تیمی چاكردنەوەی فرۆكەكانی F16 بۆ حكومەتی عێراق: ئێمە دەڕۆین .. كەی ئاسایشتان بۆ دابین كردین دەگەڕێینەوە

تیمی چاكردنەوەی فرۆكەكانی F16  بۆ حكومەتی عێراق: ئێمە دەڕۆین .. كەی ئاسایشتان  بۆ دابین كردین دەگەڕێینەوە
گوڵان میدیا
رۆژی دووشەمە كۆمپانیای – لوكهید مارتن-ی ئەمریكی رایگەیاند ، لە بەر ناسەقامگیری ئەمنی تیمی تایبەت بە چاكردنەوەی فرۆكەكانی F16 لە بنكەی ئاسمانی – بەلەد- دەكێشنەوە ، ئەم تیمە ئەو كۆنتراكتەرانە دەگرێتەوە كە رۆڵێكی كاریگەر لە ئۆپەراسیۆنەكانی فرۆكە – F16- ەكانی عێراق دەگێرین.
سەبارەت بە بڕیاری كشانەوەی ئەم تیمە لە بنكەی ئاسمانی – بەلەد- ، جوزیف لاماركا جونیور ، بەرپرسی بەشی پەیوەندیەكانی كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ئەمریكی و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە سەلامەتی فەرمانبەرەكانمان لەسەروو هەر شتێكی دیكەوەیە ، كۆمپانیای – لوكهید مارتن- هەڵدەستێت بە گواستنەوەی ئەو تیمەی F16 كە ئێستا لە عێراق كاردەكەن ، ئەمە بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی تیمەكە ئاشكرا بكات.
لە لێدوانیكدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بەرپرسێكی عێراقی ئەوەی ئاشكرا كردووە، ژمارەی ئەندامانی ئەو تیمە 70 فەرمانبەرن و، 50 فەرمانبەریان گواستراونەتەوە بۆ ئەمریكا و 20شیان چوون بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
بەرپرسێكیش لە وەزارەتی بەرگری عێراق سەبارەت بە كشانەوەی ئەم تیمە ، بە هۆیەكانی راگەیاندنی گووتووە: هۆكاری كشانەوەی ئەم فەرمانبەرانە بەهۆی ئەو هێرشە موشەكیانەوەیە كە بەردەوام دەكرێتە سەر ئەم بنكە ئاسمانیە ، هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە كە هەوڵێكی زۆریان داوە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە قایل بكەن بەوەی بمێنێنەوە بەڵام هەوڵەكانمان هیچ ئاكامێكی نەبووە و، وەڵامی ئەوان بۆ داواكەی ئێمە ئەوەبووە كە پیان گووتووین : ئێمە ماوەی 2-3 مانگ دەرۆین ، هەر كاتێك توانیتان ئاسایشمان بۆ دابین بكەن دەگەڕینەوە.
جیگەی ئاماژە پێكردنە ئەم بڕیارەی كۆمپانیای – لوكهید مارتن- ی ئەمریكی ، ئاماژەیە بۆ بێ دەسەڵاتی حكومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو میلیشیا – لە یاسا دەرچووانەی- كە بەردەوام هێرشی رۆكێتی دەكەنە سەر بنكەی ئاسمانی – بەلەد- و شوێنەكانی دیكە لە عێراقدا.
Top