هەڵبژاردنەكانی توركیا و دۆسێی كورد.. ئایا ئەم هەڵبژاردنە توركیا دەباتە یەكێتی ئەوروپا

هەڵبژاردنەكانی توركیا و دۆسێی كورد.. ئایا ئەم هەڵبژاردنە توركیا دەباتە یەكێتی ئەوروپا
سیاسەتی كرانەوەی توركیا رووەو كوردەكان بەچەند ئاستەنگ و بەربەستێكدا لەو وڵاتە تێپەڕبووە، كە وایكردووە ئەم كرانەوەیە جێگیر نەبێ و بەردەوام نەبێت، ئەمڕۆ ئەو وڵاتە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە، چاودێرانی سیاسی بەگرنگییەوە دەڕواننە ئەم هەڵبژاردنە كە هاوكاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە گۆڕانكارییەی كە جیهانی عەرەبی و ژمارەیەك لە وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، لەنێوخۆی توركیاشدا ململانێیەكی تووند لەنێوان پارتەكان و كاندیدەكان كەوتۆتەوە بەتایبەتی ئەو ململانێیانەی كەوتوونەتە نێوان پارتەكانی فەرمانڕەواو ئۆپۆزسیۆنەوە. مەسەلەی كوردو دەنگدانی كوردەكان لەناو ئەم هاوكێشە سیاسییەدا جێی وتووێژو مشتومڕێكی زۆرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرجەم چاودێران لەسەر ئەو بۆچوونە كۆكن كە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی توركیا دەبنە هۆی یەكلاكردنەوەی زۆر لەو دۆسێ گرنگانەی كە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا باس دەكرێت، لەوانە: (چارەنووسی دیموكراسی و ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپاو دەستووری نوێ و دۆسێی كورد) لەتوركیادا.

لەدوای هەڵبژاردنەكان چ گۆڕانكارییەك روودەدات؟
حكومەتی توركیا لەژێر ناونیشانی كرانەوەی دیموكراتی كۆمەڵێ سیاسەتی كرانەوەی ڕووەو كورد دەستپێكرد، گەرچی چاودێران پێیانوایە ئەم كرانەوەیە بە هەنگاوی زۆر جێگیر و رادیكاڵ و بەردەوام دانانرێت، بۆ زانینی بارودۆخەكەو شرۆڤەكردنی ئەم بابەتە پێویستە سەرەتا ئەو پرسیارە بكەین، لەدوای هەڵبژاردنەكان چ گۆڕانكارییەك روودەدات؟ لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا پرۆفیسۆر عومەر چاها وتی: پێموایە لەڕووی باری پارتی دەسەڵاتدار و پارتی ئۆپۆزسیۆنەوە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ نابێت لە دوای هەڵبژاردنەكان هەروەكو دیارە كە لەرێگەی ئەنجامەكانی لێپرسینەوەی كۆمپانیاكانی بەدواداچوون لەسەرتاسەری توركیا بۆمان دەردەكەوێ، كەوا دووبارە ئاك پارتی لە دەسەڵات دەمێنێتەوە بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان و CHPش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر دەنگ بەدەست دێنێ، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی هیچ گۆڕانكارییەك لە باری CHP، هەر بۆیە ئەم بارەی ئێستای دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەروەك خۆی دەمێنێتەوە، لەوانەیە پارتی BDP ژمارەی ئەندامەكانی لە پەرلەمان زیاتر بكات و دەنگی زیاتر لە ناوچەكە بەدەست بێنێ. لێرەدا پێویستە بزانین لەدوای هەڵبژاردنەكان چی روودەدا؟ پرۆفیسۆر عومەر لەوەڵامی ئەم پرسیارەشماندا وتی: پێشەكی پێموایە ئەم هەڵبژاردنە كۆمەڵێ شت تاقی دەكاتەوە، لەوانە بریتییە لە رێوشوێنەكانی AKP كە هەر لە سەرەتای دەسەڵاتدارێتیەوە پەیڕەویان دەكات لە بواری سیاسەتی ناوخۆ و دەرەكی و لە بواری ئابووری و لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە ئایا خەڵكی ئەم ئیجرائاتانە پەسەند دەكەن یان نا؟ ئەمە یەكێكە لە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و لێرەدا ئەگەر دیسان AKP بە رێژەیەكی زیاتر لە %45ی دەنگەكان بەدەست بێنێ، ئەوا ئەوەی بۆ دووپات دەبێتەوە كە گەلی توركیا رێوشوێنەكانی AKP یان لا پەسەندە و پاڵپشتی دەكەن. دووەم بابەتێكی زۆر نزیك و گەرمی ئەجێندای توركی بریتییە لە بابەتی ئەرگەنەكۆن، بەهۆی ئەم بابەتەوە دەتوانین بڵێین خەڵكی بوونەتە دوو بەش، بەشێكیان دەڵێن بەڵێ ئەرگەنەكۆن هەیە و بەشەكەی تر دەڵێن نییە. لەم رووەوەش حكومەت تا ئێستا تەعویزێكی ئەوتۆی نەداوە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیشەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە ئەگەر AKP بە جیاوازییەكی زۆری دەنگەوە لە دەسەڵات مایەوە، ئەوا مانای وایە كۆمەڵگە بە گەرمی سەیری ئەمە دەكات. خاڵێ سێهەمیش بریتییە لە مەسەلەی كورد، هەروەكو ئاگادارن كەوا حكومەت لەژێر ناونیشانی كرانەوەی دیموكراتی توركیا كۆمەڵێ سیاسەتی كرانەوەی ڕووەو كورد دەستپێكرد و ئەم كرانەوەیە بە داخەوە بە هەنگاوی زۆر جێگیر و رادیكاڵ بەردەوام نەبوو، بەڵام چەند هەنگاوێكی هەڵگرت كە بە لایەنی كەمەوە ئەوەی خستە پێشەوە كە كێشەی كورد پێویستە بە رێگەچارەیەكی دیموكراتیانە چارەسەر بكرێ و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی هەندێ پێشبینی (تصور) لەنێو هەندێ چینی كۆمەڵگە و هەر بۆیەش پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی وەك CHP و MHP بەزۆری سیاسەتەكانیان لەسەر ئەمەوە دروست كرد و ئەوەیان راگەیاند كەوا AKP لەرێگەی ئەم كرانەوەیەی رووەو كوردەكان وڵات دەكات بە دوو بەشەوە، ئەمەش هەم دیسان لەرێگەی هەڵبژاردنەكانەوە بۆمان دەردەكەوێ كەوا خەڵكی چۆن پێشوازی لەم كرانەوەی AKP دەكەن واتە ئەگەر پاڵپشتیەكی زۆر بۆ AKP هەبوو لە هەڵبژاردنەكان، ئەوا دەتوانین بڵێین خەڵكی پاڵپشتی ئەم كرانەوەیەی AKPش دەكات. هەربۆیە لەدوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ حكومەتێك بەردەوام دەبین كەوا پاڵپشتی خەڵكی بەدەست هێناوە لەگشت ئەم بوارانەی كە باسمانكرد، خەڵكی توركیا سەبارەت بەم سێ خاڵە بەشێوەیەكی زیاتر بووێرانە پاڵپشتی حكومەت دەكات. پڕۆژەی چوارەمی AKPش كە لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردن پێشكەشی دەكات، بریتییە لە دەستوورێكی نوێ، ئەم دەستوورە نوێیە مانای ئەوە دەگەینێ كەوا چ لە رووی دیموكراتی و چ لە رووی دەستوور و سیاسەتەكانی ترەوە، ئەوا AKP لەمڕۆ بەدواوە هەنگاوی بوێرتر هەڵدەگرێت. لەڕووی هەڵبژاردنەوە ئەمانە روو دەدات و ئەگەر بێتو لەم رووەوە سەیرێكی هەڵبژاردنەكان بكەین، كەوا چی دەگۆڕێت، هەڵبژاردنەكان دەبنە هۆی هەنگاونانی زیاتری توركیا بەرەو دیموكراسی بە هەنگاوی زیاتر بووێرانە و گەورەتر ئەگەر AKP بتوانێ بە جیاوازییەكی زۆری دەنگەكانەوە لەم هەڵبژاردنە سەركەوتن بەدەست بێنێ.

توركیا پێویستی بەدەستوورێكی نوێیە كە لەلایەن پەرلەمانێكی نوێ دانرێت
لەبەرامبەردا گەرچی كەسانێك هەیە ئەم هەڵبژاردنەیان پێ گرنگە بەتایبەتی بۆ یەكلاكردنەوەی زۆر بابەتی بەجێماوی دیموكراتیەت لەو وڵاتەدا، بەڵام پێیانوانییە هەڵبژاردنەكان هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی چاوەڕوانكراوی لێبكەوێتەوە، هەروەكو بڵند كێنێش پسپۆر و شارەزا لەبواری توركیا لەمبارەیەوە وتی:((منیش ئەم هەڵبژاردنانەم زۆر پێ گرنگە لەرووی دیموكراسی توركیا و ماوەی بە دیموكرات بوونی توركیا بە شێوەیەكی پراكتیكی پەیڕەو دەكرێ، هاوكات دەبێتە هۆی دەسپێكردنی ماوەیەك كە لەمەوبەر بە ناتەواوی جێمابوو، پێموایە ئەم ماوە جێهێڵراوە ناتەواوە دەگۆڕێ بۆ چەندین هەلی نایاب، بەڵام لەراستیدا چاوەڕوانی هیچ سوپرایزێك نیم لە هەڵبژاردنەكان و هەروەكو ئاگادارن بەشێوەیەكی تەقریبی لەرێگەی ئامارەكان و تێڕوانینەكانی ناو كۆمەڵگە پێموایە لەم هەڵبژاردنانە هیچ ئەنجامێكی چاوەڕوان نەكراو دەرناكەوێ و دیسان بە سیستەمی حكومەتی یەك پارتی بەئەنجام دەكات. هەرچەندە هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگە، بەڵام پێموایە هیچ ئەنجامێكی سەرسامكەر و چاوەڕواننەكراوی لێ ناكەوێتەوە)).
