لەساڵیادی دامەزراندنیدا K.TV مۆزایكێك بۆ هەمووان

لەساڵیادی دامەزراندنیدا K.TV مۆزایكێك بۆ هەمووان
لەرۆژگاری ئەمڕۆدا جیهانی دیگیتاڵیانەی ئەنتەرنێت و شاشەكانی تیڤی و مۆبایل و دەزگا و كەناڵەكانی سەتەلایت و ماسمێدیا و راگەیاندن جگە لە پەیامیان بۆ ناساندنی كەلتووریی لۆكاڵ؛ ئەركێكی سیاسی و نەتەوەیی و ئەخلاقیشیان بۆ بەرز ڕاگرتنی بەهاكانی مرۆڤایەتی لە ئەستۆدایە، بەم جۆرە مێژووی كەناڵێكی ئاسمانی كوردستانی وەك هەڵگری پەیامی نیشتمانیی و نەتەوەیی گەلێكی پەراوێزخراو و كۆمەڵگەیەكی خودفەرامۆش لەدنیادا، پێش یازدە ساڵ لەمەوبەر و لەرێكەوتی 17/1/1999 یەكەم پەخشی خۆی وەشاند، ئەمەش بۆ ئەو سەردەمەو بۆ ئێستاش بەتایبەت لە گەیاندنی ویست و خواستی جڤاكی كوردستان و دۆزەكەی بە دەرەوە جێی بایەخ و گرنگی پێدانە، كوردستان تیڤی لە هەلومەرجێكی سیاسی و ئابووری تایبەتیدا و بە ئاگاییەكی كەلتووریانەو بە رۆح و زمانێكی شكۆمەندانەی هزرییەوە لەدایك بوو، دوای لەدایكبوونیشی لە كوردستاندا وەك مۆدەیەكی بە هەرمێن بۆ لەدایكبوونی چەند كەناڵێكی ئاسمانی تر رێگەی خۆش كرد، KTV توانی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە چێژی ستاتیكا و رۆشنبیرییەكی رەنگاو رەنگ بخاتە بەر دیدی بینەران و جڤاكەوە و هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكان لە خۆیدا كۆبكاتەوەو راستی و واقیعی نەتەوەیەك و دۆخی كوردستان هاوشان لەگەڵ رەوتی جیهانگیری بەرەودنیای دەرەوە بگوازێتەوە. KTVئەمڕۆ مۆمی دوازدەیەمینی خۆی دادەگیرسێنێ و بەئەقڵیەتێكی دامەزراوەیی پرۆفیشناڵیی بەهێزەوە و بەكۆمەڵێك پرۆژەی رۆشنبیری و فەرهەنگییەوە بەشێكی كارا لە دەنگ و رەنگی میدیای كوردی بۆ پێشەوە دەبات.

راستگۆترین كەناڵ... لەبەرنامەی ئەم ساڵیدا زیاترگرنگی بەخەمی هاووڵاتیان دەدات
كوردستانییەت لە پەیامدا و پرۆفیشناڵ بوون لە بەرنامەكاندا و ئەزموونگەرێتی هەمیشە لە نوێكردنەوەی رۆحدا ئەو مۆركە دانەبڕاوانەن كە بەسیمای KTVیەوە دیارن، بوونی كەسێكی میدیاكاری بەئەزموون لە كۆكردنەوەی كۆی هێزو توانای داهێنەرانەی چەندین كادێری وریا لە فێربووندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە چ لە بەڕێوەبردنی دەزگاكەدا و چ بۆ پاراستنی تایبەتمەندێتی و راستگۆیی و ئەخلاقییەتی پیشەیی راگەیاندكاریی . كاروان ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتی KTV وەك پەرۆشخۆرێك، كۆشش و هەوڵێكی وەرچەرخێنەرانەی داوە تاوەكو بەتین و جۆشێكی داهێنەرانەوە جوانی و لێهاتوویی ئەو كەناڵە بگەیەنێتە ئاستێك كە بەڕاستگۆیی و پرۆفیشناڵییەتەوە كاری میدیایی لەكوردستاندا دەكاتە مۆدە ..

