کازمی: نمایشەکەی رەبعوڵڵا لە بەغدا گەورە کراوە

کازمی: نمایشەکەی رەبعوڵڵا لە بەغدا گەورە کراوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، نمایشەکەی میلیشیای رەبعوڵڵا گەورە کراوە و هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق، بە ”داگیرکەر“ ناو دەبات.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (MBC میسر)، هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە ”داگیرکەر“ ناوبردووە و رایگەیاندووە، سوپای عێراق تووشی ستەمێکی زۆر بووەوە لەسەر دەستی هێزەکانی ئەمریکای داگیرکەر، بەڵام دوای شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەهێز بووەتەوە.

مستەفا کازمی هۆشداریی داوەتە گروو و میلیشیا چەکدارییەکان و رایگەیاندووە، پەنابردنی گرووپ و کەسەکان بۆ چەک بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەک رەت دەکەینەوە، چونکە ئێستا سوپای عێراق ”زۆر بەهێزترە لە جاران“.

لەبارەی نمایشە سەربازییەکەی میلیشیای رەبعوڵڵا لە بەغدا و هەڕەشەکردنی ”بڕینی گوێی مستەفا کازمی“، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، نمایشەکە بە زیادەڕۆییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەورە کراوە، رووداوەکە ”هەوڵێکی شکستخواردووی کۆمەڵێک گەنج بوو بۆ تێکدانی بارودۆخی دەوڵەت و یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ من“.

مستەفا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە رێگا بە هیچ گرووپ و میلیشیایەک نادەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چالاکی بکەن و چەک هەڵبگرن.

رۆژی هەینی 26-3-2021، میلیشیای رەبعوڵڵا نمایشێکی گەورەی سەربازی لە بەغدا کرد و چەندین وێنە و دروشمیان بەرز کردبووەوە، کە تێیدا هەڕەشەی بڕینی گوێی مستەفا کازمانیان دەکرد و رایانگەیاند، ”ئێستا کاتی گوێبڕینی کازمی هاتووە“.





باسنيوز
Top