كرانەوە بە رووی وڵاتانی عەرەبیدا

كرانەوە بە رووی وڵاتانی عەرەبیدا
كرانەوە بە رووی وڵاتانی عەرەبیدا، زامنی فیدراڵیەتی عێراق و دانپێدانانە بەهەرێمی كوردستاندا

سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمانگی نیسانی رابردوو بۆ عەرەبستانی سعوودی و پێشوازیكردنی لەلایەن شا عەبدوڵڵای بن عەبدولعزیز و بەخشینی مەدالیای رێزلێنان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن پادشای سعوودیەوە، هەروەها سەردانی ئەم دواییەی بەڕێزیان بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی و كۆماری میسری عەرەبی و پێشوازیكردنی لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم و حوسنی موبارەكی سەرۆكی میسرەوە و بڕیاردان لەسەر كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەردەن و میسر لە هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكە لە تێڕوانینی عەرەبی و لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا كە چەند ساڵێك پێش ئێستا واتە تا ساڵی 2007 یش بەهیچ جۆرێك دەوڵەتانی عەرەبی ئامادە نەبوون مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا، ئێمە لەم راپۆرتەدا جارێكی دیكە ئەو قسانەی بەڕێز لیسلی ئێچ گلب كە سەرۆكی فەخری ئامۆژگای ئەنجومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە(www.cfr.org)یە، لە پێشەكی ئەم راپۆرتە دووبارە كردۆتەوە كە لە 14/12/2006 گلب تایبەت بە گوڵانی راگەیاندووە، مەبەستمان لە دووبارەكردنەوەی قسەكانی بەڕێز لیسلی .ئێچ .گلب، بۆ ئەوەیە خوێنەرانی ئەم راپۆرتە لەو راستیە تێبگەن كە دیپلۆماتیەتی بەڕێز مسعود بارزانی لەماوەی كەمتر لە 3 ساڵدا چ وەرچەرخانێكی گەورەی لە ئاستی دیپلۆماتیەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بۆ ئەوەیە خوێنەرانی ئەم راپۆرتە ئەو راستیەیان بۆ دەربكەوێت كە چۆن هێزی دیپلۆماسیەتی بارزانی پێگەی هەرێمی كوردستانی لە نەخشەی جێوسیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكێتی ئەوروپا دیاریكردۆتەوە، لیسلی گلپ لەو لێدوانە تایبەتەی بۆ گۆڤاری گوڵان پەردەی لەسەر زۆر راستی هەڵماڵیوە، راشكاوانە پەنجەی خستۆتە سەر زامەكان و بێكەسی كورد لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان و لەناو كۆنگرێسی ئەمریكادا، بۆیە لێرەدا بەخاڵ ئەو نیگەرانیانەی لیسلی گلب لە كۆتایی ساڵی 2006 و2007 دەخەینەوە روو كە تایبەت و راشكاوانە لە رێی گۆڤاری گوڵانەوە بە گەلی كوردستانی راگەیاندووە، كە ئەمانەن:
1- لیسلی گلب كە ئاماژەی بە 3 ساڵكردووە و دەڵێت ماوەی 3ساڵە لە هەوڵی ئەوەدام ئەوە بۆ ئەمریكییەكان بسەلمێنم بۆچی تەنیا بە فیدراڵیزم و خۆبەڕێوەبردنی هەرێمەكان ئاشتی و ئاسایش لەعێراقدا دێتە دی؟ مانای ئەوەیە لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە هەوڵی داوە ئەمریكییەكان بگەیەنێتە قەناعەت كە بەرژەوەندی عێراق و دەوڵەتانی عەرەبی و ناوچەكە لەوەدایە عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوەو ئاشتی و سەقامگیری بۆ عێراق بێتە دی، ئەمەش تەنیا بە رێگەی پیادەكردنی فیدراڵیزم، بەڵام چ جۆرە فیدراڵیزمێك، بێگومان راشكاوانە ئاماژەی پێكردووە(فیدراڵزمێك كە هەرێمەكان خۆیان، خۆیان بەڕێوەبەرن، ئەمەش واتە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراق سنووردار بێت و دەسەڵاتی هەرێمەكان فراوان بێت).
