بۆچی مەرام و پیلانەكانتان لە پشت خوێنی شەهید سەردەشت دەشارنەوە؟ ... كۆمپانیای وشە تۆڵەی شكستی هەڵبژادنەكان لە گەلی كوردستان دەكاتەوە

بۆچی مەرام و پیلانەكانتان لە پشت خوێنی  شەهید سەردەشت دەشارنەوە؟ ... كۆمپانیای وشە تۆڵەی شكستی هەڵبژادنەكان لە گەلی كوردستان دەكاتەوە
«بە فەرمانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا پێوەندیدارەكانی هەرێم سەبارەت بە پرسی رفاندن و شەهیدكردنی قوتابی سەردەشت عوسمان پێكهێنراوە و لیژنەی ناوبراو لەسەر كارەكانی خۆی بەردەوامە . سەرۆك بارزانی داوای لە لیژنەكە كردووە زۆر بەجددی و بە بایەخەوە بە دواداچوون و لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو رووداوە مەترسیدارە بكەن، تاوەكو بە زووترین كات رێوشوێنی یاسایی بگیرێتە بەر و دەست و برد بكرێت بۆ دەسكەوتنی زانیاری سەبارەت بەم تاوانە دڕندەیە و ئاشكراكردنی ناوی بكەر و ئەنجامدەرانی .. سەرۆك بارزانی لەو فەرمانەیدا لیژنەی ناوبراوی راسپاردووە كە بۆ گەیشتن بە راستی مەسەلەكە، هەموو هێز و تواناكانیان بخەنەگەڕ لە پێناوی ئاشكراكردنی ناوی بكەرانی ئەو تاوانە بۆ رای گشتی كوردستان و گەیاندنیان بۆ بەردەم دادگا و سزادانیان بەپێی یاسا»
وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
8/5/2010

سەرانی كۆمپانیای وشە چۆن ناوی گۆڕان و ریفۆرم و گۆڕانكارییان ناشرین كرد، خەریكە ناوی ئۆپۆزسیۆن و دیموكراتیش لەخۆیان ناشرینتر دەكەن، خەریكن بە زۆری زۆردارەكی باری ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەگۆڕن بۆ ئاژاوە و گێرەشێوێنی و دروستكردنی كەشوهەوایەك كە نە یاسا لە وڵاتدا بمێنێت و نەخەڵك بزانێت رەوتی رووداوەكان بۆ كوێ دەچن و لەكوێ دەگیرسێنەوە، خەریكن بە ناوی ئازادی و دیموكراتییەتەوە هەرچی پیرۆزییەكانی كۆمەڵگە و بەهابەرزەكانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا پێشێل دەكەن و بە دەنگێكی ناساز تەپڵی شەڕ و ئاشوب بە گوێی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستاندا دەدەنەوە، سەرانی كۆمپانیای وشە خەریكن رۆژنامەگەری ئازاد و خوێنی شەهیدان دەكەنە وشەكانی نێو ئایدلۆژیەتی ستۆكی خۆیان و خەڵكی كوردستانی پێ چەواشە دەكەن، خەریكن خۆیان دەخەنە سەرووی یاسا و گاڵتە بە هەموو دامەزاروە شەرعییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن .. بۆیە كە كار گەیشتە ئەوەی رووداوی كارەساتێكی جەرگبڕی وەك رفاندن و شەهیدكردنی لاوێكی تەمەن 24 ساڵی وەك شەهید سەردەشت عوسمان بكرێتە رازاندنەوەی ئەو سیناریۆ و پیلانە پێشوەختەیەی كۆمپانیای وشە دژی ئەزموونی هەرێمی كوردستان دایانڕشتووە، ئەوە دەبێت شێوازی دیالۆگ و قسەكردنیش بگۆڕێت بۆ ئەو زمانەی كە بەرانبەر قسەی پێدەكات و شەرعیەتی پێداوە، ئەگەرنا، رووداوێكی ناخۆشی وەك رفاندن و شەهیدكردنی شەهید سەردەشت كە هەم كارێكی دڕندانەیە دەرهەق بە گەنجێكی خێرلەخۆنەدیوی ئەم وڵاتە كراوە و هەم زەنگێكی مەترسیداریشە دژ بەو ئاسایش و ئارامییەی لە هەرێمدا شانازی پێوەدەكرێت، بۆچی بگاتە ئەوەی لایەنێك نان و پیازی سیاسیی پێوە بخوات و كەشێكی ئاڵۆزی وا دروست بكات كە یاسا نەتوانێت تیرۆریستان و بكەرانی ئەو كارە دڕندانەیە بەزووترین كات بدۆزێتەوە؟
