عێراق بە بەهای حەوت ملیار دۆلار رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ دەکات

عێراق بە بەهای حەوت ملیار دۆلار رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ دەکات
عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی واژۆکرد، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی گەورە و یەکێکیشیان پرۆژەیەکی تایبەت بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆرە بۆ بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات کارەبا.

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، رێککەوتنی سەرەتاییان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ کردووە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی چوار پرۆژە. یەکەم پرۆژە بریتییە لە وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە خوارووی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەی گازی دەرچوو. ئەم پرۆژەیە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و دواتر توانای بەرهەمهێنانی 600 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتیی دەبێت.

یەکێکی دیکەیان پرۆژەی سوودوەرگرتنە لە وزەی خۆر بەمەبەستی بەدەستهێنانی وزەی کارەبا و چاوەڕوان دەکرێت 1000 مێگاوات کارەبا بدات. دوو پرۆژەکەی دیکەش بریتین لە پرۆژەی کێڵگەی ئارتاوی و پرۆژەی ئاوی دەریا.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی وزە رایگەیاند، وەبەرهێنانی پرۆژە نوێیەکان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی دەگاتە حەوت ملیار دۆلار.

وەزیری نەوتی عێراق روونیکردەوە، ئەو پرۆژانەی جێبەجێ دەکرێن بۆ عێراق پێویستن؛ پرۆژەی یەکەم کە گرنگترینیانە بریتییە لە کۆکردنەوە و دەرهێنانی گاز لە تەواوی کێڵگەکانی دەرەوەی رێککەوتنی گازی بەسرە کە بریتین لە کێڵگەکانی (ئارتاوی، رۆژئاوای قورنە/2، مەجنوون، توبە، لحیس) کە بڕێکی زۆری گازیان تێدا دەسووتێت. بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، رێککەوتن لەگەڵ تۆتاڵ کراوە بۆ هەبوونی ژمارەیەک دامەزراوە لەو کێڵگانە بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە گازی دەرچوو.

لای خۆیەوە، پاتریک بویانیە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ رایگەیاند، کۆمپانیاکەی گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی عێراقی کردووە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی گازدا و گوتیشی، پرۆژەی دیکەی گرنگ هەن، وەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگە نەوتییەکان و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە تیشکی خۆر و راشیگەیاند، واژۆکردنی رێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە.

ماجد مەهدی حنتووش، وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی سەرەتاییان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ کردووە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات لەڕێگەی وزەی خۆرەوە.
rudaw -
Top