ئێمە وەكو ستافی گۆڤاری گوڵان وێرای پیرۆزباییمان لە بەرێوەبەرایەتی و كارمەندانی ئەم كەناڵە ئاسمانییە بۆ ساڵیادی دامەزراندنیی بەبۆنەی 12 ساڵەی كاركردنیەوە لە راگەیاندنی كوردستانیدا، پێویستە ئەوەش بەیاد بێنینەوە كە كوردستان تیڤی یەكەمین كەناڵی ئاسمانی بوو لە باشووری كوردستان كە بە ئازادی لە ناو جڤاك و خاكی كوردانەوە ڕسكا و بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگ و پرس و دۆزی كورد لە كوردستانەوە پەخشی خۆی دەستپێكرد و هەموو سنوورە دەستكردەكانی شكاند .

دووبارە دەستخۆشی لەهەوڵ و ماندووبوونی یەكەیەكەی كارمەندان و بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەو كەناڵە نیشتمانیی و پڕ ئەزموونە دەكەین كە هەڵگری ئومێدن بۆدەوڵەمەندكردنی بواری میدیای داهاتووی نیشتمانی كوردان.

بۆ زیاتر شارەزابوون لە كارو بەرنامەكانی داهاتووی دەزگاكە لە پیرمام سەردانی ئۆفیسی سەرەكیی كەناڵەكەمان كرد، بەشەكانی KTVیمان بەسەر كردەوە، كە سەڕەرای ساردی كەشوهەواو پڕوشە و نمەی بەفربارین گەرم و گوڕییەكی بێوێنە بەكارەكانیانەوە دیار بوو...

KTV قۆناخێك بۆ وەرچەرخان لەمێژووی میدیاكارانی كوردستانیی
لە17ی تشرینی1999 لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا یەكەمین پەخشی كوردستان تیڤی وەشێنرا، ئەو سەردەم و قۆناغە وێڕای گەیاندنی دۆزە نەتەوەییە رەواكەی گەلی كورد بە دنیاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دەرەوە ؛ سەرەتای كۆئاگاهێنانی بینەرانیش بوو بۆ چەمگەلی دیموكراتییەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەهای نەتەوەیی و تاكەكەسی و مافەكانی منداڵان و ئافرەتان لە ناوەوە، هاوكات جەخت كردنەوە بوو لەئەزموونی رۆشنبیری و فەرهەنگی و ژیانی جڤاكی كوردستان كە ناتوانێت دابڕاو بێت لە جڤاكەكانی دەوروبەرو جیهان و هەمووان پێكەوە لە ناو یەكتریدا دەفراژێن، ئاگاداركردنەوەی هێزگەلێكی مرۆڤدۆست لە دنیادا بۆ رەوایەتی مافە نەتەوایەتییەكانی كوردو خستنە رووی ئەو زوڵم و ستەمەی بە درێژایی مێژوو لە گەلی كوردستان كراوەو سەرنج راكێشانی ئەوانی تر بەم بەسەرهات و ڕووداوانەی ڕوویانداوەو ڕوودەدەن یەكێك بوو لەو ئامانجانەی كە وایانكرد ئەم كەناڵە دابمەزرێت، جێی هەڵوەستەو تێڕوانینە كە هەر لە ساڵانی بەرایی پەخشیەوە بووبە كەناڵێك بۆ كرانەوەی فرە پێوەندی لە نێوان كوردستان و جیهانی دەرەوەی خۆی، KTV لەسەر ئەو بناغە پتەوو دەوڵەمەندەی بۆ وەدیهێنانی ئامانجە باڵاكانی نیشتمانن دامەزراوەو بڕیارو ویستی مەبدەئیانەی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە پشتەوە بوو تا ئەم كەناڵە ئەكتیڤانە بێتە ناو جیهانی میدیا و برەو بەكاری پیشەیی رۆژنامەنووسی و راگەیانكاریی كوردستانیی بدات، لەو دەمەوە كوردستانییەكان پێویستییان بەودەروازە كراوەیە هەبوو تاوەكو دەنگی خۆیان بەدنیای پێشكەوتووی دەرەوە بگەیەنن، سەردەمەكەش بەرەو قۆناغێكی گرنگ دەڕۆشت كە دواتر بەهۆی كرانەوەو شەفافییەت و پرۆفیشناڵیی بوون وەرچەرخانێكی مێژوویی بۆ كوردو دۆزەكەی لێكەوتەوە.

