دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كۆدی سەركەوتنی داعش پێشكەشی هاوپەیمانان دەكات
September 27, 2017
راپۆرتەکان
ئامانجی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو دروشمەی كە خۆی بەرزی كردۆتەوە بە ناوی (هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوە)، ئەوەیە لە هەر شوێنێك پێكهاتەی مەزهەبی شیعە هەبێت، دەوڵەتی مەدەنی بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی ئایینی، ئاكامی ئەم هەوڵانەی ئێران ئێستا بەرەیەكی ئایینی لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعە لە سەنعاوە بۆ باشووری لوبنان دروست كردووەو لە رێگەی وەكیلەكانیەوە دەستتێوەردان لە تەواوی وڵاتانی ناوچەكە دەكات.
لەم بازنەیەدا كە ئێران رۆڵێكی كاریگەر لەسەر زەوی لەشەڕی دژی داعش لە سووریا و بەشە عەرەبییەكەی عێراق دەگێڕێت، شەڕی داعش بۆتە شەڕی ئایینیی نێوان شیعە و سوننە، لەمەش زیاتر ئەگەر ئەم شەڕە بەو لایەدا كۆتایی بێت كە لایەنی شیعە بە پشتگیری ئێران بوونیان هەیە، ئەمە مانای ئەوەیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەك ئەوە وایە هیچی نەكردبێت و ئاكامی ئەم شەڕەی پێشكەشی ئێران و وەكیلەكانی لەناوچەكەدا كردبێت.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەتا ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێرانی وەك ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە وەرنەگرتووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئێران هەموو هەوڵی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بۆ ئەوە بووە كە ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ ئەوەی شەرعییەتێك بۆ خۆی وەك لایەنی براوەی شەڕەكە مسۆگەر بكات و پارێزگاری بەو دەوڵەتە ئایینانەوە بكات كە دروستی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە لە سووریا و بەشە عەرەبییەكەی عێراق بەدیلی هێزی زەمینی بۆ ئێران دروست بكات، ئەوا ئیدارەی سەرۆك ئۆباما بەناچاری لەو دوو ناوچەیە پشتی بە هێزە زەمینییەكانی ئێران بەستبوو، هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانیش وەك چەترێكی ئاسمانی لەم شەڕەدا بەرگری لێكردوون، بۆیە ئێستا لەسەردەمی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ، هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن ئاراستەی شەڕی دژی داعش بەو جۆرە بگۆڕن كە سەرەنجام ئێران و وەكیلەكانی نەبنە براوەی شەڕەكە، بەڵكو تێكشكاندنی داعش ببێتە سەركەوتن بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەر ئەوانیش لە دوای تێكشكاندنی داعش وەك براوەی شەڕەكە، قۆناخی پۆست داعش لەناوچەكە دووبارە دابڕێژنەوە.
لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەی شەڕی دژی داعشدا، تەنیا شوێنێك كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی خاوەنی هاوپەیمانێكی پشت پێ بەستراوی ئەوتۆ بێت كە هێزێكی كاریگەری لەسەر زەوی هەبێت، تەنیا هەرێمی كوردستانە، هەر ئەم هێزەشە كە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و رێگە نادات ئاراستەی شەڕی دژی داعش لە شەڕی نێوان جیهانی ئازاد و تیرۆریستاندا، بگۆرێت بۆ شەڕێكی دیكەی ئایینی یاخود شەڕی نێوان شیعە و سوننە.