2- گلب ئاماژە بەوە دەكات لە ماوەی سێ ساڵدا و لەناو كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكاو بڕیارسازانی كۆشكی سپی تەنانەت نەیتوانیوە بۆچوونی هەندێك بگۆڕێت، لەناویاندا جۆزیف بایدن(كە ئەوكات سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس بووە) گەیشتۆتە قەناعەت كە ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لەعێراقدا، بەڵام گلب ئەو راستیەی لە گوڵان نەشاردۆتەوە كە بایدنیش دەبێت هەوڵێكی سەخت بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هاوەڵەكانی لەناو ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس بگەیەنێتە قەناعەت، ئەمەش مانای ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی لە 2005 دەستووری عێراق لەساڵی 2005 عێراقی وەك دەوڵەتێكی فیدراڵی و فرەیی پێناسەكردۆتەوە، بەڵام لەناو ئیدارەی ئەمریكیدا تا ساڵی 2007 پشتگیرییەكی ئەوتۆ نەبووە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدراڵی، هەر بۆیەش كە پەرلەمانی عێراق یاسای هەرێمە فیدراڵییەكانی لەعێراقدا پەسەندكرد، ئەمریكا بە خواستی عەرەبی سوننە رازی بوو كە دوای 18 مانگ ئەو یاسایە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
3- لیسلی گلب لەو چەند دێڕەی بە گوڵانی راگەیاندووە، ئاماژە بە رۆڵ و كاریگەری عەرەبستانی سعوودیە دەكات لەناو پرۆسەی بڕیاردروستكردن لە ناو ئیدارەی ئەمریكادا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، گلب راشكاوانە رایگەیاندووە كە تا ساڵی 2007 یش كاریگەری عەرەبستانی سعوودیە دژی فیدراڵیزم زۆر بەهێز بووە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو كاریگەرییەی سعوودیە دژی فیدراڵیزمی عێراق لە لایەن میسر و ئوردنەوە پشتگیری لێكراوە؟ بێگومان بەڵێ، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی عەرەبستانی سعوودیە دژی فیدراڵیزمی عێراقی لەو روانگەیەوە بووە، كە دەسەڵات لە عێراقدا نەكەوێتە دەستی عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات لەبەغدا و حكومڕانییەكی مەركەزی پیادەبكەنەوە، ئەمەش لە روانگەی ئەوكاتەی سعوودیەوە بۆ رێگرتن بووە لە فروانبوونی نفووزی ئێران لە تەنگەی هورمزەوە بۆ باشووری لوبنان و دروستكردنی هیلالێكی شیعی بووە بە دەوری سعوودیەدا، بێگومان لە ستراتیژیەتی دانانی سنوورێك بۆ فراوانبوونی نفووزی ئێرانی لە عێراق و ناوچەكەدا بەگشتی و رێگرتن لە ئێران بۆ دروستكردنی بۆمبی نێوكلیاری، كلیاری بازنەیەكی گەورەتری هەبوو بە ناوی بازنەی هاوپەیمانی (شەش دەوڵەتەكەی كەنداو + میسر + ئەردەن( 6+2)-)بە سەرپەرشتی و رەزامەندی ئەمریكا، ئەم وردكردنەوەیە پێمان دەڵێت سەبارەت بەڕێكخستنەوەی عێراق و دانای سنوورێك بۆ نفووزی ئێرانی لە ناوچەكە و رێگرتن لە دروستبوونی هیلالی شیعی، ئەردەن و میسر و سعوودیە یەك هەڵوێستیان هەبووە.