بەو پێیەی ئاسمان وەكو سنوورەكانی سەر زەمین موڵكی كەس نییە بەڵكو ئەجیندایەكی سەرتاسەری مرۆڤایەتییە و موڵكی هەموو میللەتانە، هەر بۆیە باشترین ڕێگا و دەرفەت بۆ كورد ئەوەیە كە پێویستە لەسەری بۆ گەیاندنی دەنگ و پەیامی رەوای خۆی ئاسمان هەڵبژێرێت، هاوكات بەو پێیەی راگەیاندن و دیگیتاڵ رۆڵێكی بەرچاوی لەو كرانەوە بەرفراوانەدا هەیە كە دنیای ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەخۆیەوە بینیویەتی، بگرە راگەیاندن ئەركی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگیشی بۆ فراژان و ڕسكانی كەلتووری ژیاریی لە ئەستۆدایە، لەبەرئەوە تا پەیامی مرۆڤانە لە ئاستێكی بەر تەسك چڕ نەكرێنەوە لەپاڵ ئەركە سیاسی و نەتەوەییەكاندا ئەركەكانی میدیاكارانی بەئەزموون زۆر لەجاران قورسترو زەحمەتتر بوون، بەرادەیەك قورسە ئەركی راگەیاندن كار ئەوەیە مۆركی ناوچەگەرێتی و شارچێتی و حزبایەتی و هەموو بەرتەسك روانینەكانی تر لە كەناڵەكانی ماسمیدیا بكاتەوە، هەربۆیە لەو بارودۆخە ناسكەدا پەخشی كەناڵێكی ئاسمانی كوردی بۆ یەكەمینجار لە مێژووی كوردا و لە باشووری كوردستانەوە كەوتە بەرچاوی بینەرانی كوردستان و جیهان، دەكرێت ناوی لێبنێین قۆناغێكی وەرچەرخان لەمێژووی میدیاكارانی كوردستانیی.

ئاوێنەیەك بۆ هزرو بۆچوون و دەنگی هەموو خەڵكی كوردستان
كارمەندەكانی KTV حیرفەیی و پڕ ئەزموونی بەكارەكانیانەوە دیارە، گەرچی ئاسان نییە لە روانگەی زانستییەوە هەروا بە سانایی هەموو ئەرك و كارەكانی ئەم كەناڵە هەڵسەنگێنین كە ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی كوردی لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی داناوە، ئەم ئەركانەش هەوێنێك بوو بۆ ئەوەی لەدوارۆژدا ببێتە ئەوكەناڵەی كە وەكو ئاوێنە هزروبۆچوون و ناخ ودەنگی هەموو خەڵكی تێدا رەنگبداتەوەو مۆزاییكی كوردستانی پێوەدیاربێت، هەر لەم روانگەیەوە لەیەكەم ساڵی پەخشیدا كوردستان تیڤی بەرنامەكانی بە (7) زمان بڵاودەكردەوە، كوردی بەهەردوو دیالێكتی كورمانجی سەروو خواروو لە پاڵ عەرەبی و سریانی و توركی و ئینگلیزی و توركمانی و فارسیدا، زۆری و رەنگاوڕەنگیی لە گەیاندنی پەیامەكان بەو زمانە جیاوازانەوە بۆ گەیاندنی جیهانبینیانەی واقیعی نەتەوەیی گەلی كورد دەگەڕایەوە.

