كـۆنگرە وێستـگەیـەكە بـۆ خــۆڕێكــخستنەوەی حزب

كـۆنگرە وێستـگەیـەكە بـۆ خــۆڕێكــخستنەوەی حزب
حزبە سیــاسییەكان و كۆمەڵگەی دیموكراتی
كـۆنگرە وێستـگەیـەكە بـۆ خــۆڕێكــخستنەوەی حزب


باسكردنی حزب لەم راپۆرتە، باسكردنی حزبە لە كۆمەڵگەی دیموكراتی و هەروەها گرێدانی كۆنگرەش دیسان گرێدانی كۆنگرەی حزبە سیاسییەكانە لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا، لەم روانگەیەوە ئەو لایەن و تایبەتمەندیانە دەخەینەروو كە حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتی لەخۆی دەگرێت و شێوازی ئەو كۆنگرانە دەخەینەروو كە حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتی باسی دەكات، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا حزبی سیاسی لە كۆمەڵگەدا وەك دامەزراوەیەكی سەرەكی بۆ كۆمەڵگەی دیموكراتی و سیستمە سیاسییەكە ئاماژەی پێدەكرێت و جەخت لەسەر گرنگی حزب بۆ بونیادی سیستمە سیاسییەكە دەكەینەوە و راشكاوانە ئاماژە بەوەدەكەین دیموكراتیەتی نوێنەرایەتی یاخود پەرلەمانی بەبێ بوونی حزبی سیاسیی بوونی نابێت. كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت ئەگەر بمانەوێت لە كۆمەڵگە دیموكراتیەت بونیاد بنێین ئەوە دەبێت لە كۆمەڵگە حزب هەبێت و دەبێت حزبە سیاسییەكانیش بڕوایان بەدیموكراتی هەبێت و پێش ئەوەی بیر لە پرۆسەی دیموكراتی لە نێو كۆمەڵگە بكەنەوە دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆی حزب دیموكراتیەت پیادە بكەن، گرنگترین هەنگاوی دیموكراتیش لە هەر حزبێكدا چۆنیەتی گرێدانی كۆنگرە و چۆنیەتی خۆ ئامادەكردنەوەیەتی بۆ داهاتوو.
لێرەدا ناتوانین حزبەسیاسییەكانی نێو كۆمەڵگە دیموكراتیەكان لە بازنەیەكدا كۆبكەینەوە و لەسەر شێوازی گرێدانی كۆنگرەكانیان قسە بكەین، یان شێوازی گرێدانی كۆنگرەكانیان بەیەكتری بەراورد بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەر حزبێكی سیاسی كە كۆنگرە گرێدەدات لە بەر رۆشنایی سیاسەتی لۆكاڵی كۆمەڵگەی خۆی ئەو جوگرافیایەی دەبێتە سنووری هەڵسوڕانی كاری حزبایەتی و خواستەكانی خەڵك لەناو ئەو پێگە جوگرافیە، راپۆرتی سیاسیی خۆی بۆ كۆنگرە ئامادە دەكات و لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتە سیاسییەش هەر حزبێك دەستووری خۆی یان پێڕەو پرۆگرامی خۆی بۆ قۆناخی ئاییندە دادەڕێژێتەوە، هەروەها لە نێو ئەم پرۆگرامەشدا شێوازی هەڵبژاردنی كاندیدەكانی بۆ نێو پرۆسە سیاسییەكە و بایەخدانی بە توێژو چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دیاری دەكاتەوە، هەر بۆیە كاتێك بمانەوێت باسی كۆنگرەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمەڵگە دیموكراتیەكاندا بكەین، ناتوانین پێشوەختە كۆمەڵێك رێوشوێن دیاری بكەین و جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە بەوەی دەبێت پارتە سیاسییەكان بەو شێوەیە كۆنگرە گرێبدەن یان بەو شێوەیە كاری خۆیان لە كۆنگرەدا هەڵبسوڕێنن، بەڵام دەكرێت ئاماژە بە رەهەندە گشتیەكان و چۆنیەتی خۆ رێكخستن بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی دیموكراتی و بونیادی دیموكراتی لە رێی حزبە سیاسییەكانەوە لە كۆمەڵگەدا بكەین.