دیپلۆماتیەتی سەرۆكی كوردستان و
جیاكردنەوەی هەرێم لەو هاوكێشەیەدا
ئەو هاوكێشەیەی 2-3 ساڵ لەمەوپێش بۆ عێراقی داهاتوو لەسەرئاستی وڵاتانی و عەرەبی و ئیقلیمی پشتگیری لێدەكرا، بریتی بوو لە:
1- عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵی بێت بە هاوشێوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام حكومەتێكی سەنترالی بەهێز لە ناوەند هەبێت و ئاشتی و سەقامگیری لەهەموو هەرێمەكانی عێراقدا بچەسپێنێت.
2- ئەگەر تونرا رێگە لەدروستبوونی هەرێمی تازە لە عێراقدا بگیرێت و لە هەر پارێزگایەكدا حكومەتێكی لۆكاڵ هەبێت.
3- هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو 3 پارێزگایە بێت كە ئێستا سنووری هەرێمی كوردستان دیاریدەكات، چارەسەرێكی دیكە لەبری ماددەی 140ی دەستووری عێراق، بۆ كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی و كەركوك بە تایبەتی بدۆزرێتەوە و چارەسەركردنی كێشەی كەركوك دوابخرێت بۆ ئەوەی عێراق رووبەڕووی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری نەبێتەوە.
4- هەرسێ پارێزگاكەی ئێستای هەرێمی كوردستان (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) لەگەڵ ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و ئەو بڕیارانەی حكومەتی ناوەند بۆ پارێزگاكانی دەردەكات، هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
5- ئەو دەسەڵاتەی دەستووری عێراق بە هەرێمی كوردستانی داوە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەكان و گرێدانی كۆنتراكت بۆ وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گاز، هەوڵبدرێت ئەو دەسەڵاتە سڕبكرێت و كاری پێنەكرێت و هەرێمی كوردستان ملكەچی یاسای نەوت و گازی حكومەتی ناوەندی بێت و بەشدار نەبێت لەداڕشتنی ئەو یاسایەدا.
6- هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە هێزێكی نیزامی و بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئازادكردنی عێراق، وەك هێزێكی میلیشیایی حسابی بۆ بكرێت و داوابكرێت چەكەكانیان لێ دابماڵرێت و خانەنشین بكرێن، ئەمەش واتە ئەو هێزەی لە دەستووری عێراقدا ناونراوە گاردی كوردستان هەڵبوەشێنرێتەوەو هەرێمی كوردستان بكەوێتەوە ژێر هەڕەشەی سوپای عێراق.
7- رێگە نەدرێت وڵاتان كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكەنەوە، ئەمەش واتە عێراق دابەش بكرێت بۆ 3 ناوچە، باكوور و ناوەڕاست و باشوور، دەوڵەتان بۆیان هەبێت تەنیا كونسوڵخانەكانی خۆیان لەموسڵ و بەسرا بكەنەوە.
لە ماوەی كەمتر لە 2-3 ساڵدا و لە ژێر سایەی سەرۆكایەتی بەڕێز مسعود بارزانی پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەی سیاسیی عێراق و ناوچەكەدا گۆڕدرا بۆ ئەوەی ئێستا دەیبینن:
1- ئێستا 19 وڵات (بە ئوردن و میسرەوە) بەفەرمی كونسوڵخانەیان كردۆتەوە، ئەمەش واتە بەفەرمی دانیان بەدەستووری عێراقدا ناوە، هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو دەستوورە هەرێمێكی فیدراڵییە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.
2- كۆماری ئیسلامی ئێران كە گەورەترین سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و لەنێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا وەك پاڵپشتی شیعەی عێراق لەقەڵەمدەدرێت، ئێستا پێوەندییەكی زۆر پتەوی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی لە پایتەختی كوردستان كراوەتەوە، لەمەش زیاتر ئێستا هاتووچۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی بە ئاستێك ئاسان بووە، كە هاووڵاتیانی هەردوولا بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەتوانن سەردانی وڵاتی یەكتری بكەن.