ئەمە جگە لەوەی ئەو كات كوردستان تیڤی كەناڵێكی گشتی بوو، كەناڵی گشتیش وا پێویستی دەكرد هەموو بەرنامەیەكی سیاسی و هونەری و كەلتووری و وەرزشی و . تاد بۆ گۆشكردنی جەماوەر بە هەموو توێژو چینەكانیانەوە هەبێت.

لە 2008ەوە بەرەو تایبەتمەندێتی
لە2008ەوە هەنگاو بەهەنگاو وا پێویست دەكرا كوردستان ببێتە خاوەنی كەناڵێكی ئاسمانی تایبەتمەند، كەناڵێكی ئاسمانی تایبەت بە( دەنگوباس و سیاسەت و دیكۆمێنتاریی) ئەوەی زەمینەی بۆ ئەم ئاڕاستەیە خۆشكرد ئەزموون و توانای ستافەكانی كەناڵەكەو بوونی چەند كەناڵێكی تر بوون كە لەكوردستان لەدایكبوون و دەیانتوانی ئەركی سەرشانی كوردستان تیڤی لەبوارەكانی هونەری و رەنگاورەنگ و كۆمەڵایەتی وتەكنیكی سووك بكەن، هەر بۆیە كلیپ و بەرنامە هونەرییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبوونەوە، بەڵام ئەمەش واینەكرد كەناڵەكە كەمتەرخەم بێت لەخزمەت گەیاندن بەبواری هونەریی بەتایبەتی دوای ئەوەی كەناڵەكە رووی كردە پشتگیری درامای كوردی و وەرگێڕانی فیلمی بیانی و دۆبلاژكردنی زنجیرەو فلیمە بیانییەكان، هەروەها یەكەمین كەناڵبوو كەبۆ دروستكردنی ئەفلامكارتۆنی كوردی خۆماڵی چەند هەوڵێكی زانستانەی دا، لە بیرمانە ساڵی رابردوو بەڕێوەبەری گشتی KTV لە دیمانەیەكی گوڵاندا كە بەبۆنەی ساڵیادی كەناڵەكەیانەوە سازمانكردبوو پێمانی وت:( كار زیاتر بۆ نزیكبوونەوەو تێكەڵبوون لەگەڵ خەڵكی دەكەین، هەربۆیە لەساڵی تازە(مەبەستی 2009بوو)خۆمان خەریكی ناو ستۆدیۆو دانوستاندن و وتووێژو دیمانەی بێزاركەر ناكەین .

سەبارەت بەئاراستەی داهاتووی كەناڵەكەش بەڕێزی وتی: لەسەر ئاستی دنیا هەوڵدەدەین وەكو كەناڵێكی كوردستانی بەزمانی كوردی بتوانین قووڵاییەكی نێودەوڵەتی بە هەموو رەهەندەكانیەوە دروست بكەین..).
پاڵپشتیكردن بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بە چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی
لەپێناو بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و دیموكراسیدا كەناڵی كوردستان تیڤی هەردەم هەوڵی داوە ئەم ئەركە بەباشترین شێوە بەجێ بهێنێت، هەربۆیە سەڕەرای ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی هەوڵیشی داوە پارێزگاری لەراوبۆچوونە جیاوازەكان بكات و هاوسەنگی هێزو لایەنە جیاوازەكان ڕابگرێت، ئەم واقیعە لەبەرنامەكانیدا رەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی لەو كاتانەی كە گەلی كوردستانی لەسەرمەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا پێویستییان بەیەك دەنگی و یەكڕیزی هەیە.