ئەم میتۆدە بەرەو ئەو ئاراستەیەمان دەبات كە جەخت لەسەر ئەو لایەنە بكەینەوە لە كۆنگرەی حزبەكاندا ئەوەی لەسەر كادر و هەڵسوراوانی نێو ئەو حزبە فەرز دەبێت ئەوەیە كە بەشێوەیەكی لۆژیكانە ئەو كاریگەریانە هەڵبسەنگێنین كە دەبنە فاكتەری زیاتر كرانەوەی حزب و بونیادی دیموكراتی لەناو حزبدا، ئەمەش بەو مانایەی حزب ببێتە ئەو چوارچێوەیەی كە لێهاتوویی سیاسیی هاووڵاتیان و كاریگەری ئەو لێهاتووییە سیاسییە لە پرۆسەی بەشداری لە پرۆسە سیاسییەكەدا بەرجەستە بكاتەوە، ببێتە هۆكاری وەرچەرخان لە پیادەكردنی سیاسەتی حزبی لەناو كۆمەڵگەدا، ئەمەش بەو مانایەی كە هەر حزبێكی سیاسیی جیا لەوەی كۆمەڵێك نوێنەری لەناو پەرلەماندا هەیە یان ئەگەر زۆرینەی دەنگەكانی پێدرابێت و حكومەتی پێكهێنابێت و خەڵك لە شێوازی كاری پەرلەمانتارەكانی و سیاسەتی حكومەتەوە سەیری سیاسەتی ئەو حزبە بكات، بەڵام دیسان لەدەرەوەی كاری پەرلەمان و حكومەتیش حزب خاوەنی رێكخستن و رێكخراوەكانی خۆیەتی و پەیوەندی راستەوخۆ و رۆژانەی لەگەڵ هاوڵاتیان هەیە و ئەم پەیوەندییە راستەوخۆیەی رۆژانەی حزبیش لەگەڵ هاوڵاتیان، بەپێی ئەو دەستوورەی حزب رۆژانە كاری پێدەكات دیسان بازنەیەكی دیكە بۆ بایەخدان بە خواستەكانی خەڵك دروست دەكاتەوە و لە میانەی خواست و داخوازییەكانی خەڵكەوە بڕیارەكانی ناو حزب دروست دەبن، لەم حاڵەتەدا سەرچاوەی بڕیارەكانی حزب دەگۆڕێت بۆ خواست و داوایەكانی خەڵك ئەوا هەیكەلی حزبیش لە هەیكەلێكی مەركەزیەوە دەگۆڕێت بۆ هەیكەلی حزبێكی هاوبەشی جەماوەر و بازنەی بڕیار دروستكردنی حزب لە بازنەی ئەندامەكانیەوە بە ئاستێك فراوان دەكات كە خەڵكیش بەشداری لە پرۆسەی بڕیار دروستكردندا بكات، ئەمەش واتە وەرچەرخان لە بیركردنەوەی حزبدا بەجۆرێك دەگۆڕێت، كە حزب گرنگی بەو مەسەلانە دەدات كە لای خەڵك گرنگە نەك حزب هەوڵبدات ئەو مەسەلانەی خۆی بەگرنگی دەزانێت بەسەر خەڵكیدا فەرزی بكات، بەڵام لێرەدا ئیشكالیەتێك دێتە ئاراوە و پرسیار دروست دەبێت، ئەگەر حزب لەكۆمەڵگەی دیموكراتی فەرز بێت لەسەر بایەخدانی بەكێشەو خواستی خەڵك پرۆگرامی خۆی دابڕێژێت و خۆی بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و پرۆسەی بونیادی دیموكراتی لەكۆمەڵگە تەیار بكات، ئایا چۆن رایەڵەیەك لە نێوان خواست و خەمەكانی خەڵك و ئامانجە نیشتمانیە گشتیەكاندا دروست دەكات؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئاستی سەركەوتنی حزبە سیاسییەكان لە كۆمەڵگە دیاری دەكات و هەر حزبێكی سیاسیی بتوانێت لە وەرچەرخانی سیاسەتی خۆی بۆ خواستی خەڵك و لە وەرچەرخانی خواستی خەڵك و گرێدانەوەی بە ئامانجە نیشتمانییە گشتیەكانەوە سەركەتوو بێت ئەوا وەك حزبێكی دیموكراتی سەركەتوو لە كۆمەڵگە خەڵك متمانەی خۆی بەو حزبە دەدات. سەبارەت بە بایەخی كۆنگرە لە ژیانی حزبەكاندا لە كۆمەڵگەی دیموكراتی پرۆفیسۆر ستیڤن تایلۆر لە زانكۆی ترۆی سەبارەت بە گرنگی كۆنگرە لەژیانی پارتە سیاسییەكاندا بۆ ئەم راپۆرتە هاتە ئاخاوتن و وتی : (حزبە دیموكراتیەكان بە ئامانجی ڕاوێژكردن لەگەڵ ئەندامانی