یاسای بودجەی عێراق رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرا
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی 2021ی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرد.
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، کە واژۆی سادق جومعە حەمید، جێگری ئەمینداری گشتی پەرلەمانی عێراق بۆ کاروباری کارگێڕی لەسەرە، ئەمڕۆ سێشەممە 6/4/2021 پاڵپشت بە ماددەی 73 بڕگەی سێیەمی دەستووری عێراق، یاسای بودجەی گشتی فیدرالی ساڵی2021 رەوانەی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە، بەمەبەستی پەسندکردنی یاساکە.
سیروان سیرینی، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی یاسای بودجە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمارکراوە بۆ ئەوەی پەسندبکرێت و دواتر لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای سێ مانگ گفتۆگۆ و دانوستاندن، شەوی 31-3-2021 پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکرا.
rudaw -