رێبازی بارزانی گەوهەرێكی دەگمەن و بەرپرسیاریەتیەكی مەزنە

رێبازی بارزانی گەوهەرێكی دەگمەن و بەرپرسیاریەتیەكی مەزنە



ئاماژەكردن بە لنكۆڵن وەك میراتی ئازادی بۆ ئەمریكیەكان و جیاكردنەوەی لە باوكانی دامەزرێنەری كۆماری ئەمریكا و داڕێژەرانی دەستووری ئەمریكا، لەچەند ڕوویەكەوە لە مستەفا بارزانی و ڕێبازی بارزانی دەچێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چۆن لنكۆڵن یەكێك نەبووە لە دامەزرێنەرانی دەستوور، بەهەمان شێوە مستەفا بارزانیش یەكێك نەبووە لە دامەزرێنەرانی ئەو ڕێبازە، بەڵكو درێژەپێدەر و بە كردەییكردنی ئەو ڕێبازە بووە، بە هەمان شێوە لنكۆڵنیش هیچی لە دەستووری ئەمریكا زیاد و كەم نەكردووە، بەڵكو بەتێگەیشتنی قووڵی خۆی بۆ خوێندنەوەی دەستووری ئەمریكا، گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئەو دەستوورەی كۆماری ئەمریكا كە لەسەر بنەمای ئازادی دامەزراوە، بۆ ئەوە نییە بەشێك لە ئەمریكییەكان لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا ئازاد بكات، یان بۆ ئەوە نەنووسراوە دوای ئازاد بوونی ئەمریكا لە ژێر دەستی بەریتانیا، بەشێك لە ئەمریكیەكان بەشێكی دیكە وەك كۆیلە سەیر بكەین، بەڵكو مانای ئازادی لە دەستووری ئەمریكادا بەوجۆرە هاتووە كە هەموو ئەمریكیەكان ئازادبن و سەردار و كۆیلە لەنێوان ئەمریكیەكاندا نەمێنێت، ئەم هەڵوێستەی لنكۆڵن كە لە پێناویدا شۆڕشی دژی كۆیلەیەتی ڕاگەیاند، بووە هۆكاری ئەوەی كە ئێستا ئەمریكیەكان لنكۆڵن وەك سەرچاوە و پارێزەری ئازادی سەیر بكەن. ڕاستە سەرچاوەی بونیادی ئازادی لە دەستووری ئەمریكاوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام لنكۆڵن لە دوای سەربەخۆیی ڕێگەی نەدا ئەو سەرچاوەیە لێڵ بكرێت یان تەفسیری جۆراو جۆری بەپێی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی ئەمریكای بۆ بكرێت.
ئەگەر لەم ڕوانگەیەو لە سەدو هەشتەمین ساڵیادی مستەفا بارزانی وەك سەركردەیەكی دەگمەن بۆ پیادەكردنی ڕێبازی بارزانی سەیر بكەین، ئەوا دەكرێت ڕاشكاوانە ئەوە بەخوێنەری خۆمان بڵێین، ڕێبازی بارزانی لەگەڵ خەباتی مستەفا بارزانی دەست پێناكات، بەڵكو خەباتی مستەفا بارزانی لەناو ڕێبازی بارزانییەوە دەست پێدەكات، لەبیستەكانی سەدەی ڕابردوو، مستەفا بارزانی پێش ئەوەی وەك سەركردەیەكی لۆكاڵ لە ناوچەی بارزان بناسرێت، ڕێبازی بارزانی فەرمانی پێداوە بۆ پشتگیری شێخ مەحمودی حەفید و دروست بوونی كیانێك بۆ كورد ڕووبكاتە سلێمانی و پشتگیری و پشتیوانی لە حكومەتەكەی شێخ مەحمود بكات، كەواتە دروست بوونی كیانێك بۆ كورد ئەوجا چ (مەملەكەت بێت یان دەوڵەت) یەكێكە لە بنەماكانی ڕێبازی بارزانی، ئەم كیانە هەر كەس و لایەك دروستی بكات، ڕێبازی بارزانی یەك ئەركی هەیە، ئەویش پاراستنی ئەو كیانەیە، كەواتە كاتێك لە مستەفا بارزانییەوە فێر دەبین كورد مافی خۆیەتی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات و مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، ئەمە مانای ئەوە نییە، پێش مستەفا بارزانی و لەدەستووری ڕێبازی بارزانیدا ئەم مافە بوونی نەبووە، لەبەر ئەوەی مێژوو پێمان دەڵێت ئەم خواستە لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوو شێخ عەبدولسەلامی بارزانی هەوڵی بۆداوەو هەر لەو پێناوەشدا لە سێدارە دراوە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو هۆكارانە چین كە مستەفا بارزانی لەهەموو سەركردەكانی دیكەی سەدەی ڕابردوو جیادەكاتەوە، بەو سەركردانەشی كە ڕێبازی بارزانیان بونیاد ناوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا مێژوو پێی نادرێتەوە، بەڵكو دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناو ڕووداوەكانی مێژوو سەرلەنوێ ڕووداوەكان وەك خۆیان بەپێی شوێن و زەمەنی خۆی بە قسە بهێنینەوە، بەقسە هێنانەوە بەو مانایەی چۆن مستەفا بارزانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خۆی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو بڕیارانەی دەیدات دواتر چۆن دەشكێنەوە، پابەند بووە بە ڕێبازی بارزانییەوە، باشترین نموونە بۆ ئەم باسە سووربوونی مستەفا