پارتەكەدا كۆنگرە گرێدەدەن، ئەویش لە پێناو پێداچوونەوە و دانانی بەرنامە بۆ چالاكیەكانی پارتەكە، بە چەشنێك كە ڕەنگدانەوەی خواست و ویست و چاوەڕوانی هاوڵاتیان بێت لە حكومەتەی كە ئەو پارتە سیاسییەكە سیاسەتەكەی دادەڕێژێت، هەروەها كۆنگرە دەتوانێت هۆكارێكی یارمەتیدەربێت لە بنیاتنانی دیموكراسیدا، لەبەر ئەوەی دەرفەتێكە بۆ ئاڵ و گۆڕی پەیوەندی و چەسپاندنی بەرپرسیارێتی لە نێوان ئەندامانی پارتەكە و پاڵێوراوە و سەركردەكانی ئەو پارتەدا، بە تایبەتی كە لەسەر ئاستی محەلی بەشداریان تێدا بكرێت.، واتە دەرفەت و هەلی زیاتر دەڕەخسێت بۆ زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بیربۆچوونەكان لە نێوان ئەندامانی پارتەكە و سەركردەكانی پارتەكە، هەروەها كۆنگرە دەرفەتێكیشە بۆ زیاتر پتەوكردنی پارتەكە لەگەڵ ئەو شاندانەی دەبنە میوانی كۆنگرەكە)) هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا و سەبارەت بە كاریگەری كۆنگرە لەسەر بونیادی دیموكراتی لەناو خودی حزبەكاندا پرۆفیسۆر تایلۆر وتی : (دووبارە ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسە بنەڕەتیەكە كە ئەویش ئەوەیە ئەگەر كۆمەڵگە كراوە بێت ئەوا دەتوانین پێشبینی پرۆسەیەكی كراوە بكەین لە نێو پارتە سیاسییەكاندا، بە پێچەوانەوە لە كۆمەڵگەیەكی داخراودا ناتوانین ئەم پێشبینی و چاوەڕوانیەمان هەبێت)) كەواتە وەك پرۆفیسۆر تایلۆر بۆ ئەم راپۆرتە ئاماژەی پێكردووە كۆنگرە كۆمەڵێك دەرفەتی گرنگ بۆ نوێكردنەوە و جۆشدانەوەی حزب دەڕەخسێنێت، بۆیە لەمبارەوە و سەبارەت بە كاریگەری كۆنگرە لەسەر حزب و ئەو كاریگەریانەی لەسەر بەرەو پێشەوە چوونی حزب دەیبێت لە پرۆفیسۆر مارڤین ئۆڤەربای ئوستادی زانستی سیاسەت لە زانكۆی میسوری و تایبەتمەند لە پارتە سیاسییەكانمان پرسی ئایا كاریگەری كۆنگرە لە ژیانی حزبەكاندا چییە ؟ لەوەڵامدا پرۆفیسۆر ئۆڤەر بای بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوەو وتی : (لە ئەمەریكادا هەردوو پارتی كۆماریەكان و دیموكراتەكان هەر چوار ساڵ جارێك كۆنگرەیەك بۆ دەستنیشانكردنی پالێوراوی سەرۆكایەتی گرێدەدەن، واتە ئەو پاڵێوراوەی كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی دەكات.هەر بۆیە من وای دەبینم كۆنگرە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە حزبدا دروست دەكات، بە تایبەتی ئەگەر كۆنگرەكان بە باشی بەڕێوەبچن، كە ئەم كۆنگرانەش گوزارشتكردنێكی گشتین لە چالاكی پارتەكە. لە ئەمەریكا كۆنگرەكان پتر بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو بڕیارەیە كە پێشتر لە میانەی هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی پارتەكەدا دراوە، هەروەها بە ئامانجی خستنەگەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕاكێشانی سەرنجی ڕای گشتیە، واتە پەیوەست نییە بە گۆڕینی سروشتی پرۆسە سیاسییەكەوە، لەلایەكی دیكەوە بێگومان پارتە سیاسییەكان ئامانجی جۆراجۆریان هەیە، بە تایبەتی لە كۆمەڵگە دیموكراسیەكاندا، لە پێش هەموویان پارتە سیاسییەكان دەبنە چەترێك