شاڵاوی راگەیاندنی دەزگاكانی راگەیاندنی كۆمپانیای وشەو پاشكۆكانیان
خۆڵی كوێركردنی هاووڵاتیانە بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە دەستی عەدالەت رزگاریان بێت
ئەو شاڵاوە راگەیاندنەی دەزگاكانی راگەیاندنی كۆمپانیای وشەو پاشكۆكانیان دەستیان پێكردووە و بێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، تۆمەت دژی پارتی و ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەبەشنەوە، ئەوا دەبێت جەماوەری كوردستان بزانن، ئەوەخۆڵی كوێركردنی هاووڵاتیانە بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە دەستی عەدالەت و یاساكانی هەرێمی كوردستان رزگاریان بێت، بەڵام خەیاڵیان خاوە، چونكە تا ئێستا تیرۆریستان وێڕای هەموو هەوڵەكانیان نەیانتوانیوە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان تێكبدەن و لە دەستی یاسا و عەدالەت رزگاریان بێت، ئەمجارەش بكوژانی شەهید سەردەشت دەگەنە دەستی عەدالەت و یاسا و جەماوەری كوردستان وەك شێخ زانا و گرووپەكەی لەسەر شاشەی تیڤیەكان بە شەرمەزاری دەیانبینین، بەڵام با ئەمەیان بەجێبهێڵین بۆ رەوتی لێكۆڵینەوەكانی دەزگا پێوەندارەكان و دەست نەخەینە ناو كاروبارەكانیانەوە.
بۆچی دەیانەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە ئامانج و تۆڵە لە خەڵكی كوردستان بكەنەوە كە دەنگیان پێنەداون ؟
پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەوەیە سەرانی كۆمپانیای وشە و شەخسی نەوشیروان مستەفا بۆچی ئەم مەسەلەیە وا دەشێوێنن؟ بۆ دەیانەوێت یاسا و عەدالەت رێگەی خۆی ون بكات؟؟ بۆچی دەیانەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە ئامانج و لە ژێر خوێنی شەهید سەردەشتەوە پیلانەكانی خۆیان دژی گەلی كوردستان پیادە بكەن؟ ئایا بۆچی دەبێت دژی ئیرادەی گەلی كوردستان رابوەستنەوەو هێڕشی نابەجێ بكەنە سەر شەخسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی راستەوخۆی گەلی كوردستانە و لە %70ی گەلی كوردستان لە هەڵبژاردنی تەممووزی رابردوودا متمانەی خۆیان پێداوە؟ ئایا بەكارهێنانی وشەی دەسەڵات، وەك دەسەڵاتێكی سەركوتكار، ئیهانەكردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان نییە كە دەنگی بە لیستی كوردستانی داوە؟ ئایا ئێوەش هەر لەبەردەم ئەو جەماوەرە خۆتان نەپاڵاوتبوو، بەڵام متمانەتان پێنەدراو لە هەڵبژاردنەكانی ئاداری رابردوو وەك بڵقی سەرئاو پووكانەوە؟ ئایا ئێوە تۆڵە لە خەڵكی كوردستان دەكەنەوە كە دەنگیان پێنەداون؟ یان دەتانەوێت وڵاتێك كە گەلەكەی متمانەی بە ئێوە نەبێت سەرتاپای كاول بكەن؟ پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكرێن و راستیەكان چۆنن بۆ خەڵك، روونبكرێنەوە. خەڵكی كوردستان مامۆستا و ئەندازیارانی تیرۆر لە كوردستان دەناسن، ئەوەی ئەبوبكر عەلی نووسەر و شاعیری لەناو جەرگەی شاری سلێمانی بە نوێژی نیوەڕۆو بەئاشكرا شەهید كرد، ئێستا یەكێكە لە كادرە پێشكەوتووەكانی كۆمپانیای وشە و لە ژێر باڵی نەوشیروان مستەفادا بێ پەروا دانیشتووە، خەڵكی كوردستان دەزانن تەسفیەكردنی جەستەیی نەیارانی سیاسیی پیشەی كێیە و كێ لەناو شاری سلێمانی دەیان تێكۆشەری ئەم گەلەی تیرۆری كردن تەنیا لەبەرئەوەی بیروباڕوی كوردایەتییان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا جیاواز بوو، خەڵكی كوردستان دەزانێت،هەر چۆن جەنابی مام جەلال لە پلینیۆمی یەكێتیدا ئاماژەی پێكرد، هەموو ئەو كارەسات و مەینەتیانەی بەسەر میللەتەكەمان هاتووە رۆڵی سەرەكی و كاریگەری نەوشیروان مستەفای تێدا بووە،ئەم نەوشیروانە دەبووایە ئێستا وەك سیاسەتمەدارێكی كامڵ مامەڵە بكات و ئەگەر پێشتریش هەرزەكارانە سیاسەتی كردبێت و داهاتووی گەلی كوردستانی لەبەرچاو نەگرتبێت، دەبوو ئێستا دوای 70 ساڵ تەمەن و نزیكەی 50 ساڵ كاری حزبی، بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵ ئەم واقیعە هەستیارەی ئێستای كوردستان بكردایە و لە پێناوی چەند مەرام و پیلانێكی سیاسی خۆیدا موجازەفە بە هەموو داهاتووی گەلی كوردستانەوە نەكات، كە خۆی پێش هەمووان ئەو راستیە باش دەزانێت كە نەك بە پیلانەكانی خۆی، بەڵكو بە هیچ هێزێك رەگوڕیشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو جەماوەری كوردستاندا هەڵناكەنرێت و جەماوەری كوردستان متمانەی خۆی بە پارتی لەق ناكات، نەوشیروان مستەفا ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە بۆ لێدانی پارتی و( سەرۆكایەتی بارزانی بۆ خەڵكی كوردستان )كوڕی كورد بەناهەق بەكوشتن دەدات، زیاتر لە 40 ساڵە تۆوی دووبەرەكی لەنێو ریزەكانی خەڵكی كوردستاندا دەچێنێت و خەو بەوەوە دەبینێت كە خۆی ببێتە كەسی یەكەم لە كوردستان، بەڵام چل ساڵە مێژوو پێی دەڵێت ئەم خەیاڵەت پڵاوێكی سووتاوە و ئەو پاروە خواردنی بكوژێكی گەورەی وەك تۆ نییە، ئێستاش كە ئەم هەڵمەتە راگەیاندنەی دەست پێكردووە و بەشێوەیەكی زۆر نابەرپرسیارانە دێت كارێكی تیرۆریستانەی پلان بۆداڕێژراو كە لەپایتەختی هەرێمی كوردستاندا روویداوە، دەیكاتە بەرنامەی سیاسیی خۆی و دەیەوێت بەجارێك ئاسایش و ئارامی لە كوردستان بشێوێنێت و پیاوانی ئاسایش و دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ بخاتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە دەستی یاسا و عەدالەت قوتار بكات؟ ئایا ئەمە ناردنی پەیامی نەوشیروان نییە بۆ پشتگیری لە تیرۆریستان كە لەدوای گیرانی چەند سەركردەیەكیانەوە بڕیاریانداوە ئارامی لەشارەكانی عێراقدا نەهێڵن و نەوشیروان مستەفاش ئومێدێتی ئارامی و ئاسایش لە كوردستاندا نەمێنێت.