بارزانی بووە لەسەر ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوك، كە شۆڕشی ئەیلوولی لەسەر كرایە قوربانی، مستەفا بارزانی كاتێك ئەو بڕیارەیدا كە سازش لەسەر كوردستانییەتی كەركوك ناكرێت، بێجگە لە بەرژەوەندی نەوەكانی ئێستا و داهاتووی گەلی كوردستان هیچ بەرژەوەندیەكی دیكەی ڕەچاو نەكردبوو، ڕاستە ئەم بڕیارە بوێرانەیەی مستەفا بارزانی بۆ ماوەیەكی كاتی دووچاری چەندین كارەسات و چەرمەسەری كردین، بەڵام مستەفا بارزانی دڵنیابوو لەوەی لە لێپرسینەوەی لەبەردەم مێژوودا سەربەرز و سەرفراز دەبێت، بەداخەوە مەرگ بواری مستەفا بارزانی نەدا، ڕۆژی 21ی ئاداری ساڵی 1991 ببینێت كە چۆن كەركوك ئازاد كرا، بەڵام گەلی كوردستان بەشێوەیەكی دیكە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو سەرۆكە پیشاندایەوە كە لە 6/10/1993 تەرمەكەی هێنرایەوە بۆ كوردستان، هەموو گەلی كوردستان لە باشماخ تا بارزان بە پێوە ڕاوەستان، لە زاخۆ تا خانەقین فرمێسك بەچاویاندا هاتە خوارەوە، دیمەنی ئەو ڕۆژە پێمان دەڵێت (پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هێزەی نییە كە ئەو كەرنەڤاڵەی پێ ڕێكبخرێت و بتوانێت لە زاخۆ تاخانەقین و لە باشوورە بۆ باكوور و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە لەسەر كۆمەڵێك پرانسیپی كوردایەتی لە چوارچێوەی فەلسەفەیەكی میللیدا یەكبخات) هەروەها (هیچ هێزێك نییە و دروستیش نابێت كە بتوانێت ئەو یەكڕیزییەی نێو ماڵی كوردستانییەكانی تاسەر پێ تێكبدرێت، هەتا ڕەگ و ڕیشەی ڕێبازی بارزانی و خۆشەویستی مستەفا بارزانی لەناو ئەم گەلەدا بوونی هەبێت)، ئەمە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێت (ئەو هێزەی كە یەكمان دەخات زۆر بەهێزترە لەو هێزەی كە هەوڵدەدات یەكڕیزیمان تێكبدات)، لێرەدا پرسیاری دیكە ئەوەیە كە ئەو هێزە بوونی هەیە، بۆچی بەردەوام هەڕەشە لەسەر یەكڕیزی كورد دروست دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە ڕاشكاویەكی لەڕاددەبەدەر هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ناتوانین وەك مستەفا بارزانی پابەندبین بە ڕێبازی بارزانییەوەو ناتوانین بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی خۆمان لەناو ڕێبازی بارزانییەوە بڕیار بدەین، ئەم ڕەخنەیە كە لەهەموولایەك زیاتر ڕووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەخاتە دووڕیانێكەوە یان دەبێت ئەو كەموكورتیانەی خۆی ڕاستبكاتەوە كە زۆر جار ڕێبازی بارزانی ڕەتیدەكاتەوە، یان دەبێت بانگێشەی ئەوە نەكات كە میراتگری ڕێبازی بارزانی-یە، ئێستا لە چەندین بۆنە گوێبیستی ئەوەبووین، كە هەڵە و كەموكورتیەكانی بەرپرسەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ڕێبازی بارزانی حساب نەكرێت، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە و پێویستە پارتی ڕێبازی بارزانی بكاتە دەستووری پارتی و ئەوەی لەو دەستوورە لایدا لێپرسینەوەی بەهەمان لۆژیك و شێوازی مستەفا بارزانی لەگەڵدا بكرێت، ئەو دەستوورە چ سزایەكی سەپاند دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەمە داوایەكی قورس نییە لە پارتی و سەركردایەتیە تازەكەی دوای كۆنگرەی 13 كە بەسێ دروشمی ڕێبازی بارزانییەوە (ئاشتی، دادپەروەری، پێكەوە ژیان) هاتۆتە دەرەوە و بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستان و هەوادارانی پارتی داوە كە ئەو سێ دروشمە جێبەجێ دەكەن، بەڵام دەبێت سەركردایەتی نوێی پارتی لەو ڕاستیە دڵنیابن، ئەم سێ دروشمە بەبێ ڕێبازی بارزانی جێبەجێ ناكرێت، كاتێكیش لەناو ڕێبازی بارزانییەوە بڕیار بۆ جێبەجێكردنی ئەم سێ دروشمە دەدەین، دەبێت لەوە دڵنیابن بڕیارەكان ئاسان نین و بڕیاری قورسن و دەبێت شانی بدەنەبەر بەبێ ئەوەی ئاوڕ بۆ ئەو لایەنە بدەنەوە، ئایا ئەم بڕیارانە لەبەرژەوەندی ئەوانە وەك تاك و وەك ئەندامانی سەركردایەتی پارتی، یان لەبەرژەوەندی پارتیدایە وەك حزب، بەڵام دڵنیابن هەریەك لەو بڕیارانە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا دەبێت، ئەمەش نەك تەنیا خەڵكی ئەم پارچەیەی كوردستان، بەڵكو هەر چوار پارچەكەی كوردستان.