3- توركیا كە گەورەترین ئاستەنگ بوو لەبەردەم ناسینی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە دەوڵەتی عێراقدا، ئێستا كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر كراوەتەوە، هێڵی ئاسمانی توركیا لە نێوان هەولێر و ئەنكەرا و ئەستەنبوڵ كاردەكات، بەم نزیكانەش لقی چەند بانكێكی توركی لە هەریمی كوردستان دەكرێنەوە، لەمەش گرنگتر ئێستا توركیا گەیشتۆتە قەناعەت كە داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنكەرا، پەیوەستە بەتێڕوانین و بۆچوونی هەولێر بۆ ئەو پێوەندییە و پەیوەستە بە پێوەندی نێوان هەولێر و ئەنكەراوە.
4- پێشتر واتە لەیەك دووساڵی رابردوو كە توركیا زۆر رێگربوو لەسەر پیادەكردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بۆ دەركردنی یاسای نەوت و گازی تایبەت بەهەرێمی كوردستان و هەناردەكردنی نەوت و گازی كوردستان لەهەرێمی كوردستانەوە بەرێگەی توركیا بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئێستا توركیا خۆی جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە یاسای نەوت و گازی عێراق بەجۆرێك دەربچێت كە یاسای نەوت و گازی كوردستان بتوانێت نەوت وگاز هەناردەی دەرەوە بكات و ئەمەش لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
5- عەرەبستانی سعوودیە كە زۆر دژایەتی فیداڵیزمی عێراقی دەكرد، واتە ئامادەنەبوو هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا بناسێنێت، ئەمساڵ شاعەبدوڵڵا بن عەبدولعزیز بەفەرمی داوەتی بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە و بە بەرزترین مەدالیای شانشینی سعوودیە، سەرۆكی كوردستانی خەڵات كردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە نەك هەر عەرەبستانی سعوودیە گەیشتۆتە قەناعەت كە دەبێت رێز لە هەرێمی كوردستان بگیرێت، بەڵكو پێویستە سەرۆكەكەشی خەڵات بكرێت، كە لەو ناوچە ئاڵۆزەدا ئەو هاوسەنگیەی دروستكردووە و ئەو هەرێمەی بەو ئاستە دروستكردۆتەوە كە لە جیهاندا وەك نموونەیەكی سەركەتوو ئاماژەی بۆ بكرێت.
6- لێرەدا دێینەوە سەر كاریگەری عەرەبستانی سعوودیە لەسەر هەڵوێستی هەردوو دەوڵەتی ئوردن و میسر، كە هەر دوابەدوای سەردانەكەی سەرۆكی كوردستان بۆ سعوودیە بەفەرمی بەڕێزان شاعەبدوڵڵای دووەم و حوسنی موبارەكی سەرۆكی میسر، داواتنامەی فەرمییان بۆ سەرۆكی كوردستان نارد بۆ ئەوەی سەردانی هەردوو وڵاتی میسر و ئەردەن بكات، ئەمەش واتە ناساندنی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرجەم دەوڵەتانی عەرەبیەوە، كە بێگومان سعوودیە و میسر و ئوردن نەك ئێستا، بەڵكو زیاتر لە نیوسەدەیە نوێنەرایەتی رای گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكەن.
7- لایەنێكی دیكە كە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبكەین، راگەیاندنی هەردوو وڵاتی میسر و ئوردنە بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێر لە كاتی سەردانەكەی سەرۆكی كوردستاندا بۆ ئەو دوو وڵاتە، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگمان بۆ ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە كە بڕیاردانی دەوڵەتێك بۆ كردنەوەی كونسوڵخانە لە وڵاتێكی دیكە، كارێكە پێویستی بە بڕیاری پێشوەختەی ئەو دەوڵەتەوە هەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەر لەوەی سەرۆك بارزانی سەردانی هەردوو وڵات بكات، میسر و ئەردەن بڕیاریانداوە كونسوڵخانەی خۆیان لەهەرێمی كوردستان بكەنەوە، بەڵام راگەیاندنی لەكاتی سەردانی سەرۆكی كوردستان بۆ هەردوو وڵات، ئاماژەیە بۆ دەربڕینی رێز و تەقدیری هەردوو وڵات و سەرۆكەكانیان بۆ ئەو سیاسەت و دیپلۆماتیە سەركەتووەی بەڕێز مسعود بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی كوردستاندا پیادەی كردووە.