لەمبارەیەوە زیاتریش وتی: هەروەكو ئاگادارن توركیا لەم 4 ساڵەی دواییدا لە بواری دیموكراسیەوە لە كێبركێیەكی زۆر سەخت تێپەڕی. ئەم كێبركێیەی دیموكراسی بۆ گۆڕینی سیستەمی دامەزراو و ئۆلیگارشی ئەو سیستەمەی كەوا لەسەر داواكاری دەستەیەكی بەڕێوەبەر و ئۆلیگارشی پێكهاتبوو كە بە سیستەمی میلیتاری و چینێكی تایبەت ناسراوە و بۆ گۆڕینیان بۆ سیستەمی زیاتر سڤیل و زیاتر دیموكرات و زیاتر سەربەخۆ، سیستەمێكی وا كە زیاتر گرنگی بە ماف و سەربەخۆییەكانی تاك بدات ئەم كێبركێی گۆڕانكارییە هێشتا تەواو نەبووە و بە بۆچوونی من ئەم هەڵبژاردنانە بۆ تەواوكردنی ئەو كێبركێیە و گەیاندنی توركیا بە ستانداردەكانی دیموكراسی ئەوروپا و جیهان رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێ. بێگومان بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمەش بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی نوێ لەبری ئەو سیستەمە كۆنە بەشێوەیەكی ئەوتۆ كە زیاتر شەفاف بێ و پابەندی لێپرسینەوە بێ پێویستمان بە دەستوورێكی نوێیە و ئەم دەستوورە نوێیەش لەلایەن پەرلەمانێكی نوێ كە دەسەڵاتی لە گەلەوە وەردەگرێ دروست دەكرێ و (انشاالله) لەدوای 12ی حوزەیران لە توركیا باس لە دەستوورێكی نوێ دەكەین.

لە 2015 رۆژگاری زۆر خۆش چاوەڕوانی گەلانی توركیا دەكات
لەدوای هەڵبژرادنەكان پێویستە پەرلەمانتارەكان هەنگاوی پراكتیكی بۆ دەستووری نوێ بنێن تەنانەت دەركردنی دەستوورێكی نوێ بەهەنگاوێكی چاوەڕوانكراو دادەنرێت هەروەكو چۆن موراد گۆكهان سەرۆكی جەمعیەكانی دیاربەكر و ئامەد كە بۆ راپۆرتی ئەمجارەی گوڵان دواو بەڕێزیان پێیوابوو گرنگترین ئامانج لەم هەڵبژاردنە دەستوورێكی نوێیە، لەم رووەوە وتی: بێگومان ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و گەشەسەندنی ئەوتۆ دروست دەكات بەر لە هەموو شتێك هێز و زەبری سەرباز كەمدەكاتەوە، ئەگەر ئەو رێژەی %10ش نەبوایە، ئەوا زۆر باشتر و دیموكرات تر دەبوو، چونكە ئێستا لەگەڵ ئەم رێژەیە بە بەهانەی ئەوەی كەوا دەنگەكان بەفیرۆ نەڕوات وەك ئەوەی لێهاتووە دەنگی خەڵكی بۆ یەكێكی تر دەبێت، ئەمەش هەروەك دزینی شتێكی تایبەتی كەسێكی ترە و هیچ جیاوازییەكی نییە، بێگومان گرنگترین ئامانج لەم هەڵبژاردنە بریتییە لە دەستوورێكی نوێ كە لە دوای ئەم هەڵبژاردنە دادەنرێت، ئەمەش بۆ دیموكراسی توركیا زۆر گرنگ دەبێ و من پێموایە لە هەڵبژاردنەكانی دوای ئەمە واتە لە 2015 رۆژگاری زۆر خۆش چاوەڕوانمان دەكات.

