ئیمارات بە بەهای سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراق دەکات
نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات، لەگەڵ محەمەد بن راشد ئال مەکتوم، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئیمارەتی ئەبوزەبی، کۆ بووەتەوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 4-4-2021، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومیی عێراقی، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە ئیمارات.
مستەفا کازمی سوپاسی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ خەلیفە بن زاید ئال نەهیانی سەرۆکی ئەو وڵاتەی بۆ پاڵپشتییەکانیان بۆ عێراق، کردووە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کازمی و بەرپرسانی باڵای ئیمارات لەسەر پەرەپێدانیی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی بەغدا و ئەبوزەبی و دامەزراندنی ئەنجوومەنی کاری عێراقی - ئیماراتی، رێککەوتوون.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەرپرسانی باڵای ئیمارات بەڵێنی وەبەرهێنانیان بە بەهای سێ ملیار دۆلار لە عێراق، داوە.
باسنيوز