ئەم دوو لایەنەی یان ئەو دووهاوكێشە جیاوازەی كە لەماوەی تەنیا 2-3 ساڵدا دروستبوون، بەو ئاستە پێگەی هەرێمی لە هاوكێشە تازەكەدا دیاریكردۆتەوە، كە چەند ساڵێك پێش ئێستا نەك ئێمە، بەڵكو هیچ بیرمەندێكی سیاسیش مەزندەی ئەوەی نەدەكرد هەرێمی كوردستان لەسایەی سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانیدا بگاتە ئەم رۆژەی كە ئێستا هەمووان دەیبینن.

كاریگەری میسر و سعوودیە و ئەردەن
لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسیی لەعێراقدا
میسر و سعوودیە و ئوردن لەگەڵ ئەوەی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا 3 دەوڵەتە گەورەكەی جیهانی عەرەبین، لەهەمانكاتدا هەرسێكیشیان هاوپەیمانی نزیكی ئەمریكان و لە نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و پرۆسەی ئاشتی نێوان عەرەب –ئیسرائیل و دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لەرووی سیاسییەوە، رۆڵێكی كاریگەر و دیاریان هەیە، هەر بۆیە تێگەیشتن لە كاریگەری ئەم 3 دەوڵەتە لە ئاستی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بایەخی ئەو كرانەوەیەی هەرێمی كوردستانمان پیشاندەدا كە ئێستا ئەو كرانەوەیە دەستی پێكردووە، لەم چوارچێوەیەدا لە دیپلۆماتی ئەمریكی فلیپس جامس واڵكەر كە پێشتر ئەندامی رێخكراوەی هاریكاری ئەمریكا(USAID) بووە، هەروەها تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێمان پرسی: (هەرسێ وڵاتی ئوردن و سعوودیە و میسر زۆرترین كاریگەرییان هەیە بەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا كاریگەری ئەم وڵاتانە چۆن دەبینیت لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا بەڕێز واڵكەر بەمجۆرە رای خۆی بۆ ئەم راپۆرتە خستەروو: (ئەمە پریسیارێكی باشە، پێموایە ئەم سێ وڵاتە كاریگەری خۆیان هەیە لەسەر سیاسەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام بڕیاری كۆتایی ئەمریكا لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە و ستافە باڵاكەیەوە دەدرێت. لەلایەكی دیكەوە هەر یەكە لەم سێ وڵاتە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆ نموونە سعوودیە بەرژەوەندییەكی راستەوخۆی نییە لە پرۆسەی ئاشتیدا، بەرژەوەندی لە پێشتری سعوودیە بریتییە لەنرخی نەوت لە بازەڕكانی جیهان لە ئەمنیەتی ناوچەی كەنداو. لە كاتێكدا میسر بەرژەوەندی جیاوازتری هەیە، بۆ نموونە تا ئەم دواییە سەپاندنی ئابڵوقە بەسەر غەززەدا لەلایەن حكومەتی میسرەوە بەوە شێوەیە لێكدەدرایەوە كە ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە دەكات، وڵاتی ئوردن بەرژەوەندییەكی راستەوخۆی هەیە لە پرۆسەی ئاشتیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا بەرژەوەندی سیاسی دیكەی هەیە، مەبەستم ئەوەیە تەنیا بەرژەوەندییەكانی لە پرۆسەی ئاشتیدا هۆكاری یەكلاكەرەوە نییە لە هەڵوێست و سیاسەتەكانیدا. سەبارەت بە رۆڵی ئەم وڵاتانە و كاریگەریان لەسەر پرۆسە سیاسییەكەی عێراق و تەنانەت ئەمریكاش تێڕوانینی ئەم وڵاتانە لەبەرچاودەگرێت، پێموایە