لەدوای هەڵبژاردنەكان ئارەزووی توركیا لە ئاستی كۆمەڵگە و لە ئاستی كومەت بەرەو یەكێتی ئەوروپا دەچێت؟
كەواتە هەموولایەك كۆكن لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی توركیا دەكەوێتەوە كە وا دەكات چەند گۆڕانكارییەك لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، گەرچی گۆڕانكارییەكان رێژەییش بن، كە گرنگترینیان دەسپێكێكە بۆ دەستوورێكی نوێ و ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپا، لەگەڵ ئەمەشدا بوون بەئەندامی یەكێتی ئەوروپا هێشتا زووە قسەكردن لەسەری، چونكە پێوەندی بەدۆسێی كوردو ئازادییەكانەوە هەیە، ئەوەی جێی دڵخۆشییە كرانەوەو ئامادەكردنی كۆمەڵگەیە بۆ ئەو گۆڕانكارییە بنەڕەتییەو رەنگە لەدوای هەڵبژاردنەكان دووبارە بوون بەئەندامی توركیا بۆ ناو یەكێتی ئەوروپا بگەڕێتەوە، پرۆفیسۆر عومەر چاها پێیوایە: لەدوای ریفراندۆمی 16 ئەیلوولی 2010 پێویستی دەستوورێكی نوێ لەلایەن گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەوە دروستبوو و كۆمەڵێك لە دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی سڤیل بەشێوەیەكی سەربەخۆ و جیاواز لە حكومەتەوە سەبارەت بەم دەستوورە نوێیە كار دەكەن، بۆیە دەتوانم بڵێم كە پێشبینیەكی جددی لە كۆمەڵگە دروست بوو و كۆمەڵگە لەم رووەوە ئامادە كرا، لەلایەكی ترەوە ئەم بابەتە یەكێك بوو لەو چوار پێنج بابەتەی كە AKP بەڵێنی پێدابوو، هەر بۆیەش پاشگەز بوونەوە لەدوای ئەو خاڵەی كە ئێستا توركیا پێی گەیشتووە لە مەسەلەی دەستووری، جێی باس نییە. بەڵێ دەتوانم بڵێم دەسپێكێكە بۆ دەستوورێكی نوێ، بەڵام سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتان كە ئایا ئەمە دەسپێكێكە بۆ ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپا، ئەوا بە بۆچوونی كەسی من نەخێر، ئەمە دەسپێكێك نییە، چونكە AKP هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە لە 2001 یەكێك لە بەهێزترین بابەتەكانی بریتی بوون لە ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپا، بەڵكو یەكێك بوو لە دوو بابەتە هەرە گرنگەكەی و لەسایەی ئەمەوە دەسەڵاتی وەرگرت و هەنگاوی جددی هەڵگرت و توانی توركیا تا ئاستی موزەكەرەی ئەندامێتی یەكێتی ئەوروپا بێنێ، بەڵام لەدوای ئەو ماوەیەی موزەكەرە بەهۆی هۆكارێكی نادیارەوە كە ئێمەش تێی نەگەیشتووین و نازانین بۆ راگیرا، بەڵام توركیا چیتر هەنگاوی بە هەمان خێرایی هەڵنەگرت بۆ ئەندام بوون لە یەكێتی ئەوروپا، شتێكی تریش هەیە و لەوانەیە بەهۆی ئەمەوە بێت ئەویش بریتییە لە بوونی ئەحمەد داود ئۆغلو بە وەزیری دەروەی توركیا لە 2002 و هەوڵدانی بۆ دروستكردنی توركیایەكی زیاتر بە جیهانی بوو لەڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵاتی و كەلتووری و گشت رووەكانی ترەوە، ئەمەش بێگومان پێویستی بە ئامادەباشیە و لەراستیدا ئامانجی 2023ی توركیاش بریتییە لەوە. كەسانێكیش لە ناوەوەی AKP یەكێتی ئەوروپا وەك بەربەستێك لەبەردەم توركیا دەبینن، دڵنیا نیم كەوا لەناوەوەی AKP گفتوگۆی ئەمە دەكرێ یان نا، بەڵام لەوە دەچێ ئیرادەیەك لە ناوەوەی AKP یەكێتی ئەوروپا بەو جۆرە لێكدەداتەوە، لەم رووەوەش یەكێتی ئەوروپا لە ماوەی موزەكەرەیە و لەو ماوەیە كۆمەڵێك شت تاوتوێی لەسەر دەكرێ و دادەخرێ و بۆ ئەمەش پێویستە كۆمەڵێك هەنگاوی رادیكاڵ هەڵبگیرێ و بێگومان ئەمانەش تێچوونێكی تایبەتی هەیە و هەندێك لەمانە لە ماوەیەكی كورتدا كاریگەری لەسەر چینەكانی كۆمەڵ هەیە و ئەم كاریگەرییە لەوانەیە مەترسییەك دروست بكات بۆ پارتی دەسەڵات لەكاتی نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكان، ئەمەش لەوانەیە هۆكارێكی تر بێت، هەر بۆیە AKP لەم رووەوە خێرایی كەم كردۆتەوە و پێموایە ئەو بڕیارەی دادگای یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بەكێشەی سەرپۆش و لەیلا شاهین، كاریگەرییەكی نێگەتیڤی بەسەر AKP هەبوو، چونكە ئەوان هیواخوازی ئەوە بوون كە دەتوانن كۆمەڵێ كێشە لە یەكێتی ئەوروپا چارەسەر بكەن، بەڵام بەلایەنی كەمەوە بۆیان دەركەوت كەوا ناتوانن كێشەی سەرپۆش لە رێگەی یەكێتی ئەوروپاوە چارەسەر بكەن و لەم رووەوە یەكێتی ئەوروپا بووە هۆی نەهێشتنی ئومێدی چینی كۆنسێرڤەتیڤەكانی توركیا، لەلایەكی ترەوەش ناوە ناوە تەحەدداكردنی توركیا لەلایەن ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەرزبوونەوەو بڵاوبوونەوەی نەتەوەپەرستی بەدژایەتی كردنی لە ئەوروپا. ئەمانەش بوونە هۆی كەمكردنەوەی ئارەزووی توركیا لە ئاستی كۆمەڵگە و لە ئاستی حكومەت رووەو یەكێتی ئەوروپا. ئەمەش بەشێوەیەكی دیار لە حكومەت دەبینین لەم رووەوە ئەم هەڵبژاردنانە دەسپێكێك نین بۆ ئەندامێتی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا و دەتوانم بڵێم مەحاڵە لە ئێستاوە بتوانین شتێكی زۆر ورد و دیار سەبارەت بە یەكێتی ئەوروپا بڵێین.

