گرنگی پێوەندییەكانی هەولێرو ئەنكەرا لـــــەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
June 1, 2010
راپۆرتەکان
ئەم راپۆرتەی ئامۆژگای ئەنجوومەنی ئەتڵەسی پێش 11 مانگ(1/6/2009) بڵاوكراوەتەوەو، هەوڵێك بووە بۆ خستنەڕووی تێڕوانینەكانی (( هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەتوركیا، توركیا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، تێڕوانینی حكومەتی عێراق بۆ پێوەندەییەكانی نێوان بەغدا و ئەنكەرا، هەروەها تێڕوانینی ئەمریكا بۆ ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان)).كەواتە ئاماژەكردنمان بۆ ئەم راپۆرتە گرنگەی فلیپس وەك پرۆژەیەكی ئامۆژگای ئەنجوومەنی ئەتڵەسی(Atlantic Council) كە پرۆگرامی سەرەكییان ترانس ئەتڵەنتیكە، كە ئاماژەیە بۆ پێوەندییەكانی نێوان ئەمریكای باكوورو ئەوروپای رۆژئاوا،لەرووی سیاسییەوە ئاماژەیە بۆ ئاسایكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو دەوڵەتانی ئەوروپا، كە لەسەردەمی ئیدارەی جۆرج بوشدا جۆرێك لە ئاڵۆزی تێكەوتبوو بەتایبەتی لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، كەواتە بوونی مەسەلەی ( بونیادنانەوەی متمانە لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ ئاسایكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرا و هەولێر ) بە پرۆژەی ئەم ئامۆژگایە و هەوڵێك بۆ هاریكاری ئەنكەرا و هەولێر و واشنتۆن، نیشانەی ئەوەیە كە ئاسیبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرا و هەولێر، بێجگە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و عێراقی، وەك راپۆرتەكە ئاماژەی پێكردووە، ئاسایبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنكەرا دەبێتە هۆكاری سەركەوتنی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسداقیەتی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كێشەكانی جیهانیشدا، كەواتە دوای 11 مانگ كاتێك ئەم راپۆرتە جارێكی دیكە دەخوێنینەوە، هەست دەكەین ئەو راسپاردانەی راپۆرتەكە بۆ دروستبوونەوەی متمانە و ئاسایكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرا و هەولێر ئاماژەی پێكردوون، ئێستا بەشێكی زۆری ئەو خاڵانە بوونەتە واقیع و ئەمەش مانای وایە :
1- ئەو تێڕوانینەی لە ساڵانی 2007-2009 حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێوەندی ئاسایی لە نێوان ئەنكەرا و هەولێر هەیبووە لەلایەن حكومەت و دەوڵەتی توركیاوە تەفەهوم كراوە، بۆیە ئێستا بێجگە لەوەی دەبینن كونسوڵخانەی گشتی كۆماری توركیا لە هەولێر كراوەتەوە، لە هەمانكاتدا بەفەرمی بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی داوەتكراوە بۆ ئەوەی باس لە پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرا و هەولێر بە تایبەتی و پێوەندییەكانی توركیا و عێراق بەگشتی بكەن.
2- ئەو تێڕوانینەی توركیا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان هەیبوو، بێگومان هەرێمی كوردستان شەرعیەتی لە دەستووری عێراقەوە وەرگرتووە و رێز گرتن لە دەستووری عێراقیش فاكتەری سەرەكییە بۆ دابینكردنی سەقامگیری لە عێراقدا، بەرژەوەندی توركیاش لە عێراقێكی سەقامگیریدایە، بۆ رێزگرتن لە دەستووری عێراق كە شەرعیەتی بە هەرێمی كوردستان داوە لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەمە خۆی لە خۆیدا هەوڵێكی هەمە لایەنەیە بۆ دروستبوونی سەقامگیری لە عێراقدا.