KTV پلەی یەكەمی لە راستگۆییدا بەدەست هێناوە
بەگوێرەی زۆربەی ئەو راپرسی و وەرگرتنی دەنگانەی سەبارەت بە راگەیاندنی كوردی لەم ساڵانەی دواییدا كراون كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی بەراستگۆترین كەناڵ دانراوە، ئەمەش دەستكەوتێكی تری گرنگە بۆ ئەوەی هەمیشە دەنگی كوردستانییەت بگەیەنێتە دەرەوەو، ڕۆڵی ئیجابیانەی لە سەرخستنی ئەزموونی كوردستان ورەوایەتی دۆزە نەتەوەییەكەیدا هەبێت؟ ئێستاكە KTVپەخشەكەی دەگاتە 80%ی وڵاتانی دنیا، هەریەك لە كیشوەرەكانی ئەوروپاو ئەمەریكاو ئەمەریكای لاتینی و باشووری ئاسیاو ئوسترالیا دەگرێتەوە، زیاتر جەخت لەسەر ئەو شوێنانەش كراوەتەوە كە دیاسفۆرای كوردو كوردستانی لێیە، هەر كەسێكیش بیەوێت ئاگاداری وردەكارییەكانی كوردستان تیڤی بێت لە هەرشوێنێكی دنیا بێت دەتوانێت لە ڕێگای وێب سایتەكەیەوە راستەوخۆ بەكلیكێك و تەنیا بەجیاوازی ماوەی دوو چركە لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەو دەنگوباسەكانی KTV ئاگاداربێتەوەو ببینێت، سەبارەت بەپێوەندییەكان و ویب سایتی KTV كە زیاتر لە 2000 كەسایەتی لەبانكی زانیارییەكانی ئەم كەناڵە كۆكراوەتەوەو لە نێوخۆشیدا لەگەڵ سەرجەم رێكخراوو ناوەندو دەزگای حكومییەكان پێوەندی بەهێزی هەیە، هاوكات لەگەڵ ئاژانسی جیهانی (ئەسۆشێدپرێس) گرێبەستی هەیە، تاوەكو لەڕێگای ئەم ئاژانسە جیهانییەوە كە بارەگای سەرەكی لە شاری لەندەنی پایتەختی راگەیاندنی جیهانییە لەبەریتانیا و بەپێی گرێبەستەكە راستەوخۆو بەشێوەیەكی خێرا هەواڵە نێودەوڵەتی و هونەری و هەمەڕەنگەكانی لێوەربگرێت، تەنانەت لەهەر شوێنێكی دنیا كوردستان تیڤی بیەوێت كاروچالاكی و هەواڵ بگوازێتەوە ئەوا لە ڕێگای ئەم ئاژانسەوە هاوكاری دەكرێت، بەمەش رووداوو هەواڵەكان بەشێوەیەكی خێرا دەگەیەنرێنە بینەری كوردستانی و ئەمەش دەبێتە تایبەتمەندییەكی تری KTV، ئیبراهیم حاجی ساڵح بەڕێوەبەری پێوەندییەكان و سەرنووسەری سایتی کوردستان وتی: كوردستان تیڤی پەیامێكی بڵاوكراوەی هەیەو لەسەر ئەو بنەمایە كار دەكات، رازیبوونی بینەرو خەڵك لەلای ئێمە گرنگە، هەر ئەو بنەمایانە بووە وایكردووە كە چەند ساڵە لە راپرسییەكاندا KTV پلەی یەكەمین لە راستگۆییدا بەدەست بێنێت، ئەوەبوو لە راپرسی دەزگایەكی سەر بە توێژینەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا كە لەكاتی هەڵبژاردنەكان ئەنجامیاندا تێیدا پرسیاریان كردبوو : بۆ زانیاری راست و دروست لەسەر هەڵبژاردن لەكوردستان پشت بەكام كەناڵی میدیایی دەبەستێت؟ ئەوەبوو دەرئەنجامەكەی KTVلەكوردستان بەیەكەم كەناڵ ناوی هاتوو لەسەر ئاستی عێراقیش شەشەمین كەناڵی راگەیاندن بوو. KTV كەناڵێكە لەگەڵ هەواڵ و بەرنامەو بابەتەكان مامەڵەیەكی شەفاف و راستگۆییانەی هەیە، هەر كەناڵێكی راگەیاندنیش مسداقییەتی لە راستگۆیدایە گەر وانەبێت باجەكەی بە قورسی دەداتەوە.

