وتەبێژی سوپای عێراق خشتەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان دەخاتەڕوو
لیوا یەحیا رەسول وتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند چەند لیژنەیەكیان بۆ دیاریكردنی خشتەی كاتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دروستكردووەو ژمارەیەك ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزە فیدراڵییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە كوردستان بۆ لێدانی تیرۆریستان ئەنجامداوە.
یەحیا رەسول هاوكات وتی هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە لە نێوانیاندا هەیە، هەروەها بۆ رووبەرووبوونەوەو نەهێشتنی تیرۆریستانی داعش بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان ئەوە ژمارەیەك ئۆپەراسیۆنیان لەو ناوچانەی بۆشای ئەمنی هەیە ئەنجامداوە. هەروەها هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنیان بەردەوام و زیاتر دەبێت لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ نەمانی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە ئێستا هەیە كە تیرۆریستانی داعش قۆزتوویانەتەوە بۆ لێدان و پەڵاماردانی هێزەكانی عیراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
وتەبێژە سەربازییەكەی عێراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانیشەوە گوتی چەند لیژنەیەكی هونەرییان پێكهێنراوە بۆ ئەوەی كات و چۆنیەتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە ڕێگەی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان ڕێكبخەن. هەروەها باسی لەوەشكرد كە سەركەووتنیان لەوە بەدەستهێناوە كە هێزەكانی هاوپەیمانان لەشەڕكەرەوە گۆڕاون بۆ كاری راوێژكاری و مەشق و راهێنان.
ئامادەكردنی: گوڵان/ ساڵح عومەر