مستەفا كازمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: بەم نزیكانە شایستە داراییەكان دەگەنە هەرێمی كوردستان

مستەفا كازمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: بەم نزیكانە شایستە داراییەكان دەگەنە هەرێمی كوردستان

گوڵان میدیا
بە بۆنەی تێپەربوونی ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق ، مستەفا كازمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ چەند كەناڵێكی عێراقیدا ، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە كە رۆژنامەنووسان ئاراستەیان دەكرد، لەبەشێكی ئەم كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا و لەوەڵامی پرسیاریكدا سەبارەت بە پەیوەندیەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی ، كازمی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند بەسەردەمی زێرینی خۆیدا تێدەپەرێت ، سوپاس بۆ خوا متمانەیەكی گەورە لە نێوان هەردوولادا بوونی هەیە ، هەروەها پەیوەندیەكی دێرنی سەردەمی خەباتی چەكداری دژی رژێمی پێشوو پێكەوە گرێماندادەتەوە ، بۆیە لەم چوارچێوەیە و بەهۆی بوونی ئەم پەیوەندی و متمانەیەی نێوانمان توانیوومانە چەندین گرێكوێرەی نیوان هەردوولا بكەینەوە.
لەبەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە و لە پرسیارێكی دیكە سەبارەت بەناردنی شایستە داراییەكان لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان ، كازمی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ، بەهۆی ئەو متمانەیەی لە نێوان حكومەتی هەریم و حكومەتی فێدرالی بوونی هەیە توانیمان پێكەوە، بڕیار لەسەر بڕگەی 11 لە پرۆژە یاسای بودجە بدەین ، پاشان پرۆژە یاساكەش لە پەرلەمان پەسەندكراوە و ئێستا لە قۆناخی كۆتایی جێبەجێكردنی پرۆژە یاسای بودجەین و بەم نزیكانە شایستە داراییەكانیش بۆ هەریمی كوردستان دەنێرین.
سەبارەت بە هاوكاری و هەماهەنگی نیوان هیزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەناو كێشە لەسەرەكان هەیە ، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد ئێستا كار لەسەر ئەم هاوكاری و هەماهەنگیە دەكرێت و هەفتەی پێشوو شاندێكی هەریمی كوردستان هاتنە بەغدا و كۆبوونەوەمان لەگەڵ كردوون ئەم هەفتەیەش شاندێك لە بەغداوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و ، بۆ یەكەمجار لەم هەفتەیەدا نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی ئەمنی لەبەغدا بەشداربوون ، ئێمە هەندێك پیشنیارمان هەیە و سەركردایەتی هەرێمی كوردستانیش پشتگیری لێدەكات ، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان خستۆتەگەر بۆ ئەوەی ئەو هاوكاری و هەماهەنگیە دروست بكەین.
Top