بۆ ئەوەی پاڵێوراوێكی دیاریكراو لە سایەیدا هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بدات كە هەڵبژاردنی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش كورتكردنەوەی ڕێگایە بۆ هاوڵاتیان، چونكە بە ئاسانی دەزانن ئەو كەسانە كێن ودەزانن دەنگ بە كێ دەدەن. بۆ نموونە لە ئەمەریكا ئەوە ڕوونە پاڵێوراوی كۆماریەكان پتر تێڕوانینێكی موخافیزكارانەی هەیە لە ئاست پرسە كۆمەڵایەتی و ئابوریەكاندا، لە كاتێكدا دیموكراتەكان ڕوانگەیەكی پتر لیبراڵیان هەیە لە ئاست ئەو مەسەلانەدا. هەروەها كاتێك ئەو پاڵێوراوە سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەوا پارتەكەی چوارچێوەیەك بۆ ڕێكخستنی حكومەت بۆ ئەو پاڵێوراوە دابین دەكات. بۆ نموونە ئەگەر ئیدارەی ئەمەریكا لە دەستی دیموكراتەكان بێت، ئەوا كەسانی ناو دیموكراتەكان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی پۆستە سەرەكیەكان بگرنەدەست. )) ئەوەی پرۆفیسۆر مارڤین ئاماژەی پێكرد جۆرێك لە تایبەتمەندی پارتە سیاسییەكانی ئەمریكا بوو بەتایبەتی كە ئاماژەی بە هەردوو پارتی دیموكراتی و كۆماری كرد، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەر لەناو كۆمەڵگە دیموكراتیە رۆژئاواییەكاندا بە تایبەتی ئەوروپای رۆژئاوا پارتە سیاسییەكان لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی ئەمریكا جیاوازیان هەیە و بەدوو شێوازی جیاواز كۆنگرەكانیان بەرێوە دەبەن؟ پرۆفیسۆر هێسەر مبایی ئوستادی فەلەسەفە و زانستی سیاسەت لە زانكۆی جۆرجیا بەمجۆرە وەڵامی ئەم پرسیارەی داینەوە و وتی : ((لە ئەمەریكادا كۆنگرەكان پتر دەرفەتێكن بۆ پێكەوە كۆبوونەوەی دڵسۆزانی پارتەكە، واتە زیاتر لە كۆبوونەوەی ئەو كەسانە دەچێت، واتە ئەو كەسانەی باوەڕیان بە بەرنامەی ئەو پارتە هەیە كۆدەبنەوە و تێیدا باس لە كار و بەرنامەی پارتەكە ناكریت. لە كاتێكدا لە ئەوروپا كۆنگرە سیاسییەكان زیاتر بۆ ئەندامانی پارتەكەیە و بۆ پێداچوونەوە بە كارەكان و بۆ داڕشتنی بەرنامەی پارتەكەیە. بۆیە ئەو گۆڕانكاریانەی كۆنگرە دروستی دەكات، بە دڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر پتەوكردنی دیموكراتی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر پارتی سیاسی بیروبۆچون و تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت ئەوا ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوكردنی دیموكراسی، واتە ئەگەر تێكڕای پارتە سیاسییەكان پابەندبوونێكی پتەویان بە پیادەكردنی دیموكراسیەوە هەبێت، ئەوا دیموكراسیش بەهێزتر دەبێت. مایەی گرفتیش دەبێت ئەگەر ئەم پابەندبونەیان نەبێت.))