یاداشتی هاوکاری له نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا

یاداشتی هاوکاری له نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا
ده‌قی یاداشتی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا که له لایه‌ن سه‌رۆک بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا برنارد کۆشنه‌ر له رێکه‌وتی 15/6/2010 له باره‌گای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا واژوو کرا:



یاداشت لە نێوان
حكومەتی كۆماری فەڕەنسا
و
حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق

حكومەتی كۆماری فەڕەنسا و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق ئەم یاداشتە"واژوو دەكەن"،

لە چوارچێوەی پەیوەندی باش لە نێوان حكومەتی كۆماری فەڕەنسا و حكومەتی عێراقی فیدراڵ، هەروەك لە رێكەوتنامەكەی هاوبەشی نێوانیان دەردەكەوێت لە بواری كەلتوریی و زانستی و تەكنیكی و هاوكاری پەرەپێدان كە لە رێكەوتی 15/11/2010 واژوو كراوە:

بە پێی مەرجەكانی دەستوری عێراق، كە رێگە بە هەرێمەكان دەدات بەرنامەی هاوكاری دەرەكی ئەنجام بدەن لە بواری كەلتور و پەروەردە و ئابوری و پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی:

بە هیوای پەرەپێدانی پەیوەندیەكانیان لە بواری بازرگانی و ئابووری و كەلتوری بە گوێرەی ئەم پەیڕەوەی خوارەوە:

I. پەرەپێدانی هاوكاری ئابووری و بازرگانی و پەرەپێدانی ژێرخان

1.حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG)، بە گوێرەی ئەو سیاسەتەی داڕێژراوە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و پڕۆژەی بازرگانی و پێشكەش كردنی ئاسانكاری بازرگانی لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی دەرفەت بۆ بەشداری پێكردنی كۆمپانیاكانی فەڕەنسا لە بوارەكانی پەرەپێدان و بونیاتنانەوەی هەرێمی كوردستان وەكو بنكەی چالاكیەكانیان بۆ هەموو عێراق.
حكومەتی كۆماری فەڕەنسا بە رەچاوكردنی پابەند بوونی بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هەوڵدەدات بۆ پشتگیری كردن و هاندانی بەشداری بازرگانی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان و هەوڵ دەدات بۆ خستنەرووی جیاوازی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق لە رووی ئاسایش و سەقامگیری.

2.بەڕەچاوكردنی دەوڵەمەندی لە ئەزموون و باشترین پەیڕەوی كار و توانای تەكنەلۆژی لە بواری كشتوكاڵ، كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ دۆزینەوەی بواری رەخساو بۆ بەشداری كردن و پێكەوەكاركردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە بۆ نمونە نەك تەنها سنوورداربێت بەم بوارانە:: :
‌أ.وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لە سیستەمی گواستنەوەی خۆراك و تەكنەلۆژیای ئاودێری و ساردكەرەوە و ئاژەڵداری و كێڵگەكانی دانەوێڵە.
‌ب.مەشقپێكردنی كاركەری كێڵگە و خاوەن كێڵگەكان.
‌ج.هەڵسەنگاندنی دامەزراوەكانی مەشق و ڕاهێنانی كشتوكاڵی .
‌د.مەشق پێكردنی شارەزا و راوێژكارە پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵ .
‌ه.بەشداری كردن لە پرۆگرامەكانی زانكۆ لە بواری پەرەوەردە و توێژینەوەی كشتوكاڵی.

3.هەروەك هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پەرەپێدان و گەڕان بە دوای سەرچاوەی نەوت و گاز، كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیای فەڕەنسی تایبەت بە ووزە بانگهێشتكراون بۆ ووربوونەوە لە ئەگەری بەشداربوون لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لم بوارانەی خوارەوە وەكو نمونە نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە :
‌أ.پاڵاوگەیەك لەسەر زێی گەورە.
‌ب.فراوانكردنی پاڵاوگەكانی نەوت.
‌ج.دامەزراندنی كۆلێژێك یان زانكۆیەك لە ئاستێكی بەرز لە هەولێر بە هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی وتایبەت بۆ خوێندن لە بواری نەوت و گاز و جیۆلۆجی.


4.هه‌ردوو لایه‌نی واژووکه‌ر هەروەك هەردوولا بە ئارەزووی خۆیان رازی بوون لەسەر بونیاتنانەوە و پەرەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراق، كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ ووربوونەوە لە ئەگەری بەشداری كردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە وەكو نمونە لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

‌أ.نەخشەسازی و پلاندانان و جێبەجێ كردنی بەرنامەی هێڵی ئاسنینی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ناوچەكانیان ؛
‌ب.دروست كردنی وێستگەی پاس و تەكسی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەورەها تۆڕی وێستگەی پاس لە هەریەك لەم شارانە ؛
‌ج. هێنانی پاسی ستاندارد لە كەرتی گشتی و تایبەتی كە بگونجێت لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتیەكان لەرووی سەلامەتی و حەسانەوە و كۆنتڕۆڵ كردنی پیسبوونی ژینگە.

