دوایین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان سەبارەت بە پرسی بودجە دەخرێتە روو

دوایین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان سەبارەت بە پرسی بودجە دەخرێتە روو
لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كۆبووه‌وه‌ و چه‌ندین پێشنیازی نوێ هێنراونه‌ته‌ ناو لیژنه‌ی دارایی بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.

شه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجسومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ‌ (كوردستان24) له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی دانیشتنی په‌رله‌مان گوتی: "تا ئێستا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئه‌نجامدراون و لایه‌نی كوردستانی كێشه‌ی له‌سه‌ر هیچ خاڵێك نه‌بووه و‌ له‌سه‌ر چه‌ندین خاڵیش گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام هۆكاری تێنه‌په‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان، به‌هۆی هه‌ندێك كوتله‌ی دیكه‌یه‌، كه‌ له‌ناو خۆیان ناكۆكییان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوسمه‌نی نوێنه‌ران و لیژنه‌ی دارایی بڕیاریان داوه‌، ئه‌و خاڵانه‌ی رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه‌، دابڕێژرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بخرێنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و گوتیشی: "چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ش بكرێت كه‌ تا ئێستا له‌سه‌ری رێكنه‌كوتوون، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن كرا، ئه‌وا كۆی پڕۆژه‌كه‌ ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ش دوابخرێت، ئێمه‌ وه‌ك كوتله‌ كوردستانییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌ناو خۆیان رێكبكه‌ون".

سه‌باره‌ت به‌ دژایه‌تیكردنی‌ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن چه‌ند كوتله‌یه‌كی وه‌ك: فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا و نەهجی ئه‌لوه‌ته‌نی، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ گوتی: "ئێمه‌ پێشبینی ئه‌وه‌مان كردووه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ ده‌كه‌ن، بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌رده‌وامن".

تایبه‌ت به‌ مادده‌ی 11ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتی: "ئه‌و مادده‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ چه‌ند سازشێكیشمان له‌و مادده‌یه‌دا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه‌ تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ رێكنه‌كه‌وتبن ئه‌وا هیچ گوناهی ئێمه‌ نییه‌، چونكه‌ كێشه‌كان له‌ناو كوتله‌كانی دیكه‌یه‌ و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هیچ گرفتێكیان نییه‌".













باسنيوز


Top