، لێرەدا خاڵی گرنگ پابەندبوونی حزبە سیاسییەكانە بە پیادەكردنی دیموكراتیەوە لەناو حزبەكانی خۆیاندا هەر بۆیە بوونی دیموكراتی لە ناو حزب بە هەمان شێوەی كۆمەڵگە، هەڵبژاردنی ناو كۆنگرە دەبێتە لێپرسینەوە بۆ ئەو ئەندام و كادرانەی لە ماوەی نێوان دوو كۆنگرەدا كەمتەر خەم بوون لە كاری پارتایەتی یان ئەركەكانی سەرشانیان، سەبارەت بەم پرسەش پرۆفیسۆر كارلس بیوكس تۆژەر لە ئامۆژگای ۆردۆ وڵسن بەمجۆرە بۆ ئەم راپۆرتە هاتە ئاخاوتن و وتی : ((یەكێك لە ئامانجەكانی كۆنگرەی پارتەكان، بریتیە لە دەستنیشانكردنی پاڵێوراوەكان، كۆنگرەكانیش شێوەی جیاوازیان هەیە، لە ئەمەریكادا كۆنگرەكان كراوەن، لەبەر ئەوەی سیستمی سیاسی لە وڵاتەكەدا مرونەتێكی زۆری تێدایە، لە ئەوروپادا كۆنگرەكان پتر بیرۆكراتیانەن. هەر بۆیە ئەمە دەوەستێتەسەر سروشتی پارتەكان، هەندێ لە پارتە سیاسییەكان دیموكراتین و هەندێكی دیكەشیان بە پێچەوانەوە، بۆ نموونە هەندێ لە پارتە سیاسییەكانی سەد ساڵ پێش ئێستای ئەوروپا كەمتر دیموكراتی و زیاتر بیرۆكراتی بوون لە ژیانی ناخۆیی پارتەكەدا. بەڵام گرنگی كۆنگرە ئەوەیە دەنگدەران دەتوانن لە كاتی دەنگداندا سزای پاڵێوراوانی پارتەكان بدەن.))، بێگومان سزادانی دیموكراتیانەی ناو كۆنگرەش واتە لێسەندنەوەی متمانە و دەنگ پێنەدانەوەی بۆ ئەوەی لەماوەی نێوان دوو كۆنگرەی داهاتوو متمانی پێبدرێتەوە.
كاری حزبایەتی لەنێوان
خواستی خەڵك و ئامانجە نیشتمانیەكاندا
وەك پێشتریش لەم راپۆرتە ئاماژەمان پێكرد یەكێك لە ئیشكالیەتە گەورەكانی حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتی چۆنیەتی وەرچەرخان یان دروستكردنی رایەڵەیەكە لە نێوان خواستەكانی هاوڵاتیان و ئامانجە نیشتمانیە گشتیەكانە كە چارەنووسی هەموو كۆمەڵگە و داهاتووی پێوە بەندە، بۆیە رێكخستن یان هاوسەنگی دروستكردن لە نێوان ئەم دوو حاڵەتە سەركەوتنی حزبی سیاسیی لەكۆمەڵگە پیشاندەدات، ئەم حاڵەتە ئەگەر لە كوردستان سەیری بكەین و وەك نموونە پارتی دیموكراتی كوردستان وەربگرین بەو سیفەتەی لەسەرووبەندی گرێدانی كۆنگرەدایە، دەبینن ئەم لایەنە یەكێكە لەو لایەنە گرنگانەی كە پێویستە پارتی لەم كۆنگرەیەدا هەڵوەستەی لەسەر بكات و ئەم لایەنەش جیاوازییەكی گەورە لە نێوان ئەم كۆنگرەیە و ئەوانی دیكە دیاری دەكات،جیاوازیەكەش لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە یەكەمین كۆنگرەی پارتی یە كە لەدوای ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی بەسەر واقیعی كوردستان و عێراق و ناوچەكە هاتووە گرێدەدرێت، ئەمە بێجگە لەوەی پرۆسەی دیموكراتی لەكوردستان بەبەراورد لەگەڵ باردۆخی كۆنگرەی 12 گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و هەنگاوی باش چۆتە پێشەوە، لەمەش گرنگتر خەڵكی كوردستان لەگەڵ زەمینەی سیستمی دیموكراتی و پێداگرتن لەسەر حكومڕانی باش و خۆشگوزەرانی باشتر راهاتووە و، زیدەرۆیی ناكەین ئەگەر بڵێین لای خەڵكی كوردستان حكومرانی باش و خۆشگوزەرانی بۆتە ئەولەویەت، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا كۆمەڵێك ئامانجی نیشتمانیمان ماون و هێشتا بەدەست نەهاتوون و هەروەها نزیكەی ناوچە دابراوەكان كە رێژەی %40ی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمە بێجگە لەو هەڕەشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەی كە بەشێوەیەك لە شێوەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە و چارەنووسی هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە دەگرێتەوە، بۆیە گەر بەم شێوەیە فراوانە سەیری ئەركەكانی پارتی بكەین وەك پارتێكی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان ئەوادەبینن ئەركی كۆنگرەكەی ئاسان نییە، هەروەها لەلایەكی دیكەوە پارتی لەسەر ئاستی نیشتمانی عێراقیش كە لق و رێكخراوەكانی لەبەشێكی فراوانی عێراقدا هەیە، دەبینن ئەمەش جۆرە ئیشكالیەتیەكی دیكە دێنێتە ئاراوە و پێویست دەبێت لەسەر پارتی كە رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە و هەرێمە جیاوازەكان بكات و ناچار دەبێت جۆرێك لە لامەركەزیەت لەكاری رێكخراوەیی پیادە بكات،ئەمە لەو روانگەیەوە ئاماژەی پێدەكەین، كە دیاردەیەكی زۆر ئاساییە بۆ وڵاتێكی فیدرالی وەكو عێراق كە یاساكانی هەرێمی سەد دەرسەد هاوشێوەی بەغدا نین، شێوەی كاری لقی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شێوەكاری لقی هەولێری پارتی جیاوازی هەبێت، هۆكاری ئەم جیاوازییەش لەوەوە سەرچاوەدەگرێت لقی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرۆشنایی خواست و داوای خەڵك و ئەندام و لایەنگرانی لەسنوری بەغدا و ناوەراستی عێراق كاری رێكخراوەیی خۆی دەكات و رووبەووی ئەو یاسایانە دەبێتەوە كە لەبەغدا كاریان پێدەكرێت، بەڵام لقی هەولێر لەبەر رۆشنایی خواستی خەڵكی هەولێر و بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان هاوكاری خەڵك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، ئەمە لەوانەیە تارادەیەك لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش تارادەیەك جیاوازییەك دروست بكات، بەحكومی ئەوەی پارێزگاكانیش دەسەڵاتی تایبەتی خۆیان هەیە، لەم حاڵەتەدا كە ئەمە لایەنێكی كاری رێكخراوەیی پارتی دەبێت و پەیوەست دەبێت بە ژیانی رۆژانەی خەڵكە و پارتی ناچار دەبێت كە بەشێوەیەكی لامەركەزی یان هاوبەشی جەماوەری كاری رێكخراوەیی پارتی بەرێوە بەرێت، بەڵام بە دیوەكەی دیكەدا دەبینین لەسەر ئاستی ئامانجە نیشتمانیە گشتیەكان هەموو هاوڵاتیانی كوردستان بە جیاوازی نەتەوەو ئایینەوە ڕووبەرووی یەك چارەنووس دەبنەوە و ئەو ئامانجە نیشتمانیەی لە خانەقین جێگەی بایەخی هاوڵاتیانی خانەقینە بەو سیفەتەی راستەوخۆ پەیوەندی پێوەی هەیە، دەبینن ئەم ئامانجە راستەخۆ پەیوەندی بە هاوڵاتیەكی هەولێر و سلێمانیەوە هەیە، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی پێوەی هەبێت، هەر بۆنموونە ئەگەر لە یەكێك لە قوتابخانەكانی خانەقین یان كەركوك یان شەنگاڵ یان باشیك،تەنیا لە قوتابخانەیەكدا ئاستەنگ بۆ خوێندن بە زمانی كوردی دروست بكرێت، دەبینن ئەم كێشەیە تەنها كێشەی هاوڵاتیەكی خانەقین یان شەنگال یان كەركوك یان باشیك نییە،بەڵكو كێشەی سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستانە، بۆیە دەبێت لە ئامانجە نیشتمانیەكاندا شێوازێكی گشتگیر بەخۆیەوە بگرێت و پەیوەندی بەهەرتاكێكی كۆمەڵگەوە هەیە، بۆیە لێرەدا لێكجیاكردنەوەی ئەم دووحاڵەتە و پێكەوەگرێدانەوەی دەبێتە مەسەلەیەكی گرنگ، دەبێت بەجدی هەڵوەستەی لەسەربكرێت.
Top