رێبازی بارزانی
وەك فەلسەفەیەكی میللی
ئەگەر لەناو دێڕەكانی مێژوو بەراوردێك لەنێوان ئەو بزووتنەوە و شۆڕش و حزبانە بكەین كە لەناو ڕێبازی بارزانییەوە دروست بوون، لەگەڵ ئەو بزووتنەوە و حزب و شۆڕشانەی لەسەر بنەمای ئایدلۆژیەتێكی دیاریكراو دروست بوون، هەست بە جیاوازییەك دەكەین، ئەم جیاوازییە لەوانەیە وەك ڕەخنە لەسەر ئەو لایەنانە بخوێنرێتەوە كە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی دروست بوون، بەڵام بە قازانج یان پیاهەڵدان بۆ ڕێبازی بارزانیش ناشكێتەوە، بەڵكو بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمە بەو مانایەی پێناسەی حزب یان بزووتنەوە یان شۆڕش لەناو ڕێبازی بارزانیدا، شۆڕش بزووتنەوە و حزب دەكاتە هۆكارێك بۆ هەڵسوڕانی ئیرادەی گەل، بەڵام ئایدلۆژیا حزب و بزووتنەوەكە دەكاتە ئامانج و بەئیرادەی گەڵ هەڵیدەسوڕێنێت. ئەم ئاراستەیە پرسیارێكی دیكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت ئەویش ئەوەیە چۆن ڕێبازی بارزانی ئەم جیاوازییە دروست دەكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بەوەیە بەچەند خاڵێك وەڵامی بدەینەوە:
1- ڕێبازی بارزانی توانای ئەوەی نییە وەك حزبە ئایدلۆژییەكان بانگێشەی بۆ دەكەن، خەڵك ڕۆشنبیر بكات بۆ ئەوەی بتوانن ئایدلۆژیەتەكە بە ڕێكوپێكی هەڵیان سوڕێنێت، بۆیە هەموو كات ئەوانەی خۆیان بە پەروەردەی ڕێبازی بارزانی دەزانن، خەڵك بە مامۆستا و ڕێگە پیشاندەری خۆیان دەزانن، ئەم حاڵەتە، حاڵەتێكی تەواو پێچەوانە لە پێناسەی چەمكی حزب دروست دەكات، كە زۆر جار حزبەكانی ڕۆژئاواش دوچاری هەڵە دەكات، بەواتایەكی دیكە حزب بەپێی پرانسیپەكانی ڕێبازی بارزانی، واتە ئەوەی گەل بەگرنگی دەزانێت، دەبێت حزبیش بە گرنگی بزانێت، ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەیە پارتی دیموكراتی كوردستان بە نموونە وەربگرین، ئەوا دەبێت پارتی گوێ لە خواستی خەڵك بگرێت نەك خەڵك گوێ لەپارتی بگرێت، ئەمە لەوانەیە لەلایەن كادران و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەوجۆرە بخوێنرێتەوە كە ئەركێكی قورس دەخەینە سەر شانیان، بەڵام بۆ ئەوەی خۆیان لەو ڕاستیە دڵنیابن، ئەوە ڕێبازی بارزانی-یە ئەو ئەركە دەخاتە سەر شانیان نەك ئێمە، ڕاشكاوانە پێیان دەڵێین، ئێوە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ناو ڕێبازی بارزانی و بزانن ئەندام و كادر و بەرپرسانی ئەو حزبەی بەپێی ڕێبازی بارزانی دروست دەبن، ڕێبازی بارزانی چ ناوێكی بۆ داناون؟ بێگومان بەرزترین پلە لە ڕێبازی بارزانی بۆ هەموو ئەندامان و كادران و بەرپرسان و تەنانەت سەرۆكی كوردستانیش، خزمەتكاری میللەتە، ئەوجا ئەم سیفەتەش یان ئەم پلەیەش، پلەیەكی ئاسان نییە و هەموو كەس پێی ناگات، مستەفا بارزانی دەڵێت(چەند مەزنە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی ئاماژە پێدانە ئەوەیە و دەبێت ئەندامان و كادرانی پارتی بزانن مستەفا بارزانی وشەی خزمەتكاری بە چ مانایەك بەكار هێناوە، ئەو مانایەش پڕ بەپێستی واتای خزمەتكارە، واتە خزمەتكار لەبەردەم سەردارەكەی خۆیدا هیچ ڕایەكی نییە، هیچ فەرمانێكی نییە، بێجگە لە جێبەجێكردنی فەرمانی سەردارەكەی، لەمەش زیاتر خزمەتكار پاسەوان و دەست پێشخەرە بۆ بەرژەوەندی سەردارەكەی نەك بەرژەوەندی شەخسی خۆی، پرسیار ئەوەیە چ سەردارێك خزمەتكارێك ڕادەگرێت، كە لەگەڵ ئەم سیفەتە پێچەوانە بێتەوە. بۆیە ئەندام و كادرانی پارتی پێویستە لەم ڕۆژە كە یادی لەدایكبوونی بارزانی نەمرە و سەردانی مەزاری نەمران دەكەن، لەسەر گڵكۆی بارزانی هەڵوەستەیەك بكەن و لە خۆیان بپرسن ئایا گۆڕەكەی بارزانی لەگەڵ گۆڕی خزمەتكارێك چ جیاوازیەكی هەیە؟