5.هەردوولا، بە دەرك كردن بە گرنگی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی كۆماری عێراق، هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی پڕۆژەی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئاستی كاریگەری و جۆری سەرچاوەكانی ئاو و پیادەكردنی شێوازی چارەسەركردن، لەم بوارانەی خوارەوە و نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

‌أ.دروست كردن یان باشتركردنی دامەزراوەكانی چارەسەركردنی ئاو ؛
‌ب.ناساندنی تەكنیكەكانی ئاودێری و فێركردنی پیشەگەران ؛
‌ج.مەشق پێكردنی شارەزایان لە تەكنیكی بەڕێوەبردنی ئاو و هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی لەسەر پاراستنی ئاو ؛
‌د.بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو بە شێوازێكی تەواوكەر .

6.ڕەچاوكردنی ناوبانگی جیهانی سیستەمی تەندروستی و پەیڕەوی پزیشكی كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیاكانی پزیشكی و دەرمانسازی فەڕەنسی، كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ ووربونەوە لە ئەگەری بەشداری كردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

‌أ.بونیادنانی تواناكان و مەشق پێكردن ؛
‌ب.دروست كردنی نەخۆشخانە و نۆڕینگە و سەنتەری پزیشكی سەردەمیانە ؛
‌ج.دابین كردن یان فرۆشتنی كەل و پەل و ئامێری پزیشكی سەردەمیانە و پێدانی مەشقی تایبەت بە پیشەگەران.
‌د.فێركردن و دابین كردنی خولی راهێنان بۆ قوتابیە بەهرەمەندەكانی كۆلێژە پزیشكییەكان، و پشتگیری كردنی شارەزا فەڕەنسیەكان لە زانكۆ و نەخۆشخانەكان لە هەرێمی كوردستان.
‌ه.كاركردنی كۆمپانیاكانی دەرمانسازی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سەنتەری بەرهەم هێنانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان.

7.هەردوولایه‌نی واژووکه‌ر هەوڵدەدەن بۆ گەڕان و بە دوای ئەگەری هاوكاری سوودمەند بۆ هەردوولا لە بواری تەكنەلۆژیا و خزمەت گوزاری فڕۆكەوانی، بە رەچاوكردنی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان و كردنەوەی فڕۆكەخانەی نوێی نێودەوڵەتی هەولێر و شارەزایی كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان لە بواری فڕۆكەوانی شارستانی و ئەندازیاری و خزمەتگوزاری پەیوەندار بەو بوارە. بە رەچاوكردنی پێدانی گرنگیەكی تایبەت بە فڕۆكەوانی فەڕەنسا و تەكنەلۆژیا و كۆمپانیا خزمەت گوزاریەكان، كۆماری فەڕەنسا و كۆمپانیا فەڕەنسیەكان بانگهێشتكراون بۆ ووربوونەوە لە ئەگەری بەشداری كردن لە پڕۆژەكانی ئێستا و ئایندە لەم بوارانەی خوارەوە بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:




أ‌.گەشتی بازرگانی و بارهەڵگرتن بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق ؛
ب‌.مەشق پێكردن و خولی تازە كردنەوەی زانیاری تایبەت بە بەڕێوەبردنی فڕۆكە و تەكنەلۆژیای فڕۆكەوانی و كۆنتڕۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانە و سەلامەتی گەشتە ئاسمانیەكان.

II.هاوكاری كۆمەڵایەتی و كەلتوری و ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی

8.هەردوولایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی میكانیزم بۆ بەشداری كردنی زیاتری فەڕەنسا لە بەرزكردنەوەی ئاست و جۆری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان وەكو لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:

‌أ.یارمەتی تەكنیكی و ئەكادیمی بۆ زانكۆكان و پەیمانگە بڵاكان لە بواری تایبەتمەندی جۆراوجۆر (كشتوكاڵ و بازرگانی و تەكنوڵۆژیا و شوێنەوار و زانستە كۆمەڵایەتیەكان و زمانی فەڕەنسی و هتد)، ئەو جۆرە یارمەتیانەش هاوبەشی كردن لە زانیاری و شارەزایی و نەخشەسازی بابەتی خوێندن و بینا كردنی تواناكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ؛

‌ب. هاندانی بەشداری كردنی زانكۆ فەڕەنسیەكان لە پەروەردە و فێركردن و راهێنانی كارمەندانی لاو پیشەگەر لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتی؛

‌ج.جێبەجێ كردنی تەواوی بەرنامەی ئێستای زەمالاتی دووقۆڵی خەرجی هاوبەش كە واژووكراوە لە بەرژەوەندی قوتابیانی هەرێمی كوردستان كە ئارەزووی خوێدنیان هەیە لە بواری تایبەتمەندی لە فەڕەنسا، هەروەها ئامادەكردنی خولی كورت خایەن لەلایەن پڕۆفیسۆر و توێژەرە فەڕەنسیەكان لە زانكۆكان و پەیمانگاكانی راهێنان لە هەرێمی كوردستان ؛

‌د.پشتگیری لەلایەن حكومەتی كۆماری فەڕەنسا بۆ مەشقەكانی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی مەشق و ڕاهێنان لە هەرێمی كوردستان .