لێكدانەوەیەكی راست و دروستە ئەگەر بڵێین ئەمریكا بیروبۆچوونی ئەم وڵاتانە لەبەرچاو دەگرێت لە كاتی داڕشتنی سیاسەتەكەیدا لە ئاست عێراقدا، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەو وڵاتانە تەحەكوم بە سیاسەتی ئەمریكاوە دەكەن لە بەرامبەر عێراقدا. واتە دەتوانین بڵێین ئەمریكا بەرژەوەندی ئەم وڵاتانە لەبەرچاو دەگرێت لەكاتی پیادەكردنی سیاسەتێكی دیاریكراو لە ئاست عێراقدا. لەلایەكی دیكەوە لەدوای رووخانی سەددام حوسێنەوە ئەم وڵاتانە زۆر نیگەران بوون و بەگومانەوە لەلایەنە شیعەكانیان دەڕوانی كە دەسەڵاتیان گرتەدەست و نیگەرانی و گومانێكی كەمتریشیان لەئاست نیازە جوداخوازییەكانی كوردەكاندا هەبوو، بەڵام پێموایە تا راددەیەك ئەم نیگەرانی و گومانانە كەم بوونەتەوە، ئەگەرچی بە تەواوەتی نەڕەوینەتەوە، چونكە ئەم وڵاتانە ترسێكی كەمتریان هەیە لە هەرەسهێنانی عێراق، یاخود لەوەی عێراق ببێتە پاشكۆی ئێران)). ئەم ئاماژە پێكردنەی پرۆفیسۆر واڵكەر وەك دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی بە رۆڵی ئەو دەوڵەتانە بەرەو ئەو ئاراستەیەمان دەبات جارێكی دیكە ئەو پرسیارە بوروژێنینەوە بەوەی ئایا بۆچی پێشتر ئەو 3 دەوڵەتە تێڕوانینێكیان بەرامبەر عێراق هەبووە و ئێستا ئەو تێڕوانینە گۆڕدراوە بۆ رێزگرتن لە دەستووری عێراق، لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا پرۆفیسۆر واڵكەر بە گوڵانی راگەیاند: ((لەراستیدا مشتومڕەكە لە وردەكارییەكانی چۆنیەتی پیادەكردنی سیستمی فیدراڵیدایە. ئەوەی پێوەندی بە هەڵوێستی ئەم وڵاتانەوە هەبێت، ئەوا هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتانە ترسێكی كەمتریان هەیە لە روودانی هەندێ ئەگەر، ئەوا لە ئێستادا هەوڵی باشتركردنی پێوەندی و پێگەی خۆیان دەدەن لەگەڵ كوردستان و هەوڵی بەرەوپێشبردنی پێوەندییە ئابوورییەكان دەدەن، بەڵام ئایا ئەم هەوڵانەیان دەگاتە تا چ ئاست و مەودایەك، ئەوا ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە)). سەبارەت بە گرنگی پێگەی هەرێمی كوردستان لەم هاوكێشە تازەیە و ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانیت چ رۆڵێك بۆ سەقامگیری و دیموكراتی لە عێراقدا بگێڕێت، دیپلۆماتی ئەمریكی فلیپس واڵكەر وتی: ((هەڵسەنگاندنی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام و سەقامگیر لە عێراقدا، مەسەلەیەكە كاریگەری هەیە، بەوەی پرۆسەی دەستووری و دیموكراسی لە كوردستاندا بە شێوەیەكی گشتی خزمەت بە ئەزموونە دیموكراسیەكە دەكات لە عێراقدا، سەبارەت بەو گەشەسەندنە ئابوورییە فراوانەی لە هەرێمی كوردستانیشدا ئێستا بوونی هەیە، بە تێڕوانینی من لەبەر ئەوەی هەوڵی بنیادنانەوەی ژێرخان دەدرێت، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی نەوت لە ئارادایە، هەورەها بەهۆی بوونی خەڵكانێكی خوێنەوار و بەهۆی بوونی سەقامگیری سیاسی، ئەوا كوردستان پاڵێوراوە ببێتە یەكێك لە ناوچە بازرگانیە پڕ جموجووڵەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)).