2- ئەو حزبانەی ئایدلۆژین لە كۆبوونەوە تایبەتیەكانی خۆیان بڕیاردەدەن و پاشان هەوڵدەدەن خەڵك بە حیكمەتی بڕیارەكەیان قانع بكەن و هەڵمەتی بۆ دەست پێدەكەن بۆ ئەوەی بەخەڵكی جێبەجێی بكەن، بەڵام ئەم شێوازە پێچەوانەی ئەو حزبەیە كە لەناو ڕێبازی بارزانیدا بڕیار دەدەن، لەبەر ئەوەی ئەو حزبەی لەناو ڕێبازی بارزانیدا بڕیار دەدات، سەركردایەتیەكەی توانای بڕیاردانی نییە، یان لەو پێگەیەدا نییە بتوانێت بڕیار بدات، هەر بۆنموونە بارزانی چ ئەو كاتەی ڕێبەرایەتی شۆڕشی دووەمی بارزانی كردووە و چ ئەو كاتەی سەرۆكی لیژنەی ئازادی بووە و چ ئەو كاتەشی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبەرایەتی شۆڕشی ئەیلوولی پێسپێردراوە، هیچ كاتێك لەمەسەلە چارەنووسسازەكاندا خۆی یان مەكتەبی سیاسییەكەی بڕیاری نەداوە، بەڵكو بڕیاری گەلی كوردستانی جێبەجێ كردووە، بەڕێز مسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر بە بڕیاری مستەفا بارزانی بوایە دەبوو شۆڕشی ئەیلوول لە 11ی ئەیلوول دەستی پێنەكردایە، لەبەر ئەوەی مستەفا بارزانی كۆمەڵێك بەرنامەی مابوو هێشتا تەواوی نەكردبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی گەل فەرمانیكرد شۆڕش دەست پێبكات و بۆ ڕێبەرایەتی ئەو شۆڕشەش ئەویان تەكلیفكرد ڕێبەرایەتی بكات، بۆیە مستەفا بارزانی ناچار بوو بڕیاری گەلەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەگەر چی بەپێی بۆچوونی ئەو كاتەكەش گونجاو نەبووە، لەمەش زیاتر مستەفا بارزانی وەك ڕێبەری شۆڕش و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوولی لەو پێگەیەوە نەبینیووە بڕیاری ئاشتی بدات، بۆیە لەیەكەم دانوستاندنی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، مستەفا بارزانی كۆبوونەوەی كۆیەی گرێدا بۆ نوێنەرانی گەلی كوردستان، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا فەرمانی پێدەكەن دانوستاندن بكات یان نەء، كەواتە لێرەدا كە ڕۆدەچین بە ڕێبازی بارزانیدا تەنیا لە ڕوانگەی ئەو بەشەوە بەراورد دەكەین كە مستەفا بارزانی جێبەجێی كردووە، هەست دەكەین پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێك لەناو ئەو ڕێبازە هیچ دەسەڵاتێكی نییە و هەموو دەسەڵاتێكیشی هەیە، بێگومان ئەمە دیسان لوغزێكی دیكەی سیاسیی دروست دەكات و ئەو پرسیارە دەوروژێنێت، ئایا چۆن پارتی هیچ دەسەڵاتێكی نییە و هەموو دەسەڵاتێكی هەیە؟ لەوەڵامی ئەمەشدا دەڵێین پارتی لە خۆیەوە وەك حزب ناتوانێت بڕیار بدات هەتا گەل فەرمانی پێنەكات، ئەوجا ئێستا وەك پارتی لەم لایەنە كەموكورتی هەیە ئەوەیان شتێكی دیكەیە، بەڵام بەپێی تێگەیشتنمان لە ڕێبازی بارزانی، پارتی (وەك حزبێك كە نوێنەرایەتی ڕێبازی بارزانی بكات) ناتوانێت هیچ بڕیارێكی چارەنووسساز دەربكات، بەبێ ئەوەی گەل فەرمانی پێبكات، بەڵام كاتێك گەل فەرمانی پێدەكات، واتە گەل پارتی بۆ نوێنەرایەتی كردنی خۆی ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی بڕیارەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا پارتی هەموو دەسەڵاتێكی دەبێت، بەڵام دیسان ئەم دەسەڵاتەش دەسەڵاتی خۆی نییە و دەسەڵاتی گەلە. سەبارەت بەم لایەنەش لەوانەیە زۆر لە ئەندامان و كادرانی پارتی بڵێن چۆن ئەم لایەنە تیۆرییە پراكتیزە دەكرێت؟ یان بەشێوەیەكی دیكە بڵێن چۆن سەردەمی ئێستا بەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول پیادە دەكرێت؟ لە وەڵامی ئەو دوو پرسیارە بەجێیە دەڵێین، یەكەم ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی تیۆری نییە، بەڵكو مەسەلەیەكی پراكتیكیە، ئەو لایەنە پراكتیكیەش بەچەند خاڵێك ئاماژە پێدەكەین:


• لە شۆڕشی ئەیلوولدا دیوارێك لە نێوان هاووڵاتیان و پارتیدا نەبووە و هەموو كات هاووڵاتیانی كوردستان لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر بوون، بەڵام زۆر جاریش هاووڵاتیان لە ئەندامان و كادرانی پارتی، بۆ پارتی و شۆڕشی ئەیلوول دڵسۆزتر بوون، ئەمە موبالەغە نییە و بەدەیان بەڵگە و ڕووداوی مێژوویی هەیە، كە زۆر كەس نە پێشمەرگە بووە و نە ئەندامی پارتیش بووە، بەڵام ئامادەبووە بە زیندوویی بخرێتە ژێر گڵەوە، بەڵام ئامادە نەبووە تەنیا یەك وشەی ناشرین بە پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و مستەفا بارزانی بڵێن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هیچ حزبێك هەیە بتوانێت بەو ئاستە كادرانی خۆی پەروەردە بكات نەك هاووڵاتیەك لەدەرەوەی حزبەكەی؟ بێگومان حزب لەوانەیە بتوانێت ئەندام و كادرانی خۆی بۆ قوربانیدان پەروەردە بكات و بیكاتە ئەفسانەی ئایدلۆژیەتەكەی خۆی، بەڵام هەرگیز ناتوانێت هاووڵاتیەكی ئاسایی بە ئایدلۆژیەتەكەی خۆی بەو ئاستە پەروەردە بكات، بۆیە لەناو پارتی وەك حزبێك لەناو ڕێبازی بارزانیدا، هاووڵاتیانی ئاسایی دەبنە ئەفسانەی بەرخۆدان و قوربانیدان، ئەمەش مانایەكی دیكەی هەیە كە بەرخۆدان و قوربانیدانی پارتیش هەر لە خەڵكەوە فێری دەبێت.
• لایەنێكی دیكەی شۆڕشی ئەیلوول، بەشداری زانایانی ئیسلامی كوردستانە لەو شۆڕشەدا، كە بەشداریان لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە ئاستێك خاڵی پڕشنگدارە لەو شۆڕشەدا، كە فەتوایان دابوو زەكات بە پێشمەرگەو شۆڕشی كوردستان بدرێت، ئەگەر پێشمەرگە و ڕێبەرەكەشیان كە مستەفا بارزانی بووە، خزمەتكارێكی بەئەمەكی ئەو خاكە نەبوونایە، زانایانی ئیسلامی كوردستان ئەو فەتوایەیان دەدا، كە ئێستا هەندێك لایەنی ئیسلامی سیاسیی دروست بوون، گومان لەسەر شەهادەتی پێشمەرگە و سردووی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دروست دەكەن.
• هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و خوێندكاران و قوتابیان، ئەندامیەتی ڕێكخراوەكانی خۆیانیان لە ئەندامیەتی پارتی بەگرنگتر زانیوەو، هەوڵیانداوە بوونی خۆیان لە ئەندامان و كادرانی پارتی لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا بسەلمێنن، ئەوانەی دەیانەوێت باشتر لەم ڕاستیە تێبگەن، ئێستا ئەو تێكۆشەرە نیشتمانپەروەرانە لە ژیاندا ماون، كە هەموویان پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوون و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانیش نەبوون.
