لە دەوڵەتی فاشیلدا... مۆزایكی نەتەوەیی و ئایینی هەنجەتێكە بۆ لاوازییەكان

لە دەوڵەتی فاشیلدا... مۆزایكی نەتەوەیی و ئایینی هەنجەتێكە بۆ لاوازییەكان
لەگەڵ ئەوەی ماوەی زیاتر لەحەوت ساڵە رژێمی دیكتاتۆریی لە عێراقدا رووخاوەو هەوڵەكان لەسەر بنەمای فرەیی و پێكەوە ژیانی برایانە بە ئاراستەی بونیادنانەوەی عێراقێكی نوێن، بەڵام تائێستا عێراق تەنیا لە پۆلێنی دەوڵەتانی جیهاندا لە دوو بواردا لەریزی پێشەوەیە:
1- لە ریزبەندی دەوڵەتانی فاشیلدا ئەگەر پلەی یەكەم نەبێت ئەوا سێ یەكەمەكەی پێشەوە بەجێناهێڵێت.
2- لەریزبەندی ئاستی گەندەڵیشدا چەندین ساڵە جێگۆڕكێ بە پلەی سێیەم و دووەم دەكات، ئەمەش واتە یان ساڵێك دەكەوێتە دوای سۆدان و پێش مینیمار دەكەوێت، یان دەكەوێتە دوای مینیمار و پێش سۆدان دەكەوێت.
هۆكاری سەرەكی رزگار نەبوونی عێراق لە ریزبەندی یەكەمەكانی دەوڵەتە فاشیلەكانی جیهان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ئایدۆلۆژییە شۆڤێنیەی هەر لەسەرەتای سەدەی رابردووەوە دەوڵەتی عێراقی لەسەر دامەزراوە، عێراقی وەك دەوڵەتێكی فاشیل دروستكردووەو هەموو كات لەعێراقدا فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی وەك هۆكارێك بۆ لاوازبوونی دەوڵەتەكە سەیركراوە، بۆ ئەوەی عێراقیش لەم خاڵە لاوازە رزگاری بێت، بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق هەتا رووخانی رژێمی پێشووی بەعس لە نیسانی 2003 بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لەعێراقدا كراوە:
1- لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە حكومڕانی لەعێراقدا تەسلیمی كەمینەی سوونە كراوە بۆیە بەهیچ جۆرێك نەتوانراوە بیر لە دیموكراتی بكرێتەوە، بەپێچەوانەوە هەوڵدراوە كە لە عێراقدا سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی پیادەبكرێت.
2- هەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەوڵدراوە كێشەی كورد بەزەبری هێز سەركوت بكرێت و شتێك نەبێت لە عێراقدا ناوی كورد و كێشەی كورد بێت، ئەمە لە بیستەكانی سەدەی رابردووە دەستی پێكرد هەتا گەیشتە ئەوەی لە هەشتەكانی سەدەی رابردوو شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دژی بارزانییەكان و پاشان شاڵاوی ئەنفالی سەرتاسەری و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیاویان بەكارهێنا.
3- هەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەوڵدراوە مەزهەبی شیعە وەك دوژمن سەیر بكرێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی پێڕەوانی مەزهەبی شیعە زۆرینەی وڵات پێكدەهێنن، بەڵام هەموو جۆرە توندوتیژییەك لە دژیان بەكار هات بۆ ئەوەی لە دەسەڵات دووربخرێنەوە.
4- سەبارەت بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی دیكەی عێراق بە تایبەتی پێڕەوانی ئایینی كریستیان و یەزیدی و هەروەها برا توركمانەكانیش، سیاسەتی راستكردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی( تصحیح القومیە) دژی ئەو نەتەوەو ئایینە جیاوازانە پیادەكراوە و هەوڵدراوە ناسنامەی نەتەوەییان لە توركمان و كلد و ئاشووری و كوردەوە بگۆڕێت بۆ عەرەب.
5- حكومەتەكانی پێشووی عێراق هەوڵیانداوە بە رێگەی سیاسەتی بە عەرەب كردن، دیموگرافیای ناوچە كوردستانیەكان بگۆڕن، هەر لەشەنگارەوە تاخانەقین و بەدرەو جەسان ئەویش بە هێنانی عەرەب بۆ ئەو ناوچانە و دەركردنی كورد و توركمان و كریستیان لە شوێنی زێدی خۆیان.

رەنگدانەوەی ئەم بیرە شۆڤێنیە
لە پرۆسەی سیاسیی دوای رووخانی رژێمدا
لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس، كە نوێنەرایەتی بیری شۆڤێنی عەرەبی دەكرد لە عێراقدا و ئەم لەبەر ئەوەی بەم بیرە شۆڤێنییە ماوەی نزیكەی 40 ساڵ حكومڕانی عێراق كرابوو، بۆیە دوای ئەوەی ئەم بیرە لە حكومڕانی عێراقیشدا نەما، بە شێوازی پیادەكردنی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان دژ بەهەموو كوردستانییەكان بە ( توركمان و ئاشووری و كلدان و یەزیدییەكان)ەوە سەری هەڵدایەوە، هەوڵدرا جارێكی دیكە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆموبێلی بەمین چێنراو و تەقینەوەی خۆكوژی و هەڵكوتانە سەر خێزانەكانیان، ئەو نەتەوە غەیرە عەرەبانە ناچار بكەن شوێنی زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و رووبكەنە ناوچانەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێگومان هەرێمی كوردستان نەك هەر دەرگای ئاواڵایە بۆ هەموو ئەو نەتەوە غەیرە عەرەبییە كوردستانیانەی دەكەونە بەر شاڵاوی تیرۆر و توندوتیژی، هەرێمی كوردستان دەرگای واڵایە بۆ پێشوازی لەو برا عەرەبانەشی كە لە ترسی تیرۆر و توندتیژی روودەكەنە كوردستان.
بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە كردنە و پێویستە هەموو لەسەری رابوەستین ئەوەیە كە پاشماوەی كۆنە بەعسییەكان خاوەنی بیرێكی شۆڤێنین و ئەوەی ئێستا لە رێگەی تیرۆری دامەزاروەیی دەوڵەتییەوە دژی هاووڵاتیانی كوردستان پێیان ناكرێت، هەوڵدەدەن بەرێگەی كاری تیرۆریستی خۆتەقاندنەوە ئەنجامی بدەن، هەروەك چۆن پێش هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی عێراق، لە پارێزگای نەینەوا هەڵمەتێكی تیرۆر و خۆتەقاندنەوە دژی برا كریستیانەكان و یەزیدی و شەبەك و توركمان دەستی پێكردوو، هەموو بینیمان چۆن تەلەعفەر و شەنگار بەهۆی تەقینەوە خۆكوژییەكانەوە خەڵتانی خوێن كران، كۆنە بەعسییەكان زۆر هەوڵیاندا ئەم كردوەیە بكەنە هۆكارێك بۆ چەواشەكردنی رای گشتی، بەڵام كوردستانیەكان خۆیان وەڵامی ئەو تۆمەتە بێ بناخانەیان دایەوەو هەر خۆشیان سوپاسگوزاری خۆیان پێشكەشی سەرۆكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەوەی لەروودانی هەركارێكی تیرۆریستی دژی كوردستانیەكان لە ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوجا ئەو كارە تیرۆریستیانە لە شەنگار دژی كوردستانیەكان بكرێت یان لە خانەقین ئەوا دەستبەجێ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاریكاری پێویستی گەیاندۆتە ئەو شوێنانە و دەرگای نەخۆشخانەكانی كوردستانی بۆ پێشوازی بریندارەكان واڵاكردووە و ئەوەشی لە هەرێمی كوردستان چارەسەری بۆ نەكرابێت رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.
كوردستانیەكان لە تیرۆر و تۆقاندن بەهێزترن و هەر دەشگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان
ئامانجی شۆڤێنەكان و تیرۆریستان تێكدانی پێكهاتە مۆزاییكی نەتەوەیی و ئایینی كوردستانە، دەیانەوێت بەم كارە تیرۆریستیانە و بەزەبری هێز كوردستانییەكان بترسێن و لەو بڕیارە پاشگەزیان بكەنەوە كە دەیانەوێت رۆژێك زووتر مادەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و بگەڕێنەوە سەرهەرێمی كوردستان، كوردستانییەكان بە جیاوازی نەتەوەو ئاینیانەوە، بە تایبەتی كریستیان و توركمانەكان بە چاوی خۆیان واقیعی ئێستای ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبینن و دەزانن لە ناوچەكانی ژێردەستی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن براكانیان لەو هەرێمە بە مافە سیاسیی و كولتوری و كۆمەڵایەتییەكانی خۆیان شاد بوون و چۆن بەشداری لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی حكومڕانی لەكوردستاندا دەكەن، هەروەها زۆر باشیش لەو بڕیارانەی سەرۆكی كوردستان تێدەگەن كە بەرانبەر نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان داویەتی:
1- لە هەرێمی كوردستاندا نەتەوەی جیاواز هەیە بەڵام نەتەوەی كەمینەو زۆرینە نییە، نەتەوە هەر نەتەوەیە و ژمارەی دانیشتووان پێناسەی نەتەوە ناكات.
2- هەموو ئایینەكانی كوردستان وەك یەك رێزیان لێدەگیرێت و پێڕەوانی هەر ئاینێك بە ئازادی رێورەسمی ئایینی خۆی پیادە دەكەن.
3- سەبارەت بە دیاریكردنی مافی نەتەوەكان لە دەستووری كوردستاندا، سەرۆكی كوردستان بڕیاریداوە نەتەوەكان خۆیان بەوجۆرەی دەیانەوێت مافەكانیان لە دەستووردا دیاری بكرێت و خۆیان بڕیار لەسەر بەڕێوەبردنی خۆیان بدەن.
شۆڤێنییەكان و كۆنە بەعسییەكان دەزانن كوردستانییەكان بەس هیندە مادەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێبكرێت، دەزانن دەنگ بۆ گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەدەن، بۆیە دەیانەوێت بەزەبری تیرۆر و تۆقاندن جارێكی تر كوردستانییەكان لە زێدی خۆیان دەربكەن و جارێكی دیكە ئەو ناوچانە تەعریب بكەنەوە، بەڵام ئەو سەردەمە رۆیشت ئەو خەونەیان بێتە دی و ناتوانن دژی ئیرادەی گەلی كوردستان رابوەستنەوە.
Top