بڵند كێنێش سەڕەرای ئەوەی پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە بەڵێنی دەستوورێكی نوێ دەدات كە لەلایەن زۆرینەی خەڵكەوە هەڵبژێردراوە، بەڵام گومانی لەو دەستوورە هەیە كە ئەگەر بە زۆرینەی هەندێ پارتی وەك MHP دایبمەزرێنێت و زۆر بە روونی پێیوایە كۆمەڵێ شت رەچاو دەكرێت و هەستەوەری دیموكراتی نییە لەمبارەیەوە وتی: گومانم لەوە هەیە كە ئەم دەستوورە بتوانێ داواكارییەكانی خەڵكی پڕ بكاتەوەو گەشە بە دیموكراسی بدات، هەروەها پارتی كۆماری خەڵكی كە خزمەتی ئەرگەنەكۆنی كردووە و پاڵپشتی لایەنگرانی دەكات، ناتوانێ دەستوورێك دابمەزرێنێ بۆ گشت لایەنەكان كە تیایدا سودمەند بن. هیوادارم لەدوای هەڵبژاردنەكان پارتە سیاسییەكان بە CHP و MHP و لە رێگەی زۆرینەی دەنگەوە بتوانن دەستوورێك دروست بكەن كە خزمەتی وڵات بكات و ببێتە هۆی پەرەسەندنی سەربەخۆیی و ئاشتی و ئازادی و بتوانێ پێداویستی تاكەكان پڕبكاتەوەو ببێتە چارەسەر بۆ كێشەكانی ناو كۆمەڵگە و پێموایە هیوای هەموو لایەن و كەسێكیش هەر ئەوەیە.

هەڵبژاردنەكان بێ كێشەو گرفت نییە و نیشانەی پرسیاریش لەسەر دیموكراسی توركیا دادەنێت بەتایبەتی دوای رەتكردنەوەی چەند كاندیدێكی BDPەوە، سەبارەت بەم بڕیارەی رەتكردنەوەی كاندیدەكان كە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە رەتكرانەوە، عومەر چاها وتی: بێگومان توركیا دەخاتە ژێر تۆمەتەوە، زیاتر لە بوونی وەك بڕیارێكی یاسایی ئەمە بڕیارێكی سییاسیە و هەستێكی گشتی لەم رووەوە دروست بوو، واتە هەم لەلایەن پارێزەران و هەمیش لەلایەن كۆمەڵگە و سیاسەتمەدارانەوە ئەو هەستە دروست بوو كە ئەمە بڕیارێكی سیاسییە، بۆچوونی منیش بە هەمان شێوەیە و ئەمە بڕیارێكی سادەی یاسایی نەبوو، چونكە توركیا سەبارەت بە BDP و كێشەی كورد زۆر هەستیارە و لە پڕێكدا 7 كاندید كە خاوەنی بەهای سیمبۆلی هەم بۆ BDP و هەمیش بۆ كوردەكان لە هەڵبژاردنەكان دوور خرایەوە، من نازانم لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان بە كام مەبەست ئەم بڕیارەی دەركرد كە ئایا بۆ ئەوەبوو تا AKP بخاتە ژێر تۆمەتەوە یاخود بەڕاستی هەروەكو روونكردنەوەكەی سەرۆك وەزیران بەهۆی نادروستی پێوەندیەكانەوە بوو، من نازانم، بەڵام ئەم رووداوە دوو سێ شتمان پێدەڵێ، یەكەمین ئەوەمان بۆ دەردەخات كەوا بیرۆكراسی توركیا هێشتا ئامادە نییە بۆ دیموكراسی و هێشتا نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ دیموكراسی بگونجێنێ و هێشتا كۆمەڵێك كەموكوڕی بیرۆكراتیكی هەیە، چونكە بەپێی لۆژیكی دیموكراتی، سەربەخۆیی سەرەكییە و سنوورداركردن و كەمكردنەوە ئیستیسنائیە، واتە لەكاتی هەر رەفتارێك سەربەخۆیی بە ئەساس و سەرەكی لەقەڵەم دەدەی، بەڵام لە بیرۆكراسی دادگایی توركیا زۆر بەداخەوە ئەمە بەپێچەوانەوەیە سنوورداركردن و كەمكردنەوەكان سەرەكین و سەربەخۆیی ئیستیسنائیە و ئەمەمان بە شێوەیەكی زۆر روون و دیار بۆ دەركەوت كە دەستەی بیرۆكراتی بۆ دیموكراتی ئامادە نین، دووەمیش سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی: كە ئەمە لە ئەنجامی بێ ئاگایی لیژنەی باڵا و دامەزراوەكانی هەڵبژاردنە ناوچەییەكانەوە هاتۆتە كایەوە، ئەمەش هەر خۆی لەخۆیدا كێشەیەكە و لەهەمان كاتدا ئەوەمان بۆ دەردەخات كەوا دەستەی بیرۆكراسی چەند لەخۆبایین كە پێوەندیەكی تەلەفۆنی ناكات و كێشەكە چارەسەربكات، ئەمانە بە تەواوەتی لە مرۆڤایەتی دەرچوون و تەنیا بەپێی