• فرەیی سیاسیی دیاردەیەكی دیكەی ناو شۆڕشی ئەیلوول بووە، زۆر كەس كە باسی فرەیی لە شۆڕشی ئەیلوول دەكەن، بەو جۆرە پیشانی دەدەن لەبەر ئەوەی نفوزی پارتی زیاتر بووە لەناو شۆڕشدا و ئەو حزبانەی دیكە بچووك بوون، بەڵام بۆ مێژوو ئەو كاتەی حزبی شیوعی عێراقی لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا بووە وەك هاوپەیمانی پارتی و بەشدار لەو شۆڕشەدا، نفوزی سیاسیی حزبی شیوعی لە عێراقدا لە پارتی زیاتر نەبووبێت كەمتر نەبووە، لەمەش زیاتر ئەو پشتگرییە نێودەوڵەتیەی كە حزبی شیوعی عێراق هەیبووە، لەو كاتەدا پارتی ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتیەی نەبووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە و بە وردی دێڕەكانی مێژوو بخوێنینەوە، هەست بەو ڕاستیە دەكەین، ئەوانەی بەو جۆرە سەیری فرەیی شۆڕشی ئەیلوول دەكەن، ئەو كاتە چۆن هەوڵیانداوە بە ئاستی دژایەتیان بۆ پارتی، دژایەتی حزبی شیوعی عێراقی بكەن، هەر بۆیە فرەیی و پێكەوە ژیانیش كە پارتی وەك حزبێكی سیاسیی شانازی پێوە دەكات، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی بارزانی كە هەموو كات دەستووری پارتی بووە.
ئەگەر ئەم خاڵانە تاڕاددەیەك وەڵامێك بێت بۆ ئەوەی ڕێبازی بارزانی ڕێبازێكی پراكتیزەكراوە و تیۆری نییە، ئەوا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەشی ئایا جیاوازی لەنێوان سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی ئێستا هەیە یان نەء؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا دەڵێین، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین لەنێوان سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی ئێستا جیاوازییەكە، جیاوازی نێوان ئاسمان و ڕێسمانیش بێت، ئەوا لەلایەكی دیكەوە بۆ دروستبوونی ئیرادەی خێر جیاوازی لەنێوان سەردەمەكان نییە، هەر بۆنموونە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەو پێش شێخ عەبدولسەلامی بارزانی خۆزگە و ئاواتی گەلی كوردستانی بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان پۆلین كردووە، ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو ساڵە بەڕێز مسعود بارزانی-ش وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوە پۆلینی دەكات، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو هەوڵەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ گەیشتن بەم ئاواتە داویەتی، ئایا دەبێت بەڕێز مسعود بارزانی-ش هەر هەمان ئەو هەوڵانە دووبارە بكاتەوە؟ بێگومان نەخێر ئەم سەردەمە لەگەڵ سەردەمی شەهید شێخ عەبدولسەلام بارزانی جیاوازە، بەڵام ئەوەی كە بە نەگۆڕی ماوەتەوە ئەو ئیرادە خێرەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆ ئەم ئاواتە هەیبووە، لەلای بەڕێز مسعود بارزانی گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، ڕاستە سەردەمەكە گۆڕاوە و جیاوازە، بەڵام ئیرادەی خێرەكە نەگۆڕاوە، ئەمە خاڵێكی گرنگە لەسەری ڕابووەستین و دەبێت بەگرنگیەوە جەختی لەسەر بكەینەوە، ئەویش ئەوەیە ڕاستە سەردەم دەگۆڕێت، بەڵام گۆڕانی سەردەم پێوەندی بە ئیرادەی خێرەوە نییە، باراك ئۆباما كاتێك داوا دەكات لنكۆڵن بكاتە بەرنامەی سەرۆكایەتی خۆی، ئەو دەزانێت 150 ساڵ پێش ئەو لنكۆڵن سەرۆكی ئەمریكا بووە و ئەمریكای ئێستا ئەمریكای سەردەمی لنكۆڵن نییە، بەڵام دڵنیایە لەوەی ئەو ئیرادە خێرەی لنكۆڵن ئەگەر بتوانێت زیندووی بكاتەوە، ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر ئەمریكا پێویستی پێیەتی، لێرەشدا قسەی ئێمە لەسەر گۆڕانی سەردەم و كارەكتەرەكان نین، بەڵكو لەسەر دووبارە زیندوو كردنەوەی ئەو ئیرادە خێرەیە كە لە پیادەكردنی ڕێبازیی بارزانییەوە بەرهەم دێت، زیندوو كردنەوەی ئەو هێزەیە كە نەك ئێمە، بەڵكو لەوانەیە مستەفا بارزانی-ش بەو ئاستە مەزندەی بۆ نەكردبێت، كاتێك دروست بوو، نەك هەر توانی یەكڕیزی لەنێوان هاووڵاتیانی ئەم بەشەی كوردستان دروست بكات، بەڵكو هەموو سنوورە دەستكردەكانی سڕییەوە و كوردستانی كردەوە بەیەك پارچە، ئەم هێزە بوو مستەفا بارزانی وەك ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هەموو كوردستان پێناسەكرد و لە وتارەكەی باكۆدا بەرنامەی بۆ كۆماری كوردستانی یەكگرتوو ڕاگەیاند.


عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یاسای ئەخلاقی
چۆن فەلسەفەیەكی میللی دەبێتە یاسایەكی ئەخلاقی و هەموومان پێكەوە كۆدەكاتەوە؟ ڕێبازی بارزانی پێمان دەڵێت بە گۆڕینی فەلسەفەی ئەخلاقی میللی بۆ یاسای ئەخلاقی كۆمەڵگە، بەڵام پرسیار ئەوەیە فەلسەفەی ئەخلاقی میللی چییە؟ ئەمانۆئێل كانت دەڵێت:(ئەگەر هەموو ئەو دەنگانە كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی بزانین كامیان لە ڕیزی مەعریفەی ئەقڵی خالیس دادەنرێن، ئەوا دەزانین كە دابوو نەریتی كۆمەڵگە وەك فەلسەفەیەكی پراكتیكی میللی دەردەكەوێت، لێرەشدا دەزانین كە تای تەرازووەكە بەكام لادا هاوسەنگ دەبێت)، كەواتە ئەم وتەیەی كانت پێمان دەڵێت هەموو مەعریفەیەكی دابونەریتە میللییەكانی كۆمەڵگە، بەرهەمی ئەقڵی خالیسی تاكەكانی كۆمەڵگەیە، بەڵام لە پراكتیزە كردندا وەك بەرهەمی ئەقڵی عەمەلی پراكتیزە دەبن، كەواتە گۆڕینی مەعریفەی پێشوەختی ئەقڵی خالیس بۆ مەعریفەی ئەقڵی عەمەلی، گۆڕینی فەلسەفەی ئەخلاقی میللی كۆمەڵگەیە بۆ یاسای ئەخلاقی لەكۆمەڵگەدا، واتە گۆڕینی ئەو ئەخلاقە میللیەی لە ئەقڵی تاكەكاندا هەیە، بەڵام هێزێك ئەم فیكری ئەخلاقە لەنێو ئەقڵی خالیسەوە دەگۆڕێت بۆ ئەقڵی عەمەلی كۆمەڵگە.
ڕێبازی بارزانی پێشتر (واتە پێش مستەفا بارزانی) كاری لەسەر ئەوەكردووە، ئەو ئەخلاقە میللیەی لەنێو ئەقڵی تاكەكاندا بوونی هەیە، بگۆڕێت بۆ یاسای ئەخلاقی لە ناوچەیەكی كوردستاندا، هەر بۆ نموونە پێش بوونی مستەفا بارزانی بەیەكێك لە سەركردەكانی نێو ئەو ڕێبازە، لە كۆمەڵێك بواری كۆمەڵایەتیدا ئەو ئەخلاقە میللیە گۆڕدرابوو بۆ یاسای ئەخلاقی، بۆ نموونە وەك سەربەستی ئافرەت لە هەڵبژاردنی هاوسەر، قەدەغەكردنی ڕاو و نەبڕینی دار...تاد)، بەڵام بە دەركەوتنی مستەفا بارزانی لەدوای شۆڕشی بارزان و دواتر دەسپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول، مستەفا بارزانی هەوڵیدا سنووری پیادەكردن و گۆڕینی ئەخلاقی میللی بۆ یاسای ئەخلاقی فراوان بكات و سەرانسەری كوردستان بگرێتەوە، هەر بۆ نموونە پێش دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول كۆمەڵێك دابونەریتی كۆمەڵایەتی هەبوون وەك دیاردەی ژن بەژن و گەورە بە بچووك و چەندین شێوازی دیكە كە بەرامبەر ئافرەت پیادە دەكران، هەوڵدرا ئەو ڕەتكردنەوەیەی لەنێو ئەقڵی تاكەكانی كۆمەڵگە بۆ ئەم دیاردە ناشرینانە لەكۆمەڵگە بوونی هەبوو، دەسنیشان بكرێن، لە نێو ئەقڵی بێگەردی تاكەكاندا هەڵبكێشرێن، پاشان نەگەڕانەوە بۆ ئەو دیاردە ناشرینانە ببێتە كارێكی خۆویست و یاسای ئەخلاقی كۆمەڵگە ڕێگەیان لێبگرێت، لەلایەكی دیكە پابەندبوونی كۆمەڵگە بەو یاسا ئەخلاقیانەی كە ڕێبازی بارزانی وەك بەرهەمی ئەقڵی تاكەكانی كۆمەڵگە بەرهەمی هێناوە، واتە زیندووكردنەوەی ئیرادەی تاك و سنوورداركردنی ئیرادەی تاكەكان لە چوارچێوەی ئەو یاسا ئەخلاقیانەی كە تاك بە بەرهەمی ئیرادەی خۆی دەزانێت، ملكەچبوونی بۆ ئەو یاسایە وەك ملكەچبوونی بۆ ئیرادەی خۆی دەخوێنێتەوە، كەواتە كاتێك كە دەگاتە ئەو ئاستەی یاسا ئەخلاقیەكان بەرهەمی ئیرادەی خۆیەتی و ئەوە ئیرادەی خۆیەتی فەرزی دەكات بەسەریدا، بەشێك لە ئیرادەی خۆی بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵگە سنووردار بكات، ئەوا كۆی ئەو ئیرادانە، ئیرادەیەكی گەورەتر بەرهەم دەهێنێت، كە هیچ تاكێك بەدوای ئەوەدا وێڵ نابێت ئایا لە بەرژەوەندییەكانی سوودمەند دەبێت یان زیانی پێدەگات، ئیرادەیەكیش بەبێ لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندییە شەخسیەكان، یان بەبێ ئاگایی لە بەرژەوەندییە شەخسیەكان بڕیار بدات، ئەوا ئەو ئیرادەیەی لێ بەرهەم دێت كە پێی دەوترێت ئیرادەی خێر و بێجگە لەم ئیرادەیەش ناتوانرێت هیچ شتێكی دیكە لەم كۆمەڵگەیە بە خێر بژمێرێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئیرادەی خێر بەرهەم هاتووە و ئەم ئیرادە خێرەش ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی هیچ كەسێك نییە وەك تاك، بەرژەوەندی هەمووانیش وەك یەك دەپارێزێت، ئەوا لەم كاتەدا هەست دەكرێت ویژدانی هەمووان ئاسوودەیە، ڕاستە هەموو تاكەكان یەكسان نین، بەڵام هیچ لایەكیش لەبەرامبەر ئەوی دیكە بێ ویژدان نییە، یان ئەوەی هەیەتی لەسەر حسابی بەرژەوەندی بەرامبەر یان ئەوی دیكە دەستی نەكەتووە، كاتێك ئەم هەستەش لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگە دروست دەبێت، لە ناخی تاكەكاندا هەستكردن بەعەدالەت وەك ئارامیەكی ویژدانی بوونی دەبێت و بواری هەلی كاركردن بەیەكسانی لەبەردەمی هەمووان فەراهەم دەبێت و تاكەكان هەست بە ئاسوودەیی دەكەن، كەواتە لەمەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كەبڵێین ئەو بڕیارانەی لەنێو ڕێبازی بارزانی دروست دەكرێن(لێرەدا گرنگ نییە لەچ سەردەمێك و كێ دروستیان دەكات)، ئەگەر پابەند بێت بە هەردوو بنەمای ئەقڵانی و ئەخلاقی، ئەوا ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن، لای تەواوی خەڵك بڕیاری ماقووڵ دەبن، هەر بۆ نموونە لە ڕێبازی بارزانیدا ڕاوی ئاژەڵە كێوییەكان (نەك دڕندەكان) وەك یاسایەكی ئەخلاقی قەدەغە كراوە، ئەم یاسایە تائەو كاتە لای خەڵكی ناوچەی بارزان ماقووڵ دەبێت كە هەموو پێكەوە پابەند بن بەم یاسا ئەخلاقیەوە، خۆ ئەگەر بەشێك پێوەی پابەند بوو بەشێكی دیكە پێوەی پابەند نەبوو، یان پاكانەی بۆ هێنرایەوە، ئەوا لەوانەیە یاسا ئەخلاقیەكە بۆ ئەوانە بە پەسەند سەیر بكرێت كە ڕێگەیان پێدەدا ئەو كارە بكەن، بەڵام تەواوی یاساكە مەعقوڵیەتی خۆی لەدەست دەدات و جۆرە بێ ویژدانییەك دەردەكەوێت، ئەوجا گرنگە لێرەوە وەك خۆی لە ڕێبازی بارزانی تێبگەین و سەیری ئەو شێوازی پراكتیزە كردنە بكەین كە لەسەردەمی مستەفا بارزانی كراوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا سەردەمی مستەفا بارزانی كوردستان یان ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش بەهەشت بوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بەڕاشكاوی هەیە و دەبێت بڵێین: نەخێر لەو سەردەمە كوردستان یان ناوچە ئازادكراوەكان بەهەشت نەبوون، بەڵام مستەفا بازرانی ڕێگەشی نەدەدا كە ببێتە دۆزەخ، بە مانایەكی دیكە شۆڕشی ئەیلوول نەیدەتوانی بۆ هەموو تاكێكی لاوەكانی كوردستان ژیانی هاوسەری دروست بكات، بەڵام پرۆسەی هاوسەرگیری لاوەكانی ئاسان دەكرد، شۆڕشی ئەیلوول نەیدەتوانی مووچەی مانگانە بۆ هەر تاكێكی كوردستان ببڕێتەوە، بەڵام ڕێگەی كاسبی كردنی ئاسان دەكرد و بوارەكانی بەیەكسانی بۆ هەموو لایەك دەڕەخسان و شار و لادێیەكانی كوردستانی وەك تەواوكاری یەكتری سەیر دەكرد، كەواتە ئەوەی لەو دیاردەیە فێری دەبین ئەوەیە، مەرج نییە پارتی یان حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو شتێك بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكات و خەڵكی كوردستانیش ئیمكانییەتی حكومەت و وڵاتی خۆی دەزانێت چەندە و دەزانێت چی داوا دەكات، بەڵام گرنگە نییەتی ئەوە هەبێت وەك ڕێبازی بارزانی پێمان دەڵێت ئاستەنگەكان لەبەردەم قورسی ژیان لاببات.

Top