دانپێدانان بە هەرێمی كوردستان
وەك هەرێمێكی فیدراڵی لەعێراقدا
دانپێدانان یان بەفەرمی ناسینی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبیەوە ئاستەنگێكی گەورە لە كۆڵ كورد دەكاتەوە و هەروەها زەمینەیەك دەڕەخسێت كە ئاسانتر دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت، بە تایبەتی كە كێشە و لێكتێنەگەیشتنی ئێمە وەك گەلی كوردستان لەگەڵ لایەنی عەرەبی سوننەی عێراقە و دەوڵەتانی عەرەبی كاریگەییان لەسەر لێكتێگەیشتنی نێوان عەرەبی سوننە و گەلی كوردستان دەبێت، سەبارەت بەم لایەنە گرنگە لە پرۆفیسۆری ناوداری ئەمریكی ریچارد شۆلتز تایبەتمەند لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان پرسی، ئایا تاچەند ئەو وڵاتانە كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی داهاتووی عێراق دەبێت؟پرۆفیسۆر شۆلتز بەمجۆرە وەڵامی ئەم راپۆرتە دایەوەو وتی: (لە راستیدا ئەو دەوڵەتانە بەگشتی و وڵاتی ئوردن بەتایبەتی كاریگەری و دەستڕۆیشتوییەكی زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانێكی باشی ئەمریكایە بە تایبەتی لە پێوەندیدا بەو سیاسەتەی ئەمریكا لە ئاست عێراقدا گرتویەتیەبەر. هەروەها رەنگە ئێستا باشترین دەرفەت بێت بۆ ئەو وڵاتانە بۆ زیادكردنی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆیان لە ناوچەكەدا، بە تایبەتی بەهۆی هەنگاوە هەڵەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل..)) سەبارەت بە كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە عەرەبیانەش لە هەرێمی كوردستان، وەك دانپێدانان بەهەرێمی كوردستانیشدا پرۆفیسۆر شۆلتز جەختی لەسەر ئەوەكردەوە: ((ئەوەی پێوەندی بە وڵاتی ئوردنەوە هەبێت، ئەوا پێموایە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی ئەم وڵاتەو ئەو سەركردایەتییەی كاروبارەكان بەڕێوە دەبات، ئەوا ئەم وڵاتە هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵدەگرێت و بەفەرمی هەرێمی كوردستان دەناسێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، هەروەها دەڵێم، بەڵێ پێموایە كردنەوەی كونسوڵخانە لە هەرێمی كوردستان ئەمە دانپێدانانە و ئەو وڵاتەش كۆششێكی زۆر باش دەكات بۆ پشتگیری كردن لە سیستمی فیدراڵی لە عێراقدا. هەربۆیە ئەگەر ئێوە بتوانن كارێك بكەن وڵاتانی دەوروبەر هەڵبستن بە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوا ئەمكارە بەشێوەیەكی گشتی خزمەت بە باشتر چەسپاندنی سەقامگیری دەكات لە عێراقدا. بیروبۆچوونی شەخسی من ئەوەیە پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی دیموكراسی لە عێراقدا بەرەو پێشەوەدەچێت، ئەگەرچی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە كات هەیە)).
ئەوەی لەم خوێندنەوەیە و لە رای ئەو پسپۆرانەی لەم راپۆرتە پێوەندیمان پێوەكردن و لە نزیكەوە ئاگاداری سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی ئەو دەوڵەتانەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، هەموو ئاماژە بەوەدەكەن كە كرانەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەو دەوڵەتانە لە هەرێمی كوردستان، گەیشتنە بەو قەناعەتەی كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی ئیجابییە بۆ بونیادنانەوەی عێراقێكی دیموكراتی و هەروەها فاكتەرێكی ئیجابییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و ئەمەش دانپێدانانە بە پێگەی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی جێۆ سیاسیی تازەی ناوچەكەدا.
Top