وادەی دانوستاندنی واشنتن و بەغدا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری کرا

وادەی دانوستاندنی واشنتن و بەغدا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری کرا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وادەیەک بۆ دانوستاندنی وڵاتەکەی و عێراق بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان، دیاری دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، رۆژی 7-4-2021، بەرپرسانی وەزارەتەکەی لەگەڵ عێراقییەکان بۆ دانوستاندنی ستراتیژیی نێوانیان، کۆ دەبنەوە.

هەفتەی رابردوو حکوومەتی عێراق لەڕێی ماسیۆ تولەر، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، پەیامێکی بۆ ئەمریکا نارد و داوای دیاریکردنی کاتێکی بۆ دوناستاندن و کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پرسەکانی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئابووری و وزە، پرسە سیاسییەکان و هەماهەنگیی پەروەردەیی و رۆشنبیریی نێوان ئەمریکا و عێراق دەکرێت.

دوای کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندی، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، لە بەغدا، پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 5-1-2020 یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکەی، دەرکرد.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.




باسنيوز
Top