خەریكە پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە

خەریكە پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە
یەكلایی نەبوونەوەی ئاكامەكانی دەنگدان و رانەگەیاندنی ئاكامی فەرمیی هەڵبژاردنەكان دوای هەشت هەفتە و دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەو هۆكارانەن كە هەست دەكرێت پرۆسەی سیاسی عێراق رووبەڕووی قەیرانێكی سەخت دەبێتەوە، د.ئەیاد عەلاوی كە سەرۆكی لیستی ئەلعراقیەیە هەفتەی رابردوو لە میسرەوە بانگەشەی بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی كاتی و دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەكرد، بێگومان بانگەشە كردن بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیری سیاسیی و نیشانەی ئەوەیە كە پرۆسەی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق رووبەڕووی دەرگا داخراوەكان دەبێتەوە، هەروەها د.نوری مالكیش زۆر بەتوندی وەڵامی ئەم بانگەشەیەی د.عەلاوی دایەوەو ئەم بانگەشەیەی بەجۆرێك لە هەست نەكرد بە بەرپرسیاریەتی لەقەڵەمدا، هەموو ئەم كاردانەوانە لە كاتێكدا روودەن كە هێشتا ئاكامی دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی بەغدا ئاشكرا نین، بۆیە ئەگەر ئاكامی دەنگدانەكە بەجۆرێك بشكێتەوە كە پارسەنگی لیستی دەوڵەتی یاسا بخاتە سەروو لیستی ئەلعراقیەوە، مەزندە دەكرێت كاردانەوەی توندتری بەدوادا بێت، ئەمە بێجگە لەوەی ئەگەر هەژماركردنەوەی دەنگەكان ئاكامێكی جیاوازی دروستكرد، ئەوا لەم حاڵەتەدا مسداقیەتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش دەكەوێتە ژێر پرسیار و ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ ئایا دەكرێت ئاكامەكانی هەڵبژاردن وەك ئاكامی راستەقینە سەیر بكرێن و ئەو حكومەتەی لەسەر بنەمای ئاكامی ئەو دەنگدانە پێكدەهێنرێت، تاچەند شەرعیەتی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە؟ ئەمانە هەمووی ئەو ئەگەرانەن كە مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەكەن و بۆشاییەك دروست دەكەن كە هێندەی دیكە بوار بۆ تیرۆریستان بڕەخسێت رەوشی ئاسایشی بەغدا و شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بشێوێنن، بێگومان ئاڵۆزبوونەوەی باری ئاسایشی بەغدا بەشێوەیەكی تایبەتی دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە نەتوانرێت بە شێوەیەی ئاسایی پرۆسەی وتووێژەكان و پێكهێنانی هاوپەیمانی دروست ببێت، ئەمەش جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی عێراق دەباتەوە بارێكی ئەوتۆ كە زۆرجار لە سیاسەتدا بە گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم پێناسە دەكرێت، مەسەلەیەكی دیكەی گرنگ كە ئەویش ئایندەی عێراق رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەكاتەوەو ئەو ئەگەرەیە كە زەحمەتە د.مالكی بە ئاسانی پرۆسەی دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات پیادەبكات، بە تایبەتی ئەگەر هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و هاوبەندی نیشتمانی عێراق یەكبگرن، ئەوا زۆر زەحمەتە چانسی د.مالكی بەو ئاستە بێت كە ببێتە كاندیدی هەردوو لیستەكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەگەر یەكیش نەگرن و ئاكامی دەنگدانەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەوا دیسان د.مالكی زەحمەتە رازی بێت پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ د.ئەیاد عەلاوی بەجێبهێڵێت، ئەگەر ئاكامی هەژماركردنەوەی دەنگەكانی بەغداش لیستی دەوڵەتی یاسا دیسان بكات بەلیستی یەكەم، ئەوا دیسان ئەگەری ئەوە هەیە كە لیستی ئەلعراقیە لە پرۆسەكە بكشێتەوە، بۆیە لەو ئەگەرانەی كە چاوەڕێی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن، هەموویان كۆمەڵیك هەڕەشە و مەترسیان لە ناخی خۆیاندا هەڵگرتووە.
Top