3- ئەو تێڕوانینەی ئەمریكا هەیبوو پێشتر، ئەگەر كار گەیشتە ئەو حاڵەتەی ئیدارەی ئەمریكا ناچار بوو لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئایا كامیان هەڵدەبژێرێت؟ ئیدارەی ئۆباما ئەو تێڕوانینەی گۆڕی و هەوڵیدا خۆی رووبەڕووی ئەو ئەگەرە نەكاتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا خۆی رووبەڕووی ئەو ئەگەرە بكاتەوە، ئامانجەكانی لە عێراقدا بۆ پێناسە ناكرێت، ئەمەش واتە:
• ئامانجی ئەمریكا لە عێراقدا بە ئاشكرا بریتییە لە رێگە گرتن لە هەڵوەشانەوەی عێراق و دروستكردنی سەقامگیری لە عێراق وەك دەوڵەتێك توانای ئەوەی هەبێت حوكمڕانی خۆی بكات.
• عێراق ئەو دەوڵەت بێت كە بەئاشتی لەگەڵ دراوسێكانی بژی.
ئەم دوو ئامانجەی ئەمریكا لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، واتە پرۆسەی سیاسی عێراق بەبێ بەشداری كارای كورد لە پرۆسەی سیاسیی و حكومەتی داهاتووی عێراق نایەتەدی، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی دراوسێ بەبێ ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرا و هەولێر دیسان نایەتەدی، كەواتە لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەگەر ئەمریكا بیەوێت ئامانجەكانی لە عێراقدا بێتە دی ئەوا بەبێ رۆڵی كارای كوردستانییەكان بۆی نایەتەدی بۆیە لەم حاڵەتە ئەگەر خۆی رووبەڕووی ئەو ئەگەرە بكاتەوە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا یەكێكیان هەڵدەبژێرێت، ئەوا هەر كامیان هەڵبژێرێت ئەوا هاوپەیمانێكی گرنگ لە دەست خۆی دەدات، هەر بۆنموونە ئەگەر هەرێمی كوردستان هەڵبژێریت ئەوا هاوپەیمانێكی وەك توركیا لە دەست دەدات كە زیاتر لە 50 ساڵە ئەندامی باكوری ئەتڵەسییە، هەروەها توركیا لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو هاوكارێكی گرنگی ئەمریكا بووە لە شەڕی كۆریا( پێش دابەشكردن)، هەروەها لە ئەفغانستانیش تائێستا هاریكارێكی گەورەی هێزەكانی ناتۆیە لە ئەفغانستان، ئەگەر توركیاش هەڵبژێرێت و پشت لە هەرێمی كوردستان بكات، ئەوا دیسان ئەو هاوپەیمانە گرنگە لە دەست دەدات، كە بەبێ هاوكاری هەرێمی كوردستان نە یەكپارچەیی عێراق دەپارێزرێت و نەسەقامگیریش لە عێراقدا دروست دەبێت، نەپرۆسەی سیاسیی عێراقیش سەركەتوو دەبێت وەك ئەو دەوڵەتەی بتوانێت بە شێوەیەكی دیموكراتییانە و وەك دەوڵەتێكی فیدرالی حكومڕانی خۆی بكات،كەواتە ئەگەر ئەمریكا پشت لە كورد بكات ئەوا داهاتووی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە،كە داهاتووی عێراقیش كەوتە مەترسییەوە و یەكپارچەیی عێراق كەوتە بەر هەڕەشە، ئەوا وەك راپۆرتەكەی ترانس ئەتلەنتیك ئاماژەی پێكردووە میسداقیەتی سیاسەتی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان دەكەوێتە ژێر پرسیار و گومان و بێ متمانەییەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە ئەگەر نەتوانێت یەكپارچەیی عێراق بپارێزرێت ئەوا جیهان جارێكی دیكە متمانەی پێناكاتەوە كاتێك هەوڵەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشە جیهانییەكان دەخاتەگەڕ، كەواتە بەپێی راپۆتەكەی تەتڵەنتیك كاونسڵ، پێویستە ئەمریكا خۆی نەخاتە ئەو حاڵەتەی رووبەرووی ئەگەری هەڵبژادرنی یەكێك لە هاوپەیمانەكانی بێتەوە، بۆ خۆ دوورخستنەوەش لەم ئەگەر ئەوا پێویستە ئەمریكا لە تێڕوانینی كورد بۆ عێراقی داهاتوو و پێوەندی ئاشتیانەی عێراق لەگەڵ دراوسێكانی تێبگات، كە ئەویش بەمجۆرەیە:
أ- بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگە و لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كورد داوای عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالی دەكات، بەو شێوەیەی دەستووری عێراق نەخشەی بۆ كێشاوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد بە عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالی و فرەیی و پەرلەمانی رازییە و دەیەوێت بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە.