یاساكان لە چوارچێوەیەكی فەرمی كار دەكەن، ئەم جۆرە فەرمیە هێز بە بیرۆكراتەكان دەبەخشێ و وایان لێدەكات لەخۆبایی بن، هەر بۆیە پێموایە لەدوای هەڵبژاردنەكان پێویستی چاكسازی لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانیش وەك دەستوورێكی نوێ لەلایەن كۆمەڵگەوە پێشبینی دەكرێ، چونكە توركیا لەگەڵ ریفراندۆمی 16ی ئەیلوول توركیا كۆمەڵێ چاكسازی گرنگی لە دادگای دەستوور و دامەزراوەی دادوەران و پارێزەران كرد، واتە چاكسازیێكی ئەوتۆ كە بتوانێ ئەو پێكهاتە ئۆلیگارشیەی ئەو شوێنانە نەهێڵێت، ئەوەی ئێستاش دەبینین لەوە دەچێ كەوا لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لەبری دادگای دەستوور و دامەزراوی دادوەران و پارێزەران رۆڵ دەگێڕێ. بێگومان ئەمەش بووە ئاستەمێك لەبەردەم توركیا لەو ماوەیەی كە هەوڵی زیاتر بە دیموكراتتر بوون دەدات و هەوڵ دەدات دامەزراوە دیموكراتییەكان زیاتر لەخۆ بگرێت، بێگومان پێموایە ئەمە پێویستە بە زووترین كات چاكسازی تێدابكرێ.

بەڵام بڵند كێنێش راوبۆچوونی وابوو كە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا بەشێكی دادگای باڵایە، هەرچەندە بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتیش بێ سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئەم لیژنەیە لیژنەیەكی سەر بە دادگای باڵایە. تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت لەدوای كودەتای سەربازی ئێمە بەهێزترین و چەترەفیلترین نمایشەكانی هێزمان لەلایەن دادگای باڵاوە بینی، ئەمەش دادگای باڵا و دادگای باڵای دەستوور و دادگای باڵای دادوەران و دادگای تەمیز دەگرێتەخۆ. ئەم لیژنەیەش لە ئاستی دادگای باڵایە و دامەزراوێكی دادگای باڵایە، ئەمەش هەرگیز مانای ئەوە ناگەینێ كەوا بوونی بە دامەزراوێكی دادگای باڵا واتە بڕیاری دادپەروەرانە دەدات. هەرچۆن دادگای باڵا لە ناخۆشترین و تەنگانەترین كاتەكانی ئەم وڵاتە كۆمەڵێ بڕیار و هەڵسوكەوتی نابەجێی دەنواند، لێرەدا مەبەستم لە دادگای باڵای كۆنە، هەرچۆن ئەم دادگایە لە پێشوودا بڕیاری وای دەردەكرد كەوا دادوەران و پارێزەران بەدەستیەوە دەیانناڵاند، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانیش بەهەمان شێوەیە و بەردەوامی ئەم دامەزراوە كۆنەیە. هەربۆیەش پێموایە ئەرگەنەكۆن و دامەزراوەكانی تری هاوشێوەی كاریگەریان بەسەر ئەم لیژنەیەوە هەیە، پێموایە ئەم بڕیارەی بە تەواوەتی بڕیارێكی دژە دیموكراتیە و سوپاس بۆ خوا كەوا هەستی دیموكراتی كۆمەڵگەی توركی بە شێوەیەكی ئەوتۆ پێگەیشتووە كە دەتوانم بڵێم سەرتاسەری كۆمەڵگەی توركی هەڵوێستیان هەبوو لەبەرامبەر ئەم بڕیارە و بووە هۆی ئەوەی كە بڕیارەكە بكێشرێتەوە. بێگومان من وەك هاووڵاتییەك و وەك دیموكراتێك زۆر بەتوندی ناڕەزایی خۆم بەرامبەر ئەم بڕیارەی لیژنەی باڵا دەردەبڕم، بەڵام لە هەمان كاتیشدا زۆر بە توندی ناڕەزایی خۆم دەردەبڕم لەبەرامبەر بە هەل زانینی ئەم بڕیارە و بەكارهێنانی لە وروژاندنی خەڵكی لەلایەن BDP و P.K.K و پێموایە ئەمانە یەكتری تەواو دەكەن ئەو دامەزراوانەی كە توندی بەشێوەیەكی سەرەكی دەگرنەبەر و هەڵوێستی پرۆڤەكەتیڤی توندڕەوانەیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی كە رێخۆشكەری توندوتیژین، ئەوانە پێموایە یەكتری تەواو دەكەن و زۆر بە توندی نەفرەت لە هەردووكیان دەكەم. زەرەر و زیانی ئەم شتانەش تەنیا بۆ هاووڵاتیانە وەك ئەگەنجەی ناوچەی بیسمیل.

