کازمی پارێزگارە سەربازییەکەی زیقار لادەدات

کازمی پارێزگارە سەربازییەکەی زیقار لادەدات
سەرۆک وەزیرانی عێراق پارێزگارێک بۆ زیقار دیاری دەکات و پارێزگارە سەربازییەکە لادەدات.

رۆژی 26-2-2021، بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، نازم وائیلی لە پۆستی پارێزگاری زیقاری دوور خستەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەحمەد خەفاجی بۆ پارێزگاری زیقار راسپاردووە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 6-4-2021 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، خەفاجی بە فەرمی وەک پارێزگار، دیاری بکرێت.

مستەفا کازمی دوای دوورخستنەوەی نازم وائیلی، فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی وەک پارێزگاری نوێی زیقار بەوەکالەت، دیاری کرد.

هاووڵاتییانی پارێزگای زیقار لە مانگی 10ـی 2019ـەوە بە خۆپیشاندان داوای مافە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە و کارەبا دەکەن و هێزە ئەمنییەکان بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە.

زیقار پارێزگایەکی باشووری عێراق و شاری ناسریە سەنتەری پارێزگاکەیە. ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەبێت.





باسنيوز
Top