كوردستان تیڤی وەك كەناڵێكی هەواڵ و رۆشنبیری و دیكۆمێنتاری بەردەوامی بە كارەكانی خۆی دەدات
بەرنامەكانی كوردستان تیڤی لەپاڵ گەشەسەندنی ماسمیدیا و بزاڤەكانی ژیاریی و كۆمەڵگەیی كوردستاندا تایبەتمەندێتی خۆیان
هەیەو لەناو كەناڵە ئاسمانیەكانی كوردستان تەنیا كەناڵێكە بێ جیاوازی گرنگی بەهەموو ئەتنی و زمان و كەلتوورو ئایین ومەزهەب و ئاینزاكانی نێو كوردستان دەدات، تەنانەت لە بوارەكانی هەواڵ و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشیدا بەبێ حسابكردن بۆ ناوچەگەرێتی و رەگەزچێتی و شارچێتی هەمووان بەپێی لێهاتوویی و قەبارەی داهێنانیان بەسەر دەكاتەوە، كامیل فەخرەدین بەڕێوەبەری بەرنامەكان لە KTV سەبارەت بە بەرنامەكانی ئەم كەناڵە وتی (( لە دوانزە ساڵەی كاركردنی كوردستان تیڤی دا، بەردەوامی دەدەین بە گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی ئەمەش بەئەزموونێكی دوانزە ساڵییەوەو بەتێروانینێكی قووڵترەوە كەناڵەكەمان خزمەت بەو گوتارە دەكات)) وێڕای گرنگیدان بەم لایەنە كوردستان تیڤی بایەخی بەهەموو زمان و كەلتوورو ئایین و ئاینزاكانی نیو كوردستان داوەو لەهەموو بوارەكاندا جێ پەنجەی دیارە.

هەر سەبارەت بە بەرنامەكانی كوردستان تیڤی بەرێوەبەری بەرنامەكان دەڵێت: بەرنامەكان هەر شەش مانگ جارێك پرۆگرامی نوێیان هەیەو، بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2011 لە دوای ئەوەی كە دوو ستۆدێوی نوێمان ئامادە كردووە بۆ هەواڵ و بەرنامەكان لەشێوازی كاركردنماندا گرنگیدانی زیاترە بە خەمی هاووڵاتیان دەدەین وئەمەش بە بەشداریكردنی راستەوخۆی هاووڵاتیان لەناو ستۆدیۆكان و دەرەوەیاندا دەبێت.

لە دوتوێی بەرنامەكان و لە هەوڵی گەیشتن بە راستییەكان و گفتوگۆكردن لەسەر دادپەروەری و گوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان بیرۆكەی بەرنامەكانی كوردستان تیڤییە، لە پاڵ كاری رۆژنامەگەرییەوە پرۆگرامەكان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیش سەرگەرم و سەرقاڵ دەبن، لەهەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان زیاترلەنووسینگەیەكمان هەیە و كارو چالاكییە رۆشنبیریی و هونەرییەكانیان بە بەردەوامی بڵاودەكرێنەوە، ئەمە جگە لەو دیكۆمێنتاریانەی كە بەردەوام شارەكانی دیكەی كوردستان بۆ بینەران پێناس دەكەن و لە هەموو رووەكانی كەلتووری و رۆشنبیری و هونەری و بژێوی ژیان و گوزەرانیان دەكۆڵێتەوە.

