پۆلیسی نەینەوا: پێنج چەكداری داعش دەستگیركران
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری و هاوكاریی هاووڵاتییان، رۆژی یەكشەممە 28-03-2021 فەوجی 12ی پۆلیسی فریاكەوتن سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، ئەو پێنج چەكدارەی داعشیان لە گەڕەکەكانی تەحریر، ئەربەجیە و زەهرا، دەستگیركردوون.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دووان لە دەستگیرکراوەکان لەگەڵ پۆلیسی حسبەی داعش كاریان كردووە، ئەوانی دیكەش چەكداری دیوانی جوند، فیرقەی فرقان و سەربازگە گشتییەكان بوون، پێش كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاكە لەدەست داعش لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی عێراقەوە.
دەستگیركراوەكان بەگوێرەی یاسای 4ی تیرۆر داواكراون و لەکاتی لێكۆڵینەوەكانیشدا دانیان بەوەدا ناوە كە پێش كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگاكە لەلایەن سوپای عێراق، هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سڤیلیان كردووەتە ئامانج.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستگیركردنی "دوو تیرۆریست" لە پارێزگای ئەنبار و "تیرۆریستێك"یان لە پارێزگای كەركووك راگەیاند، كە بەگوێرەی ماددەی 4ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواكراون.
rudaw -