راگەیاندنەكانی كۆمپانیای وشە و پاشكۆكانیان دەیانەوێت بكوژانی شەهید سەردەشت ونبكەن
رۆژی 6/5/2010 كە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی شەهید سەردەشت بڵاوبۆوە، پەیامنێرانی سایتی گوڵان دەستبەجێ بەدواداچوونیان بۆ ئەم رووداوە كرد و تەنانەت سەبارەت بەم رووداوە لێدوانیان لە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر عەمید عەبدولخالق و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر(عەبدوڵڵا عەلی) وەرگرتبوو، هەر لەوێ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە پەیامنێری گوڵانی راگەیاندبوو كە بەدواداچوون لەسەر رووداوەكە دەستیپێكراوە، هەر بۆ ئەم هەواڵەی گوڵان سەرۆكی فراكسیۆنی رێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكاران (عیرفان عەزیز) لێدوانی بە پەیامنێرەكەی گوڵان دابوو ئیدانەی كارە تیرۆریستییەكەی كردووە و داوایكردووە كە دەبێت پۆلیس ئەمكارە ئاشكرا بكات، ئەم هەواڵەی گوڵان لە رۆژی 6/5/2010 و لە كاتژمێر 1.25 خولەكی دوای نێوەڕۆ بڵاو بۆتەوە، ئەمەش واتە ماوەی نێوان رووماڵكردنی هەواڵەكە و بڵاوكردنەوەی كەمتر لە دووكاتژمێری نەخایاندووە، دوای گوڵان كۆمەڵێك سایتی دیكە هەواڵەكەیان لە گوڵان وەرگرتووەو بڵاویانكردۆتەوە، بێگومان مەبەست لە ئاماژەكردن بەم هەواڵەی گوڵان مەبەست ئەوەنییە پیشانی بدەین گوڵان پێش هەمووان هەواڵەكەی بڵاوكردۆتەوە یان نە، بەڵكو مەبەستمان ئاماژەكردنە بە چەند خاڵێك:
1- ئەگەر سەیری لێدوانەكەی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بكەین كە هێشتا تەرمی شەهید سەردەشت لە موسڵەوە نەگەیشتۆتەوە هەولێر، دەبینن پۆلیسی هەولێر دەستی بە بەدواداچوون لەسەر رووداوەكە كردووە و ئاسایشی هەولێریش ئامادەباشی خۆی پیشانداوە هاوكاری پۆلیسی هەولێر بكات بۆ دۆزینەوەی ئەم كارە دڕندانەیە.
2- ئەگەر بە وردی سەیری لێدوانی وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە رۆژی 8/5/2010 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بە فەرمانێكی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، نەك بۆ ئەوەی فەرمان بدات دەست بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر رووداوەكە بكرێت، بەڵكو فەرمانی كردووە لیژنەیەكی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا پێوەندیدارەكانی دیكەی هەرێم پێكبهێنرێت بۆ پرسی رفاندن و شەهیدكردنی قوتابی سەردەشت عوسمان و لیژنەكەش پێكهێنراوەو لە كارەكانی بەردەوامە، ئەمە ئەگەر بە وردی هەڵوەستەی لەسەر بكەین واتە: ( بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێندە ئەمكارە دڕندانەیە بێزاری كردووە، تەنیا دوای چەند كاتژمێرێك، وەك بەرزترین دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە ئاستی لێكۆڵینەوە لە كارەساتی شەهید سەردەست بەرز بكرێتەوە بۆ ئاستی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەت لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا پێوەندارەكانی دیكەی هەرێم، هەروەها وتەبێژەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لە لێدوانەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات ئەو لیژنە تایبەتە لە كارەكانی خۆی بەردەوامە، ئەمەش واتە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت جیاواز لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونە ئاساییەكانی پۆلیس و ئاسایش كەمتر لە چەند كاتژمێرێكی خایاندووە).