كێشەی سەرەكیی ئەمریكا لە شەڕی دژی داعش ئەوەیە كە بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هیچ هێزێكی پشت پێ بەستراوی لەسەر زەوی نییە، تەنانەت ئەو هێزانەشی وەك حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەبەرەی شەڕی دژی داعش لە عێراق و ئەو هێزانەشی لە سووریا لە ژێر ناوی هێزی سووریای ئازاد پشتگیرییان دەكات، وەك چاودێران و توێژەران جەختی لەسەر دەكەنەوە، سەرەنجام هەر هەموویان خۆیان لەبەرەی ئێراندا دەبێننەوە بە هێزەكانی (یەپەگە)شەوە كە ئێستا وەك بڕبڕەی پشتی هێزی سووریای ئازاد لەقەڵەم دەدرێن، ئەو بەشەشی كە لە هێزی سووریای ئازاد دەمێنێتەوە كە بریتین لە هۆزە عەرەبەكانی سووریا و بەنیازن دوای ئەوەی رەققە ئازاد دەكرێتەوە، رادەستی ئەوانی بكاتەوە، ئەوانەش راستە زیاتر بەرەی فەتحی شامی ئێستا و نوسرەی پێشان نزیكترن، بەڵام ئەوانیش خۆیان بە شوێنكەوتووی ئەلقاعیدە دەزانن و لە باشترین حاڵەتدا دەكەونە چوارچێوەی ئەو هێزانەی لەلایەن توركیاوە پشتگیرییان لێدەكرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هێزی هاوپەیمانان پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە و كوردستان دەكەن، لە بەر ئەوەیە لەم جوگرافیایەدا دەوڵەتێكی ئەمری واقیع دەبینن كە بەرەو دەڵەوتێكی مەدەنی و خاوەن سەروەریی لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون هەنگاو هەڵدەگرێت، بەپێچەوانەی ئەوەی كە جگە لە كوردستان لەهەموو ئەو جوگرافیایەی شەڕی دژی داعشی تێدا دەكرێت و هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هاوكارییان دەكەن، ئەوا ئاكامی شەڕەكە بۆ هاوپەیمانان بەو جۆرەیە كە یان دەبێتە دەستكەوت بۆ ئێران، یان دەبێتە دەستكەوت بۆ ئەو هێزانەی ئێستا خۆیان بە پاشكۆی تیرۆریستان و ئەلقاعیدە دەزانن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری بایەخ و گرنگیی پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان بكەین، لەكۆی ئەو پرۆسەیە خواستێك بەدی دەكرێت كە نایەوێت ببێتە بەشێك لەو ستراتیژەی كە بە دژی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بشكێتەوە، بەڵام بەداخەوە وەك لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان لەبەرامبەر ئەم خواستە پاكەی نەتەوەیەك كە بە فیعلی دەیەوێت تیرۆریستان تیكبشكێت و پاشان دەوڵەتێك دابمەزرێت كە ببێتە ژینگەیەكی تەندروست بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دروست بكات، هەڵوێستێكی زۆر هەڵەیان وەرگرت و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو كە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان دروست بكەن، ئەمانە هەمووی لە كاتێكدا بوون كە گەلی كوردستان پێش 25ی ئەیلوول و لەمیانەی جۆش و خرۆشی هەڵمەتەكەدا ئاكامی ریفراندۆمەكەی راگەیاندبوو.
لەئێستاوە كە دوای 25ی ئەیلوولی 2017 یەو لەگەڵ ئەو هەڵوێستە نادروستانەش كە بەرامبەر پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان گیرانەبەر، بەڵام هەڵوێستی كوردستان و سەركردایەتییە سیاسییەكەی لە بەرامبەر شەڕی دژی داعش هەر هەمان هەڵوێستی پێش 25ی ئەیلوولە، بۆیە هاوكات كە پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر ئاكامی ریفراندۆم دەستی پێكردووە، هەقە وتووێژێكی راستگۆیانەو راشكاوانەش لەگەڵ هەموو دۆستەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەست پێ بكەین و زەمینیەك بۆ ئەوە خۆش بكەین كە لە كۆی سەركەوتنی شەڕی دژی داعشدا، كۆی رەهەندەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و ئەو پرسیارەیان لێ بكەین، ئەگەر رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەن، ئایا ئاكامی ئەم شەڕە بە كۆێ دەگات؟ گریمان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانی لە رووی سەربازییەوە تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، بەڵام ئایا بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان چ لایەنێك دەبێتە براوەی شەڕەكە و كێ دەستكەوتەكانی دەچنێتەوە؟ بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و وەك شارەزایان و كوردستانناسەكانی رۆژئاوا جەختی لەسەر دەكەنەوە، كوردستان تەنیا هاوپەیمانی پشت پێ بەستراو و باوەڕپێكراوی رۆژئاواو جیهانی ئازادە، ئەگەر پشتگیری ئەم هاوپەیمانە نەكرێت، خۆری ئەمریكا و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوا دەبێت و ئەگەر لە رووی سەربازییەوە لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیش سەركەوتوو بین، ئەوا ئەم ناوچەیە دەبێتە ژینگەیەكی لەبارتر بۆ گەشەكردنی فیكری رادیكاڵی ئیسلامی لە ناو هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە، چەندین رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش لەژێر ناوی جۆراوجۆری دیكەدا دروست دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە لە سەرجەم مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد دووربخرێتەوە، بێجگە لە پشتگیرییەكی راشكاوانەو راستگۆیانە بۆ دەوڵەتی كوردستان ریگەیەكی دیكە بوونی نییە.