موراد گوكهان سەرۆكی جەمعیەكانی دیاربەكر و ئامێدی ئەو بڕیارەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی بە بڕیارێكی نابەجێ و نا دیموكراتی وەسف كرد و زیاتریش لەم رووەوە وتی: هەر خۆی لەخۆیدا ئێمە لە روونكردنەوە و بڵاوكراوەكانماندا ئەم بڕیارەمان رەت كردەوە و ناڕەزایی خۆمان لەم رووەوە دەربڕی و پێویستیشە لیژنەی باڵا خاوەنی ئەو مافە نەبێ كە بتوانێ نوێنەری خەڵكانێك بخاتە دەرەوەی هەڵبژاردن، كە ئەمە بڕیارێكی زۆر هەڵە بوو و ئەم بڕیارە وا لەخەڵكی دەكات بڕژێنە سەر شەقامەكان و بچنە چیا، ئێمە هەوڵماندا بۆ رەتكردنەوەی ئەو بڕیارە بەو هۆو پێناوە یاساییانەی كە پێویست بوو وەربگیرێ و لە كۆتاییدا بڕیارەكەیان كێشایەوە و ئەمە بووە دەرسێك بۆ دیموكراسی توركیا.

كوردەكان لەهاوكێشەی پارتە سیاسییەكانی توركیادا
وەكو لەدەسپێكی راپۆرتەكەماندا ئاماژەمان پێدا دەنگی كوردەكان لەم هەڵبژاردنەدا گرنگە بەتایبەت گەر بێتوو دەنگ نەدەن بە ئاك پارتی، ئەوا تاچەند ئەمە كار لە ئاك پارتی دەكات، پرۆفیسۆر عومەر چاها پێیوایە دەنگی كوردەكان زۆر گرنگن سەبارەت بەدەنگی كوردەكان و دەنگدانیان بە BDPو AKP بەڕێزیان وتی: دەنگی كوردەكان زۆر گرنگە هەروەك چینەكانی تر، بەداخەوە ئێمە ناتوانین دەنگی كوردەكانی دەرەوەی ناوچەكە تاقی بكەینەوە، تەنیا لە رێگەی ئەندام پەرلەمانەكانی BDP دەتوانین ئەم دەنگانە تاقیبكەینەوە و ئەمەش خوێندنەوەیەكی راستەقینەمان پێنادات. واتە ئێمە نازانین كوردەكانی ئیستانبوڵ چەندیان دەنگ بە BDP و چەندیشیان دەنگ بە AKP دەدەن، بەڵام ئێمە دەخەمڵێنین و بەپێی خەمڵاندنەكانمان لە 2 ملیۆن زیاتر كورد لە ئیستانبوڵ دەژین، ئەمەش رێژەیەكی زۆر جددیە و دەكاتە نزیكەی %4ی دەنگ، ئەڵام ئێمە دەزانین كەوا ئەمە گشتی بۆ BDP نییە لە هەڵبژاردنی رابردوو، BDP توانی لەم دەنگانە 1 ئەندام پەرلەمان دروست بكات، ئێمە تەنیا دەتوانین دەنگی پارێزگاكانی سەر بە ناوچەكە تاقی بكەینەوە، ئەویش لە گشت پارێزگاكان ناتوانین. بۆ نموونە ناتوانین دەنگەكانی ئورفە تاقیبكەینەوە و بۆ نموونە لە ئادییەمان لە ریفراندۆمی رابردوو نەمانتوانی، چونكە خەڵكی ئەو ناوچەیە بڕیاری بایكۆتی BDPی بە جدددی وەرنەگرت و چوون بۆ بەشداریكردن. هەر لە دیاربەكرەوە تاوەكو ئاغری لەو ناوچەیەی كە لە شێوەی هیلالێكە و نزیكەی 10 پارێزگا دەگرێتەخۆ لەم هەڵبژاردنانە دەبینین چی دەبێت، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی رابردوو AKP دەنگی زیاتری لە BDP لەو ناوچانە بەدەست هێنا. ئەم بڕیارەی لیژنەی باڵاش بووە هۆی وروژاندنی خەڵكی ئەو ناوچانە لەدژی حكومەت و لە دواتر كێشانەوەی ئەم بڕیارەی بووە جۆرە یارمەتیەك بۆ BDP لە ناوچەكە، من پێموایە هەروەك بڵێی پاڵپشتی BDPی كرد. لەوەش خراپتر بریتییە لە پێكدادانەكان ئێستا لەو رۆژەی كەوا ئێمە ئەم چاوپێكەوتنە دەكەین هەواڵی 7 مردوو كەوتە میدیاكانەوە لە پێكدادانەكانی تونجەلی و ئەگەر ئەم پێكدادانانە بەمشێوەیە بەردەوام بێ، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی روو لە BDP بكەن، بەڵام پێویستە ئەوەش لەیاد نەكەین كەوا كاتێك پاڵپشتی خەڵكی ناوچەكە بۆ BDP هەڵدەسەنگێنین، ئەوا دەبینین كە لە %30-40ـە و % 60ی خەڵكی ئەم ناوچانە پاڵپشتی BDP ناكەن. بێگومان BDP لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو تەنیا بەقەد ئەوەی بتوانێ گروپێك دروست بكات ئەندام پەرلەمانی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنانە پێشبینی ئەوە دەكرێ BDP 30 ئەندام پەرلەمان بەدەست بێنێ، ئەمەش زۆر گرنگە بە نوێنەرایەتیەكی بەهێزەوە لە پەرلەمان دابنیشێ، چونكە دەستووری نوێ دادەمەزرێ و كێشەی كوردیش وەك یەكێك لە كێشە هەرە گرنگەكان سەیر دەكرێ لەم دەستوورە. بۆیە پێموایە زۆر پێویستە و زۆر گرنگە كەوا BDP بە نوێنەرایەتیەكی بەهێزەوە لە پەرلەمان دابنیشێ.
