عێراق سێیەمین وەجبەی کەرەستە و ئەرشیڤی رادەستی کوێت کردەوە

عێراق سێیەمین وەجبەی کەرەستە و ئەرشیڤی رادەستی کوێت کردەوە
عێراق سێیەمین وەجبەی کەرەستە و ئەرشیڤە دەستبەسەرداگیراوەکانی رادەستی دەسەڵاتدارانی کوێت کردەوە، کە لە ماوەی داگیرکردنی ئەو وڵاتەدا لە ساڵی 1990 دەستی بەسەردا گرتبوون، کوێتیش رووفاتی سەربازێکی عێراقی رادەستدەکاتەوە.

لە رێوەڕەسمی رادەستکردنەوەکەدا کە لە پەیمانگەی سعود ناسر ئەلسوباحی، دیپلۆماسی کوێتی، بەڕێوەچوو، ناسر ئەلهین، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کوێت بۆ کاروباری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان؛ قەحتان جەنابی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری یاسایی و تاریق شێخ، نوێنەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوئاهەنگی نیشتەجێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەبوون.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کوێت، لەکاتی رێوەڕەسمەکەدا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە لە چوارچێوەی پابەندبوونەکانی عێراق بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئازادکردنی کوێت، لەوانەش بڕیاری ژمارە 2107. ئەمە هەنگاوی دیکەی بەدواوە دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی برایەتیی نێوان هەردوو وڵات".

هاوکات ناسر ئەلهین راشیگەیاند، دەوڵەتی کوێت پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی دەکات بۆ تەواوکردنی رادەستکردنی سەرجەم کەرەستە و ئەرشیڤەکانی، ئەمە سێیەمین وەجبەیە لە کەرەستە و ئەرشیڤی تایبەت بە هەندێک دامودەزگا، وەکو وەزارەتی راگەیاندن، ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ رۆشنبیری و ئەدەبیات و زانکۆی کوێت.

لەبارەی دۆزینەوەی رووفاتی سەربازێکی عێراقی لە دوورگەی بۆبیان لەکاتی چوونی عێراق بۆ نێو کوێت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کوێت گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگەی تاوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و رووفاتی ئەو سەربازە عێراقییە رادەستی ئەو شاندە عێراقییە دەکرێتەوە، کە ئێستا بە سەرۆکایەتیی قەحتان جەنابی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کوێتن.

قەحتان جەنابی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەت و گەلی عێراق سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ "کوێتی دۆست"، رادەستکردنی سێیەم وەجبەی کەرەستە و ئەرشیڤی ئەو وڵاتە هەنگاوێکی جیددییە بۆ نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، عێراق سوورە لەسەر لابردنی سەرجەم ئاستەنگییەکان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیی نایابی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و رۆشنبیری، بەتایبەتی هەردوو گەل زۆر پەیوەندی پێکەوە دەیانبەستێتەوە.
rudaw-
Top