لەپرۆسەی پێكهێنانی حــــــكومەتی ئایندەی عێراقدا یـەك هەڵوێـستی فراكــسیـۆنی كــــــوردستانی رۆڵی كاریگەری دەبێت

لەپرۆسەی پێكهێنانی حــــــكومەتی ئایندەی عێراقدا یـەك هەڵوێـستی فراكــسیـۆنی كــــــوردستانی رۆڵی كاریگەری دەبێت
هەژماركردنەوەی دەنگەكانی پارێزگای بەغدا بەدەست و لەسەر داوای لیستی دەوڵەتی یاسا هیچ شتێكی لە ئاكامی دەنگدانەكە نەگۆڕی و لیستی ئەلعراقییەی بەسەرۆكایەتی د.عەللاوی وەك لیستی یەكەم هێشتەوە، بەڵام ئەم یەكەمی یە زۆر درێژە ناكێشێت و بە یەكگرتنی لیستی دەوڵەتی یاسا و ئیتیلافی نیشتمانی قەوارەی یەكەم لە ناو پەرلەماندا دەبێتە ئیئتیلافی تازەی نێوان دەوڵەتی یاسا و هاوبەندی نیشتمانی عێراقی، هەروەها ئەو كۆبوونەوەی كە چاوەڕواندەكرا لە نێوان هەردوو سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی د.مالیكی و لیستی ئەلعراقییە بەسەرۆكایەتی د.عەللاوی گرێبدرێت، بە دواخستنی بۆ كاتێكی دیارینەكراو ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە زەحمەتە ئەو كۆبوونەوەیە بگرێت و وەك شیخ جەلالەدین ئەلسەغیریش لەم راپۆتە پێی راگەیاندین هیچ ئاماژەیەك بەدی ناكرێت ئەو كۆبوونەوەیە لەنێوان عەللاوی مالیكی ئەنجامبدرێت، بەپێچەوانەوە هەندێك چاودێر پێیان وایە ئەو كۆبونەوەیە بكرێت و نەكرێت وەك یەك وادەبێت، ئەوەی بەرنامەی د.مالیكی بۆ حكومەتی ئایندە هەیەتی، لەگەڵ بەرنامەكەی د.عەللاوی هیچ خاڵێكی هاوبەش لە نێوانیاندا دروست ناكات، بۆیە ئاراستەی رووداوەكان پێمان دەڵێن ئەگەر چاودێری باردۆخەكە چاوەڕێی ئەوەبكات كۆبوونەوەی نێوان عەللاوی و مالیكی گۆڕانكاریەك دروست بكات ئەوا چاوەروانییەكی بێهودە دەبێت.
لە نێو ئەم پرۆسە سیاسییەدا كە هەتا ئێستا كێشەمە كێشەكان چ لەنێوان لیستی ئەلعراقییەو لیستی دەوڵەتی یاسا، هەروەها چ لە نێوان لیستی دەوڵەتی یاسا و هاوبەندی نیشتمانی لەسەر یەكلایكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراقدا، كورد بەتەنها لەم باردۆخەدا كێشەی نییە و نە خۆی وەك فراكسیۆنی كوردستانی بەشێكە لە كێشەكە بۆ كاندیدكردنی پۆستی سەرۆك وەزیران، نە هێڵی سوریشی بەرامبەر هیچ كام لەو كاندیدانە هەیە و دەرگای خۆی بەكراوەیی هێشتۆتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی دەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەوێتە دوای دەستنیشانكردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار، بەڵام یەكلایكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران مەسەلەكانی دیكە بە ئاسانی یەكلایدەكاتەوە.ئەو سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس و چاودێرە عێراقیانەی لە نزیكەوە ئاگایان لە رەوتی بەرەو پێشەوە چوونی پرۆسەكەیە بەجۆرێك لە رەشبینیەوە سەیری وتووێژەكان بۆ یەكلایكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەن و پێیان وایە ئەگەر دەوڵەوتی یاسا و هاوبەندنی نیشتمانی بشتیوانن بە ئاسانی د.ئەیاد عەللاوی لەم مەسەلەیەدا دووربخەنەوە، ئەوا لەناو هاوپەیمانی تازەی ماڵی شیعەدا بە ئاسانی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران، یان راشكاوانەتر بڵێین بە ئاسانی د.مالیكی بۆ ئەو پۆستە كاندید ناكرێتەوە، ئەمەش ئەوەمان پیشاندەدا زۆر زەحمەتە پێش مانگی حوزەیرانی دادێ ئەم پۆستە یەكلایبكرێتەوە.
لەلایەكی دیكە و سەبارەت بە بارودۆخی ناسەقامگیری و هەڵكشانی توندوتیژی و كارە تیرۆریستیەكان كە ئەویش وەك ئاستەنگێكی دیكە لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دەخوێنرێتەوە، ئەویش ئاستەنگێكی دیكە و تەحدییەكی گەورە لەبەردەم سەركەوتنی پرۆسەكە دروست دەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی عێراق رووبەرووی بۆشایەكی زیاتری دەستووری نەبێتەوە و هێندەی دیكە تەمەنی حكومەتەكەی مالیكی كە ئێستا حكومەتی پیادەكردنی كاری رۆژانەیە درێژنەبێتەوە، ئەوا پێشبینی دەكرێت كە ئەمریكاش ئیدی بەو ئاستە رۆڵی بینەر لەپرۆسەكە نەبینێت و بە شیوەیەكی ئاشكرا بێتە ناو پرۆسەكە و هەوڵبدات كەلایەنە سیاسە عێراقییەكان لەیەكتری نزیكبكاتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی ئایندە پێكبهێنرێت.
لەم هاوكێشەیەدا كە پێدەچێت هەتا حكومەتیش پێكدەهێنرێت، فراكسیۆنی كوردستانی بەشێك بێت لە چارەسەر و لێكنزیكردنەوەی لایەنەكان نەك بەشێك بێت لە كێشەكە،ئەمە سەنگ و رۆڵێكی كاریگەر لە پرۆسەكەدا بەكورد دەبەخشێت و ئەگەر فراكسیۆنی كوردستانی بتوانێت لە وتووێژەكانیدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە، بەرنامەی سیاسی هاوبەشی لایەنە بەشدارەكان لەحكومەتدا گرێبداتەوە بە پابەندبوون بەدەستوور جێبەجێكردنی دەستوورەوە، ئەوا بێجگە لەوەی رێگە بۆ چارەسەری چەندین كێشەی هەڵواسراوی نێوان بەغدا و هەولێر یەكلایدەكاتەوە لەهەمانكاتدا كێشەی ناوچە دابڕاوەكانیش لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقدا گڕوتینێكی تازەی بەبەردا دەكرێتەوە هەنگاوەكان بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو كێشەیەش خێراتر دەكەن، بەڵام هەموو رۆڵی كورد كە پێشبێنی دەكرێت لەو پرۆسە گرنگ و هەستیارە بیگێڕێت، بەندە بە یەك هەڵوێستی و یەكدەنگی فراكسیۆنی كوردستانی لە وتوێژەكانی ئایندە لەگەڵ پێكهاتە سیاسەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە.
Top