پۆلیسی نەینەوا: پێنج چەكداری داعش دەستگیركران

پۆلیسی نەینەوا: پێنج چەكداری داعش دەستگیركران
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەستگیركردنی پێنج چەكداری داعشی لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند، كە دووانیان لە پۆلیسی حسبەی داعش كاریان كردووە.

بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری و هاوكاریی هاووڵاتییان، رۆژی یەكشەممە 28-03-2021 فەوجی 12ی پۆلیسی فریاكەوتن سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، ئەو پێنج چەكدارەی داعشیان لە گەڕەکەكانی تەحریر، ئەربەجیە و زەهرا، دەستگیركردوون.

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دووان لە دەستگیرکراوەکان لەگەڵ پۆلیسی حسبەی داعش كاریان كردووە، ئەوانی دیكەش چەكداری دیوانی جوند، فیرقەی فرقان و سەربازگە گشتییەكان بوون، پێش كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاكە لەدەست داعش لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی عێراقەوە.

دەستگیركراوەكان بەگوێرەی یاسای 4ی تیرۆر داواكراون و لەکاتی لێكۆڵینەوەكانیشدا دانیان بەوەدا ناوە كە پێش كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاكە لەلایەن سوپای عێراق، هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سڤیلیان كردووەتە ئامانج.

پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستگیركردنی "دوو تیرۆریست" لە پارێزگای ئەنبار و "تیرۆریستێك"یان لە پارێزگای كەركووك راگەیاند، كە بەگوێرەی ماددەی 4ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواكراون.
rudaw -
Top