سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ناکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 29-3-2021، حەیدەر لامی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە کەناڵی(دیجلە)ی عێراقی راگەیاندووە، ”زۆرینە“ی پەرلەمانتارانی ئەمخولەی پەرلەمانی عێراق، بە ساختەکاری لە هەڵبژاردن دەرچوونە و بوونەتە پەرلەمانتار.
حەیدەر لامی بە دووری زانیوە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکرێ و رایگەیاندووە، لایەنە سیاسییەکان جددی نین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونکە ”هەندێک لایەنی سیاسی“ بە ساختە کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە و نایانەوێ بەر لە وادەی تەواوبوونی خولی یاسایی پەرلەمان، کورسییەکانیان لەدەست بدەن.
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا هەروەها رایگەیاندووە، ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق تەواو دەکرێ و لە کۆتایی خولەکەدا، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
لەسەر داوای خۆپیشاندەران و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6-6-2021ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کردبوو، بەڵام دواتر وادەکەی بۆ 10-10-2021 دواخست.
باسنيوز