پاتریاكی كلدان لە عێراق و جیهان: كاتی جیاكردنەوەی دینە لە دەوڵەت
كاردیناڵ لویس ساكۆ داوای كرد دین لە دەوڵەتی عێراق جیابكرێتەوە و دەوڵەتێكی مەدەنی دابمەزرێت، وەك چۆن وڵاتانی مەسیحی لە ڕۆژئاوا دەمێكە وایان كرد.
كاردیناڵەكە چوار پێشنیازی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی پەرە بە دیالۆگ و پێكەوەژیان لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بدرێت.
كاردیناڵ لویس ساكۆ ئەم وتەیەی پاپای ڤاتیكانی دووپات كردەوە كە گوتی با دەنگی چەك كپ بكرێ و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت، گوتیشی ئەم سەردانە هەلێكی دانسقە بوو بۆ ئەوەی عێراقییەكان وەبەری بێنن و بیكەنە بۆنەیەك تا بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆیان و بەرپرسیارییەتی هەڵبگرن، لاپەڕەكانی ڕابردوو دابخەن و لاپەڕەی نوێ بۆ ئاشتبوونەوە و پەرەپێدانی برایەتی هەڵبدەنەوە.
وتەكەی كاردیناڵ لویس ساكۆ كە لە ماڵپەڕی فەرمیی بەتریاركیدا بڵاو كراوەتەوە، ئەوەشی تێدا هاتووە كە عێراقییەكان بەپێی دەستوور یەكسانن و ناشێ هاووڵاتییبوون لە یەك دین و تایفەدا بچوك بكرێتەوە، وابزانم ئێستا كاتی ئەوەیە دین لە دەوڵەت جیابكرێتەوە و دەوڵەتێكی مەدەنی دابمەزرێت، وەك چۆن وڵاتە مەسیحیەكانی ڕۆژئاوا دەمێكە وایان كردووە.
جێی باسە رۆژی 5-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و گەورەترین قوداسی ئایینی لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەهید فەرەنسۆ هەریری لە هەولێر ساز کرد.
basnew -