9.هەردوولایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی میكانزم بۆ بەشداریكردنی زیاتری فەڕەنسا لە بەرزكردنەوەی ئاست و جۆری پەروەردە لە قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەرێمی كوردستان لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بەم بوارانە:
‌أ.ڕاهێنان بۆ بونیادنانی توانای مامۆستایان، بەڕێوەبەر و كارمەندانی تر ی ناو قوتابخانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ؛

‌ب.پشتگیری درێژخایەنی هەردوولایەنی واژووكەر بۆ زمانی فەڕەنسی لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن قوتابخانەكانی Mission Laique Francaise، (MLF) بەڕێوەدەچێت ؛

‌ج.هاوبەشی كردن و ئالوگۆڕكردنی ئەو وانانەی كە فێربوون و پەیڕە باشەكان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتووی كاریگەری پەروەردەی گشتی .

10.هەردوولایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ گەڕان بە دوای ئەگەری ئاڵوگۆڕی كەلتوری و هەماهەنگی، بەرەچاوكردنی دەوڵەمەندی و سروشتی هەمەجۆری هەردوو كەلتور لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنوورداربێت بەم بوارانە:

أ‌.ئەنجامدانی سیمینار و وانە گووتنەوە لە فەڕەنسا و لە هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ بەرزكردنەوەی ووشیاری دوولایەنە دەربارەی كەلتور و مێژووی هەردوو گەل ؛

ب‌.ئاڵوگۆركردنی شارەزایانی كەلتور، بە زۆریش شارەزایانی كەلتوری كوردی بۆ دامەزراوە كەلتوریە فەڕەنسیەكان و شارەزایانی فەڕەنسی بۆ پەرەپێدانی پەیمانگاكانی پەروەردەیی و ڕاهێنانی كوردی بۆ مسۆگەركردنی ئاڵوگۆركردنی بەردەوامی زانیاری.

11.حكومەتی فەڕەنسا هەوڵی جیددی دەدات بۆ دابین كردنی یارمەتی كۆنكریتی و هاوكاری كردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە بوارەكانی شوێنەوار و كەلەپور و نۆژەنكردنەوەی شوێنە دێرینەكان لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:
‌أ.دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوە كە پێشتر راگەینراوە بۆ شوێنەوارناسی و زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتیەكان لە قەڵای هەولێر بە هاوبەشی و هەماهەنگی لە لایەن حكومەتی فەڕەنسا و حكومەتی عێراق بە پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەردوولا یەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ نۆژەنكردنەوەی دوو خانوو لە ناو قەڵا بۆ ئەو مەبەستە ؛

‌ب.بەرنامەی زەمالات، بە پشتگیری هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فەڕەنسا بۆ پێدانی مەشق بە پیشەگەران و قوتابیان لە هەرێمی كوردستان لەسەر باشترین پەیڕە و شێوازی تەكنوڵۆژیای سەردەم بۆ چالاكیەكانی گەڕان و هەڵكەندنی شوێنەوار و چالاكی شوێنەوارناسی ؛

‌ج. پشتگیری لەلایەن حكومەتی فەڕەنسا بۆ بەشەكانی شوێنەوارناسی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە رێگای زنجیرەیەك لە وانە و ئاڵوگۆڕكردن لەلایەن شارەزایانی پەیڕەوكاری ئەو بوارە ؛

‌د.باروبووكردنی هاوبەش و چالاكی هاوبەش لە سەرپێگەی شوێنەوارەكان چی لە قەڵای هەولێر و چی شوێنەكانی تری هەڵكەندن لە سەرانسەری كوردستان .

