تەندروستیی عێراق: تاوەکو ئێستا 19 هەزار کەس پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە

تەندروستیی عێراق: تاوەکو ئێستا 19 هەزار کەس پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 37 هەزار و 273 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراون و دەرکەوت 5 هەزار و 271 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام تائێستا زیاتر لە 19 هەزار کەس لە عێراق پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رۆژی یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "ئەمڕۆ پێنج هەزار و 271 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هاوکات چوار هەزار و 820 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکە چاکبوونەوە و 35 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژە بەوە کراوە "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان 926 کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هاوکات 298 تووشبووی پێشووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و 11 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستدا".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە گرنگیی وەرگرتنی پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆڤید-19 کراوەتەوە و بە "کورتترین رێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە" ناوبراوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە پرۆسەی پێدانی پێکوتە "زۆر باش بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 635 کەس لە عێراق پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە".

تاوەکو ئێستا 832 هەزار و 428 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 745 هەزار و 935 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتە 89.6%ـی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 72 هەزار و 281 تووشبووی کۆرۆناش هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 492 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێری چڕدان، 14 هەزار و 212 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top