایشی خستۆتە ژێر ركێفی خۆی و هەوڵیداوە كە لە سەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ ریفۆرمی زۆر گەورە ئەنجام بدات و، لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش هەوڵیداوە سەركردایەتیی سیاسەتی عەرەبی بكات و هەر بۆ ئەم مەبەستەش دەستێوەردانی لە شەڕی یەمەن لە دژی حوسییەكان كرد. ئەم رەوشە زەمینەی ئەوەی بۆ كۆشنەر رەخساند، كە زیاتر لە محەمەد سەلمان نزیك ببێتەوە و، جیا لە باسكردنی گرێبەستەكانی چەك و گرێبەستە بارزگانییەكانی دیكە، باسی دیدوبۆچوونی سیاسەتی ترەمپیشی بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ بكات، هەر لەوێ پێی راگەیاندبوو كە سەرۆك ترەمپ بەنیازە ددان بەوەدا بنێت كە ( قودس پایتەختی ئیسڕائیلە) لەسەر ئەم پرسە وەك مارتن ئەندیك یاریدەری پێشووی وەزیری دەرەو و باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە ئیسڕائیل باسی دەكات:»محەمەد سەلمان بە جارید كۆشنەری راگەیاندووە، ئەگەر ترەمپ ئەو بڕیارە بدات، ئەوا سعودیە چاوی لێ دەپۆشێت، هەروەها مەحموود عەباسی سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستنیش بانگهێشتی سعودیە دەكات لە بەرامبەر 10 ملیار دۆلاری هاوكاری سعودیە بۆ فەلەستین كە بە مەرجەكانی ترەمپ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل دەست پێ بكاتەوە.»
دیارە لە خەیاڵدانی پلانەكەی كۆشنەردا بۆ ئاراستەكردنی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو جۆرە بووە، ئەگەر لە رێگەی شازادە محەمەد سەلمانەوە پشتیوانیی سعودیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و بڕیارەكەی ترەمپ بۆ بوونی (قودس بە پایتەختی ئیسڕائیل) دەستەبەر بكات، ئەوا رازیكردنی شا عەبدوڵای ئوردن و عەبدولفتاح سیسی سەرۆكی میسر هێندە گران نابێت، لەسەر بنەمای ئەم بۆچوون و بیركردنەوەیە و دوای ئەوەی بەڵێنی تەواوی لە محەمەد سەلمان وەرگرت، ترەمپ لە 6ی كانوونی یەكەمی 2017، ددانپێدانان و بڕیاری بوونی (قودس بە پایتەختی ئیسڕائیل)ی راگەیاند و، ئەم بڕیارەی ترەمپیش جیا لەوەی لەبەریەك هەڵوەشانی تەواوی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و كۆدەنگیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و فەلەستین و ئیسڕائیل بوو، لە هەمانكاتدا لەبەریەك هەڵوەشانەوەی ئەو سیستمەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوو كە زیاتر لە 50 ساڵ بوو، ئەمریكا سەركردایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ دەكرد.
دیارە دۆناڵد ترەمپ بۆ جێبەجێكردنی بیركردنەوە تازەكەی بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتی بە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بەستبوو، لە ماوەی 3 ساڵی رابردووی ئیدارەی ترەمپدا چەندین بڕیار لەسەر ئاستی ناوچەكە لەسەر خواستی نەتانیاهۆ لەلایەن ترەمپەوە دەكراون:
1. دوای ئەوەی نەتانیاهۆ بەڵگەكانی لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران خستەڕوو، پاش ماوەیەك ترەمپ هاتنەدەرەوەی ئەمریكای لە رێككەوتنی (5+1) ناسراو بە (پلانی هاوبەش و سەرتاپاگیر بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمی) راگەیاند، ترەمپ بە جۆرێك لەم رێككەوتنە هاتە دەرەوە كە هیچ حیسابێكی بۆ ئەوە نەكرد، ئەم رێككەوتنە ئیمزای پێنج دەوڵەتی دیكەی بەسەرەوەیە كە چواریان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن.
2. هەر لەسەر پێشنیاری نەتانیاهۆ، ترەمپ هەوڵیدا كە هاوپەیمانییەك لە نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتانی كەنداو و میسر و ئوردن وەك هاوپەیمانی بۆ جڵەوگیركردنی ئێران دروست بكات، هەروەها ترەمپ هەوڵیدا كۆنفڕانسێك لە پۆلەندا لەسەر ئەم پرسە گرێ بدرێت و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل لە بەرچاوی كامێراكان پێكەوە دەربكەون و هاوپەیمانییەكە ئاشكرا بكرێت، بەڵام نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی ئامادە نەبوون لەبەر كامێرا دەربكەون، ئەمە لەگەڵ ئەوەی دواتر نەتانیاهۆ ڤیدیۆی ئەم كۆنفڕانسەی دزە پێكردە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
3. لەسەر پێشنیاری نەتانیاهۆ، هەوڵدرا كە ناتۆی عەرەبی دابمەزرێت لە نێوان شەش دەوڵەتەكەی كەنداو و میسر و ئوردن، ئیسڕائیلیش بە نهێنی ئەندامە بێدەنگەكەی ناتۆی عەرەبی بێت، بەڵام ئەمەش هەر لە سەرەتاوە شكستی پێهات و سەری نەگرت.
4. لەسەر دوای نەتانیاهۆ، ترەمپ بڕیاری دا كە نابێت یەك یەكەی هێزەكانی ئێران و یەك فەرماندەی سەربازی ئێرانی لە سەر خاكی سووریا بمێنێت، بەڵام ترەمپ نەك هەر لەمەدا سەركەوتوو نەبوو، بەڵكو بڕیاری دا تەواوی هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە، بۆیە نەتانیاهۆ ناچار بوو چەند جارێك سەردانی مۆسكۆ بكات، بۆ ئەوەی قەناعەت بە فلادمیر پۆتین بكات، كە ئەو گوشار بخاتە سەر بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی هێزەكانی ئێران لە سەر خاكی سووریا نەمێنن، بەڵام پۆتین ئەمەی رەتكردەوە و تەنیا لەسەر ئەوە رازی بوو كە فڕۆكەكانی ئیسڕائیل گورز لە بنكەكانی ئێران لە ناو سووریا بوەشێنن.
بێگومان وەك بەشی هەرە زۆری دیپلۆماتكار و ناوەندەكانی توێژینەوە ئاماژەی پێ دەكەن، ئەم بڕیارانەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داویەتی، جیا لەوەی پێگەو نفووز و كاریگەریی ئەمریكا لەسەر ئاستی ناوچەكە و تا راددەیەك جیهانیش هێناوەتە خوارەوە، لە هەمانكاتدا نەتانیاهۆش لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئیسڕائیل رێژەی جەماوەری هاتۆتە خوارەوە و پێش هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی ئیسڕائیلیش، نەتانیاهۆ هەستی كردبوو كە لە هەڵبژاردنەكاندا دەدۆڕێت، بۆیە داوای لە ترەمپ كرد كە ددان بە بەرزاییەكانی (جۆلان)دا بنێت وەك خاكی ئیسڕائیل، بەڵام وێڕای ئەوەی ترەمپ لە ئایاری 2019 ئەمەشی كرد، بەڵام دیسان حزبەكەی نەتانیاهۆ زۆرینەی بەدەست نەهێنا كە بتوانێت بە تەنیا حكومەت دروست بكات.
Top