12.هەردوولایەنی واژووكەر هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو شێوازانەی كە دەبنە مایەی زیاتر مسۆگەركردنی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، بە تایبەتی ئافرەتان و منداڵان و هاندانی یەكسانی رەگەزی بە تایبەتی لە هەوڵەكانی بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری دەربارەی مەسەلەكانی مافی مرۆڤ، لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:
‌أ.پێدان و دابین كردنی ئەو وانانەی كە فێربوون و پەیڕەوە باشەكان لەلایەن حكومەتی فەڕەنسا لە بواری مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی رەگەزی لە شوێنی كاركردن و شوێنە گشتیەكان ؛

‌ب.پێدان و دابین كردنی ئەو وانانەی كە فێربوون و پەیڕەوە باشەكان دەربارەی توندوتیژی دژی ئافرەتانبە پەیڕەوی چەسپاندنی یاسا و رێسا سەبارەت بە پاراستنی ئافرەتان ؛

‌ج.شیكردنەوە لەلایەن پیشەگەرە فەڕەنسیەكان دەبارەی كەموكورتیەكان و میكانیزمەكان بۆ ئاسانكاری بە مەبەستی باشتر پاراستنی مافی مرۆڤ و هاندانی دەرفەتی یەكسان؛


‌د.پێشكەشكردنی یارمەتی لەلایەن حكومەتی فەڕەنسا بۆ هەڵمەتی رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی ووشیاری مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی رەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان و منداڵان بە هەموو شێوەكانیەوە .

13.حكومەتی كۆماری فەڕەنسا هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی میكانزم كە ببێتە مایەی باشتر دامەزراندنی دەزگای نووسرا و بینراو بیستراوی بەرپرسیار و ئازاد و كاریگەر لە هەرێمی كوردستان لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:
‌أ.كردنەوەی خولی مەشق و راهێنان و دابین كردنی كەل وپەل لەلایەن دەزگاكانی میدیای فەڕەنسا و بە پشتگیری حكومەتی فەڕەنسا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەیی لە هەموو لایەنەكانی كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی هەواڵ ؛

‌ب.پشتگیری لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنی فەڕەنسا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بانگهێشت كردن بۆ بینینی بەرهەمهێنانی رۆژنامە و بەرنامەی رادیۆ و تەلەفزیۆن لە فەڕەنسا ؛


III.هاوكاری فەرمی ودابین كردنی شارەزایی بۆ حكومەتی هەرێم

14.حكومەتی كۆماری فەڕەنسا هەوڵدەدات بۆ دانانی میكانزم بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ببێتە مایەی تەرخانكردنی بەرنامەی هاوكاری جۆراوجۆر وەكو بەخشین بە بوارێكی تایبەت و بەرنامەی بونیادنانی تواناكان و مەشق و راهێنان و بەرنامەی تر كە رێگە خۆكەردەبن بۆ كارامەیی و كاریگەری لە حكومەتی هەرێم.

15.حكومەتی فەڕەنسا هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی یارمەتی دانی وەزارەتەكانی دارایی و ئابوری و پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەست نیشان كردنی بوارە هەرە پێویستەكان بۆ باشتر كردن و دابین كردنی مەشق و ڕاهێنان لە ناو هەرێم بۆ بەرپرسە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێم، لەم بوارانەی خوارەوە و بەڵام نەك تەنها سنووردار بێت بەم بوارانە:

‌أ.هاوكاری لەلایەن حكومەتی فەڕەنسا بۆ وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرووی دەست نیشان كردنی بواری باشتر كردنی كارامەیی و هاوكاری بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكان ؛

‌ب.خولی مەشق بۆ بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان لە فەڕەنسا یان لە هەرێمی كوردستان لەسەر بواری بەڕێوەبردن و پڕۆسەی ئامادەكاری بودجە و جێبەجێ كردنی ئامار و دەوڵەمەند كردنی بەهرەكان و دروست كردنی تواناكان ؛

‌ج.هەوڵی هاوبەش بۆ دەست نیشان كردنی شێوازە هەرە كاریگەرەكان كە لەو رێگەیەوە حكومەتی فەڕەنسا لەوانەیە بتوانێت یارمەتی هەرێمی كوردستان بدات لە رووی دامەزراوەكان و شارەزاییان؛

16.هەردوولایەنی واژووكەر هەموو هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ جێبەجێ كردنی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسكران لەم بەڵگەنامەیەدا .

IV.جێ بەجێ كردن

17.راوێژی بەردەوام ئەنجام دەدرێت لە كات و شوێنی دیاریكراو بە رەزامەندی هەردوولا و هەروەها لە رێگای پەیوەندی فەرمی كە لەوانەیە چاو بە هەموو لایەنەكانی ئەو پەیوەندیە بخشێننەوە.

18.دەكرێ هەردوولایەنی واژووكەر هەمواركردن لەم بەڵگەنامەیە ئەنجام بدەن.

19.لە پاریس ئەنجامدراوە لە رۆژی . . . حوزەیرانی ساڵی 2010، بە دوو وێنە بە هەردوو زمانی فەڕەنسی و كوردی.



بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق بەناوی حكومەتی كۆماری فەڕەنسا



______________________ ______________________

بەڕێز مسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان
بەڕێز بێرنارد كۆشنەر، وەزیرەی كاروباری دەرەوە و ئەوروپا
Top