ب- كورد بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەی بێتە دی رازییە بە دابەشكردنی داهاتی سامانە سروشتییەكان بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق بێت و دەخوازێت بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دەستووری عێراق بە هەرێمەكانی داوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت و گاز، یاسای نەوت و گازی حكومەتی عێراقی فیدرال پەسەند بكرێت و پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوت و گاز بەردەوام بێت.
ت- كورد دەیەوێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان وەك كێشەی نێوان هەرێمێك و حكومەتی فیدرالی لە چوراچێوەی دەستووری وڵات چارەسەر بكرێت، جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دوانەخرێت یان تەفسیری ناجۆر بۆ بڕگەكانی دەستووری عێراق نەكرێت.
ث- هەرێمی كوردستان لە رووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە هەرێمێكە ئاسایش و سەقامگیری تێدا بەرقەرارە، ژەنەراڵی خانەشین جەی گەرنەر راشكاوانە بە بزنسمانە ئەمریكییەكانی راگەیاند ئاسایشی هەولێر لە ئاسایشی ویلایەتەكانی ئەمریكا سەقامگیرترە، بۆیە هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو عێراق سەقامگیر بێت و، سەقامگیری هەرێمی كوردستان هاندەرێكە بۆ سەقامگیری عێراق، ئەمەش واتە هەر لایەنێك بەرژوەندی لەسەقامگیری عێراقدا هەبێت، پێویستی بەدۆستایەتی هەرێمی كوردستان هەیە.
ج- هەرێمی كوردستان ئێستا بۆتە وەرشەیەكی كاركردنی بونیادنانەوەو بەسەدان كۆمپانیا و وەبەرهێنی ناوخۆیی و بیانی لەو هەرێمە سەرمایەكانی خۆیان بەگەڕخستووەو دەوڵەتانی دراوسێی عێراق دەتوانن لە رێگەی كوردستانەوە بەشداری لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق بكەن، ئەمەش دەبێتە دەرگایەك بۆ دروستكردنی پێوەندی بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتانی دراوسێی، هەروەها دروستبوونی پێوەندی بازرگانی و ئابووری لە نێوان عێراق و دەوڵەتانی دراوسێدا.ئەمەش واتە كاتێك بەرژەوەندییەكان تێكەڵ دەبن هاوكاری نێوان لایەنەكان زیاتر دەبن.
ح- تێڕوانینی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا، بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناسەقامگیری عێراق و كێشە ئیقلیمیەكان بەو جۆرەیە، هیچ كێشەیەك بەڕێگەی هێزی سەربازی و توندوتیژی چارەسەر نابێت، بۆیە گرنگە بۆ هەموو كێشەكان لایەنە پێوەندارەكانی ئەو كێشەیە بگەنە قەناعەت كە تەنیا رێگە چارە لێك تێگەیشتن و چارەسەری سیاسییە، ئەمە بۆ توركیاش راستە كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر دەكردەوەو بە توركیا و ئەمریكا و هەموو جیهانی رادەگەیاند كە كێشەكانی ناوخۆی توركیا كێشەی سیاسین و پێویستیان بە چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە هەیە، بۆیە ئێستا كە دەبینن لە توركیا هەنگاوێك بۆ كرانەوە هەیە، حكومەتی توركیا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كێشەكانی توركیا بە دیموكراتی و پەرەپێدان چارەسەر دەكرێت، دەبینن نەك هەر كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەرەو چارەسەر دەچن بەڵكو پێوەندییەكان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەفەرمی داوەتی توركیا دەكرێت بۆ ئەوەی لەسەر هەموو مەسەلە پێوەندیدارەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا قسە بكرێت.