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا مەبەستمان لە خستنەڕووی ئەم دووخاڵە چی بوو؟ بێگومان مەبەستمان لەو هەڵمەتە چەواشەكاریەیە كە رووداوی شەهیدكردنی قوتابی لاو سەردەشت عوسمان بۆ مەبەستی سیاسیی و بۆ مەرامی سیاسی دەشێوێنن، گوڵان لە رۆژی 10/5/2010 جارێكی دیكە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە پێوەندی بە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان كاروان ساڵح كردوو لێی پرسیوە، لە هەموو وڵاتێكی جیهان تاوان روودەدات رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە، باشە ئێوە بۆ بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیە دەكەن؟ كاروان ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە وەڵامی گوڵاندا دەڵێت: (ئێمە 3-4 رۆژ نەمانبینی كەس لێدوان بدات، ئێمە داوامان لەپەرلەمان كرد بۆ ئەوەی لایەنی بەرپرسیار بكەوێتە خۆی بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دوانەكەون)). بەڵام پرسیاری ئێمە لە خەڵكی كوردستان ئەوەیە ئایا دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش بەهەڵڵاو گێرەشێوێنیەكەی كۆمپانیای وشە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە یان بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای كەمتر لە چەند كاتژمێرێك فەرمانی كردووە لەبەر ئەوەی كارەكە كارێكی دڕندانە و جێگەی مەترسیە بۆسەرئاساییشی هەرێمی كوردستان و پێویستە لیژنەیەكی تایبەتی بۆ پێكبهێنرێت؟؟ كاتێك ئەم هەڵڵاو گێرەشێوێنیە گرێدەدەنەوە بەوەی دەست بە لێكۆڵینەوە نەكراوە، ئایا ئەمەش چەواشەكردنێكی دیكەی خەڵكی كوردستان نییە، باشە ئەگەر مەسەلەكان تێكەڵی یەكتری نەكەین و راشكاوانە لەگەلی كوردستان بپرسین ئایا ئەمە پاساوە بۆ ئەو هەڵڵاو گێرەشێوێنیە؟ با خەڵكی كوردستان خۆی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
لەلایەكی دیكە و سەبارەت بەو پرسە لە عوسمان بانیمارانی ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕانمان پرسی، بۆچی ئەم تاوانە لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەرگێكی سیاسیی بەربەردا كراوە و وەك مەسەلەیەكی سیاسی دەیقۆزنەوە؟ ئایا باشتر نییە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەمكارە هەڵبستن و هەموولایەك پشتیوانیان بكەین؟ بانیمارانی بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە: (لە هەموو حاڵەتێكدا فیعلەن كۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن بە دوودیوی جیا تەعامول لەگەڵ ئەو مەسەلەیە دەكەن، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رووی ئینسانی و مرۆییەوە تەعامول دەكەن، ئۆپۆزسیۆن وەك كێشەیەكی سیاسی سەیری دەكات، ئەمەش هەقی خۆیەتی، چونكە ئۆپۆزسیۆنە). سەبارەت بەئاستی مەترسی بە سیاسیكردنی تاوان لەلایەن ئۆپزسیۆنەوە ئەم پرسیارەمان ئاراستەی پرۆفیسۆر راندڵ كۆران تایبەتمەند لە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی لە كۆمەڵگە و ئوستادی فەلەسەفە لە زانكۆی پیتسپۆرگ كرد: ئایا مەترسی بە سیاسیكردنی تاوان لە كۆمەڵگەی دیموكراتی چەند مەترسیدارە؟ لەوەڵامدا پرۆفیسۆر راندڵ بەمجۆرە وەڵامی ئەم راپۆرتەی گوڵانی دایەوە: (( نازانم مەبەستی ئێوە لە بە سیاسیكردنی تاوانەكان چییە. لە وڵاتە دیموكراسییە پێشكەوتووەكاندا یاسای سزاكان بۆ ئەوە دانراون كە هەڵبستن بە پاراستنی ژیان و ئازادی و مافی موڵكدارێتی هاووڵاتیان، هەروەها بۆ پاراستنی ئازادی و مافی موڵكدارێتی رێكخراو و كۆمەڵە و پڕۆژە بازرگانییەكان. تاوانە سیاسییەكان جۆرێكی زۆر بەرتەسكی تاوانەكانن، وەك ئەنجامدانی خیانەت و داڵدەدانی دوژمن لە كاتی شەڕدا. كەواتە «بە سیاسیكردنی» تاوانەكان زیانێكی زۆر بە دیموكراسی دەگەیەنن.) هەر سەبارەت بەم پرسە هەمان پرسیاریشمان لە بەڕێز مامۆستا عەبدولستار عەبدولمەجیدی وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیكرد كە ئەوانیش لایەنێكی دیكەی ئۆپۆزسیۆنن لە كوردستان بەوەی ئایا ئەوە راستە ئەم تاوانە بخرێتە قاڵبێكی سیاسیی و بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت؟، لەوەڵامدا بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە: ( ئەو مەسەلەی كوشتن و رفاندن دیاردەیەكە لە هەموو شوێنێكی جیهان هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمە لە كوردستان نەبۆتە دیاردە و حاڵەتێكە، ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی ئیدانەی ئەم كارە تیرۆریستیە دەكەین، بەڵام ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەوە نین ئەم رووداوە وەك بۆ مەبەستی سیاسیی و بۆ پەیداكردنی لایەنگیر بۆ كۆمەڵ سوودی لێوەربگرین، ئێمە ئەمە بەشتێكی راست نازانین، بەڵام وەك ئەوەی رێگەی لێبگرین و نەهێڵێن ئەو جۆرە كارانە دووبارە ببنەوە، ئەوا ئیدانەی دەكەین و دەمانەوێت تاوانباران رادەستی یاسا بكرێن و ئەمەش لە چوارچێوەی یاسا بەكارێكی دروست دەزانم)، سەبارەت بە تۆمەت بەشینەوەی سیاسیی لەم رووداوەش دژی ئەم لایەن و ئەو لایەن، پرسیارمان لە بەڕێز حاجی بیلال ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان كرد و لەوەڵامی گوڵاندا وتی: ( دروستبوونی ئەم حاڵەتە جێگەی نیگەرانیە، ئەوانەی ئەم كارەیان كردووە سوودیان لە بۆشایی وەرگرتووە، دەبێت ئەو بۆشاییانە پڕبكرێنەوە، ئەوانە ئەو خەڵكانەن دەیانەوێت سومعەی كوردستان لەكەدار بكەن، ئەوجا لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان بن یان لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتبنە ژوورەوە، بۆیە جائز نییە تۆمەت ئاڕاستەی كەس بكرێت و دەبێت ئەم مەسەلەیە رووبەڕووی یاسا بكرێتەوە)، سەبارەت بە هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیش لەپەرمانی كوردستان لە پەرلەمانتار حەمەسەعید حەمەعەلیمان پرسی ئێوە چۆن سەیری ئەم رووداوە دەكەن؟ ئەویش بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی: ( هەر ئەوە دووبارە دەكەمەوە، ئەزموونی كوردستان لە رووی ئاسایشەوە سیمایەكی جوانی هەیە، دوژمنانی گەلەكەمان و تیرۆریستان چاویان بەم ئەزموونە هەڵنایەت و دژی ئاسایش و سەقامگیری و دژی گەلی كوردستانن، هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر مەسەلە نیشتمانیەكان و دیموكراتی و ئازادی یەك هەڵوێستین و دژی ئەو كارە ناشرینانەین كە دژ بە ئەزموونەكەمان ئەنجامدەدرێت)).