لەهەواڵەكاندا بڕوامان بەراستگۆیی و مسداقییەت هەیە نەك پەلەكردن و پێشبركێ لەسەر حیسابی راستگۆیی....
هەواڵەكانی كوردستان تیڤی بەزمانێكی لەسەرخۆو هادیف ناسراون، KTV لەهەواڵەكانیدا خۆی ناكاتە حەكەم و حاكم بەسەر خەڵكییەوە هەروەكو چۆن هەندێك كەناڵی سەتەلایت لەم دواییەدا پەیدا بوون و خۆیان كردۆتە حاكمی رەهای خەڵك وسیناریۆو تەمسیلی ساختە بە جەماوەر دەردێنن كە ئەمەش پابەندنەبوونی كارمەندان و بەرنامەداڕێژەرانی ئەو كەناڵانەن بە بنەماكانی ئەخلاقییەتی راگەیاندن، ئەركی دەزگای میدیا نییە چەند كەسانێك بكەنە تووتی و دەزگاكەش خۆی بڕیار بدات فڵان باشەو فڵانە خراپە، بەڵكو كاری رۆژنامەوانی لەچوارچێوەی ئەخلاقییەتی پیشەییەوە تەماشا دەكرێت، لەسەردانێكماندا بۆ بەشی هەواڵ و سیاسەت؛ كە پێكهاتووە لە دەنگوباسی گشتی و ئابووری و وەرزش هەروەها بەرنامە سیاسییەكان و دیدی رۆژنامە و وێب سایت، كاروان ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتی كەناڵەكە لەوێ سەرۆكاری دەكردن وێڕای بەخێرهاتنمان بواری پێداین بەئازادانەو راشكاوانە بەشەكە بەسەر بكەینەوە، ئەوە بوو چەند پرسیارێكمان ئاراستەی عەبدولڕەحمان كاكل بەڕێوەبەری سەنتەری هەواڵ و سیاسەت كرد و لەوەڵامدا وتی: هەوڵمان داوە پیشەییانە كار بكەین، بەڵام ئێمە تەلەڤزیۆنێكی مولتەزیمین بەپرەنسیپەكانی نەتەوە و نیشتمانی خۆمانەوە، هەمووكات لەكاركردنماندا بەها نیشتمانیی و نەتەوەییەكان لەبەرایی هەموو شتێك دادەنێین، ئەوەش بەئەركی خۆمان دەزانین، لەكاركردنیش بڕوامان بەخێرایی هەیە بەڵام نەك هەڵپەهەڵپكردن،هەروەها بڕوامان بە راستگۆیی و مسداقییەت هەیە نەك پەلەكردن و پێشبركێ لەسەر حیسابی راستگۆیی و دروستی، بڕوامان بە داهێنان هەیە بەڵام داهێنانی خۆمانە نەك لاسایی كردنەوەی پەڕگیرانەی ئەم و ئەو.

سەبارەت بە پرۆگرامی ساڵی نوێی KTVبەڕێوەبەری سەنتەری هەواڵ و سیاسەت وتی: ئێمە هەولمان داوە لەهەموو كاتژمێرێك بڵاوكراوەیەكی دەنگوباسمان هەبێت، بێگومان دوا بڵاوكراوەی زیندوومان 12:30 دوای نیوەشەوە .

هەروەها تۆڕی پەیامنێران بەسەر زۆربەی ناوچەكانی كوردستان دابەشكراون كە سەرجەم پارێزگاكان و لە زۆربەی هەرەزۆری قەزا و ناحیەكان نووسینگە یان گرووپی پەیامنێرانی كەناڵەكەمانی تێدایە ئەمە جگە لە بەغدا و مووسڵ و بەسرە و نەجەف و لەدەرەوەی وڵاتیش بە هەمان شێوە، لەمەریوان و ورمێ و تاران و دیاربەكر و ئەستەنبول و دیمەشق و بەیروت و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا نووسینگەمان هەیە و گرووپی پەیامنێران كاری تێدا دەكەن .
بۆ ساڵی نوێ دیارترین گۆڕانكاریمان گۆڕینی ستۆدیۆی دەنگوباس دەبێت و لە پیرمامیشەوە دەگوازینەوە بۆ ناو شاری هەولێر، بێگومان جگە لەگۆڕانكاریی لەدیكۆرو ستۆدیۆو نوێبوونەوەیەكی نەوعیش بە ناوەڕۆكی كارەكانمانەوە ڕوودەدات.
Top