لەمبارەیەوە بڵند كێنیش پێیوایە شتێك نییە بەناوی دەنگی كورد، دەنگی تورك، دەنگی چەركەز، دەنگی ڵاز. بۆ نموونە من هاووڵاتییەكی توركم و لە خێزانی مندا كوردیش هەیە و خێزانی براكەم كوردە و خێزانی خاڵم كوردە، مێردی پورم كوردە، خێزانی خۆم چەركەزە، لێرەدا شتێك نییە بەناوی هاووڵاتی كورد و هاووڵاتی تورك، ئێمە هەموومان هاووڵاتی توركیاین و دەنگی هەموومان بەبێ جیاوازی و بەقەد دەنگی یەكتر گرنگە، بەڵام لەرووی دابەشبووونی ناوچەییەوە كوردەكان خاوەنی %10ی دەنگن و لەم رووەوە دەنگی كوردەكانیش زۆر گرنگە، هەروەها ئامادەبوونیشیان لە پەرلەمان وەك هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە زۆر گرنگە و لە رووی دیموكراسیشەوە زۆر گرنگە لەم رووەشەوە كاندیدە سەربەخۆكانی BDP بەلای منەوە زۆر گرنگە، چونكە هەڵبژاردنی كاندیدەكانی لیستی AKP یاخود لیستی BDP بۆمن هیچ مانایەك ناگەیەنێ بەڵكو ئەوەی بەلای منەوە گرنگە بریتیە لە هەڵبژاردنی ئەو كاندیدانەی كە سەربەخۆن و بەراستی نوێنەرایەتی خەڵكی ناوچەكە دەكەن. ئەمە لە رووی دیموكراتیەوە زۆر گرنگە، چونكە كەسانی وا دەبنە یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی ئاستی دیموكراتی و گرنگ نییە سەر بە كام پارت دەبن. بۆ نموونە لە ریفراندۆمەكەی 12ی ئەیلوول ئەو هەڵوێستەی BDP یارمەتیدەری پەرەسەندنی دیموكراسی نەبوو، ئەمەش جێی خەفەتی ئێمەیە، جگە لەوە كاندیدەكان چ سەر بە AKP بن یاخود سەر بە DTP هیچ جیاوازی نییە مادام دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی دیموكراسی و یارمەتی بەدیموكرات بوونی توركیا دەدات.

كوردەكان لە توركیا دەنگیان بەكێ دابێ، ئەوا ئەوان دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست
بەڵام لەبەرامبەردا بۆچوونێك هەیە كە دەنگی كوردەكان بەیەكلاكەرەوە دادەنێت، موراد گۆكهان سەرۆكی جەمعیەكانی دیاربەكر و ئامەد سەبارەت بەدەنگی كوردەكان وتی: كوردەكان لە توركیا دەنگیان بەكێ دابێ، ئەوا ئەوان دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. بۆ نموونە ئەگەر ئەم رێژەیە نەبوایە ئێستا ئەمڕۆ BDP بە 100 پەرلەمانتارەوە لە پەرلەمان بوو و AKP بێگومان دەبوایە لەگەڵ BDP هاوپەیمان بوایە. كەواتە بەبێ كوردەكان ناتوانن دەسەڵات وەربگرن، هەروەها كۆمەڵێكی باشی پەرلەمانتارانی AKPش لە كوردەكان پێكهاتووە. خەڵكانێك دەنگ بەم كاندیدانە دەدەن ئەمەش كار دەكاتە سەر BDP بەڵام كاركردنێكی ئەوتۆ نییە، بەڵكو كەمە.

لەكۆتایی دا موراد گۆكهان پێیوابوو: لە راستیدا ئەگەر هۆو پێناوی دژی دیموكراتی و نا دروستی نەگیرێتە بەر لە هەڵبژاردنەكان، ئەوا AKP لە دەسەڵات بەردەوام دەبێ و گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ لە هەڵبژاردنەكان نابیم تەنیا ئەوەی گرنگە لێرە بریتییە لەوەی ئایا MHP دەتوانێ لەو رێژەیە دەرباز ببێ ئەگەر دەرباز ببێ، ئەوا بۆ دیموكراتی زۆر باشە هەموومان بەیەكەوە دەستوورێكی نوێ دادەمەزرێنین بە خۆشی دەژین، بەڵام ئەگەر AKP بەتەنها دەستوور دابمەزرێنێ ئەوا دیسان پێویستە مافی كەمینەكان بپارێزێ، چونكە دیموكراسی بریتییە لە پاراستنی مافی كەمینەكان.
Top