سەبارەت بە روودانی تاوانیش لە كۆمەڵگە دیموكراتییەكاندا چۆنیەتی مامەڵەكردنی پۆلیس و دەزگا پێوەندارەكان لەگەڵ ئەو رووداو و كارە تیرۆریستییانەی لەو كۆمەڵگانە روودەن، پرسیارمان لە پرۆفیسۆر ریچارد رۆسەنفیلد پسپسۆر لە تاوانی توندوتیژی و تاوانی رێكخراو، چۆنیەتی دۆزینەوەی ئەو جۆرە تاوانانە، لە زانكۆی میسۆری كرد و لێمان پرسی: كاتێك هێزەكانی پۆلیس دەست بە لێكۆڵێنەوە دەكەن، ناتوانن راپۆرتەكانیان دەربارەی بەرەوپێشچوونی لێكۆڵینەوەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكەن، بەڵام ئەگەر هاتوو هێزەكانی پۆلیس لەژێر فشاردابوون چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەكەن؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پرۆفیسۆر رۆسانفیڵد بەمجۆرە وەڵامی ئەم راپۆرتەی گوڵانی دایەوە: ((ئێوە پەنجە دەخەنەسەر گرفتەكە، لەبەر ئەوەی لە لایەك هێزەكانی پۆلیس ئەركی ئەوەیان لەسەر شانە كە رای گشتی لە رەوتی لێكۆڵینەوەكان ئاگادار بكەنەوە، لە لایەكی دیكەوە نابێت ئەوەندە زانیاری بڵاوبكەنەوە كە گومانلێكراوەكانی سوودی لێوەربگرن، كەواتە دەبێت ئەم هاوسەنگیە رابگرن. هەروەها دەبێت ئێمە بزانین كە لە زۆربەی تاوانەكانی كوشتندا هێزەكانی پۆلیس لە ماوەیەكی كەمدا تاوانبارەكان ئاشكرادەكەن، بۆیە هاووڵاتیان گرنگیەكی زیاتر بە تاوانە گەورەكان دەدەن، كە خوازیاری ئەوەن لە هەموو هەنگاوێكی لێكۆڵینەوە ئاگادار بكرێنەوە.)) سەبارەت بەوەشی ئەگەر ئەمجۆرە تاوانانە بۆ مەبەستی سیاسیی بەكارهاتن ئایا پرۆسە دیموكراسیەكە تاچەند دەكەوێتە مەترسیەوە و تاچەند سیستمی دادوەری لە وڵاتدا زیانی پێدەگات؟ لەوەڵامی پرسیاری ئەم راپۆرتەشدا پرۆفیسۆر رۆسانفیڵد وتی: ((پۆلیس لە چوارچێوەی سنوورە دەستووری و یاساییەكاندا ئەركەكانی خۆیان ئەدا ئەكەن، واتە یاسا ئەوە دیاری دەكات كە هێزەكانی پۆلیس دەتوانن تا چ راددەیەك هێز بەكاربهێنن یاخود چۆن كەسێكی دیاریكراو دەستگیر بكەن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكەن و بیپشكنن، لە راستیدا بە سیاسیكردنی تاوان یاخود بوونی هێزەكانی پۆلیس بە یەكێك لە ئامرازەكانی دەستی پارتێكی سیاسی دیاریكراو، ئەمە دەبێتەهۆی لە ناوبردنی بنەما دیموكراسییەكان و ئەمەش زیان بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پیادەكردنی دیموكراسی دەگەیەنێت.))
سەبارەت بە دروستكردنی گوشاری سیاسیش لەسەر پۆلیس و تێكدانی رەوتی رووداوەكانی لێكۆڵینەوە، پرسیارمان لە پرۆفیسۆر سترگویس سكارپێدس لە زانكۆی كالیفۆرنیا كرد كە پسپۆر و تۆژەرە لە سەنتەری ئارڤین بۆ دیراساتی تەنگژەكان و ئاشتی جیهانی، لەوەڵامدا راشكاوانە ئەوەی پێی راگەیاندین ئەوانەی كە بەوجۆرە گوشار دەخەنە سەر پۆلیس بۆ ئەوەی رەوتی لێكۆڵینەوەكان بەئاسایی نەڕۆن، ئەو لایەنە سیاسییانە خۆیان بەشێكن لەو مافیانانەی ئەو جۆرە كارانەیان ئەنجامداوە و وتی : ( لەساڵانی پەنجاكاندا كێشەیەكی دیكە لە ئارادابوو كە ئەویش بریتی بوو لە فشار دروستكردن لەسەر هێزەكانی پۆلیس لە لایەن ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی كە بە شێوەیەكی نهێنی هاوكاری تۆڕەكانی مافیا و رێكخراوە تاوانكارییەكانیان دەكرد، بۆ نموونە لە ئیتاڵیادا ئەوە ئاشكرابوو كە جولیانۆ ئەندریۆتیك، بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ و بە شێوەیەكی نهێنی هاوكاری و پاڵپشتی مافیاكانیان كردووە، كە دواتر دەركەوت چەندین كەسایەتی سیاسی دیكە بە هەمان شێوە پێوەندیان لەگەڵ تۆڕەكانی مافیادا هەبووە. كەواتە هەندێ جار لە وڵاتانی ئەوروپا و لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشدا روودەدات هێزەكانی پۆلیس بكەونە ژێر فشاری سیاسییەكانەوە لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی لێكۆڵینەوەدا)).
دوای ئەم بەدواداچوونە لەسەر مەترسیی بەسیاسیكردنی ئەم تاوانە و قۆزتنەوەی لەلایەن كۆمپانیای وشەوە بۆ مەبەستی سیاسیی و دژایەتی لایەنێكی سیاسیی، هەقە ئەو پرسیارە بكەین، ئایا بۆ چ مەبەستێك كۆمپانیای وشەو پاشكۆكانی ئەم كارە دەكەن؟
بۆچی كۆمپانیای وشە و پاشكۆكانی وەك تەیرێك نەشاز دەخوێنن؟
ئێمە لەم راپۆرتەی گوڵان راو بۆچوونی هەموو لایەنە كوردستانییەكانمان وەرگرتووە بەو لایەنانەی ئۆپۆزسیۆنن و هەروەها لە لیستی كوردستانیش كە لایەنی دەسەڵاتن، هەر بۆ بەرچاو ڕوونیی خوێنەرانی گوڵانیش پێوەندیمان بەچەندین پسپۆر و تایبەتمەند لەسەر ئاستی جیهان كردووە و لەم راپۆرتە بۆچوونەكانیان بڵاوكراوەتەوە، ئەوەی تێبینی دەكەین چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بێجگە لە سەرانی گۆڕان و راگەیاندنی كۆمپانیای وشە و پاشكۆكانیان هەموو لایەك دژی ئەوەن كە تاوانێك یان كارێكی تیرۆریستی كە لەكۆمەڵگە روودەدات بەوجۆرە ناشرین و بێزراوەی كۆمپانیای وشە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەو شێوازە هێندە قێزەوەنە كە بێجگە لە ئایدۆلۆژیەتی نەوشیروان مستەفا و پێڕەوانی ئەو ئایدۆلۆژیەتە كەسی دیكە بە راستی نازانێت، بۆیە كاتێك ئەو دیاردە بێزراو ئەو مامەڵە نامرۆڤایەتیانەی كۆمپانیای وشە لەگەڵ خوێنی شەهید سەردەشت بەو جۆرە دەكرێت، جێگەی خۆیەتی لە خەڵكی كوردستان بپرسین، ئایا بۆچی ئەم تاقمە وەك تەیرێكی ناشاز بەوجۆرە دەیانەوێت خوێنی شەهید سەردەشت بكەن بە قوربانی خواستەكانی خۆیان؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو هۆكارانە چین وا لە سەرانی كۆمپانیای وشە دەكەن بەو جۆرە و بێ باكانە و بێ گوێدانە هیچ مەسەلەیەك رەوشی هەرێمی كوردستان ئاڵۆز دەكەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیەتە سەركوتكارییەكەی نەوشیروان مستەفا كە ماوەی 40 ساڵە دەیەوێت دژی گەلی كوردستان پیادەی بكات، بەڵام سەركەتوو نەبووە و ئەمجارەش پشت بەخواو بەهیمەتی گەلی كوردستان سەركەتوو نابێت و ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئاكامی لێكۆڵینەوەكان بۆ گەلی كوردستان ئاشكرا دەكرێن، ئەوكاتە گەلی كوردستان دەزانن كە نەوشیروان مستەفا و راگەیاندنی كۆمپانیای وشە و پاشكۆكانیان چۆن هەست و سۆزی خەڵكی كوردستانیان لە پێناوی سەركەوتنی پیلانی گومڕای تاقمێ ژێر پێ ناوە وگاڵتەیان بە هەستی خەڵكی كوردستان كردووە، لە كۆتاییدا ئەوە بە پێویست دەزانین كە ئەو چەند دێرەی پرۆفیسۆر ئیمام عەبدولفتاح لە پێشەكی كتێبی ( سەركوتكار – الطاغیە) ئاماژەی پێكردووە، بیكەینە كۆتایی ئەم راپۆرتە كە نووسیویەتی : حەزرەتی مەسیح دەڵێت : (بۆ مرۆڤ چ سوودێكی هەیە كە هەموو دنیا بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت) هەتا ئەگەر وامان دانا هەندێك رەفتاری سەركوتكار ئیجابیەتیشی هەبوو، بەڵام ئایا بەهای ئەو ئیجابیاتە چییە؟ ئەگەر باجەكەی ئەوەبێت سوكایەتی بەمرۆڤ بكرێت و بەها بەرزەكانی ژێر پێ بنرێت، گەل بكرێتە پەیكەرێكی ئێسكی و مێشكی بسڕێتەوە و بەسەر شەقامەكاندا بجووڵێنرێن).
Top