میلیشیا حووسییەکان دانیان بە تاوان و کوشتارەکەی سەنعادا نا
پێشتر لە راگەیاندنەکان بڵاو کرایەوە، کە لە 7ی ئەم مانگەدا ئاگرێک لە بنکەیەکی دەستگیرکراواندا کەوتووەتەوە، دوای ئەوەی چەکدارانی حووسی بۆمبی جۆری CSیان فڕێ داوەتە ناو ئەو بنکەیەی کە پەنابەرە ئەسیوبییەکانی تێدایە.
سەرچاوەیەک لە کۆچبەرانی ئەسیوبی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ژمارەیەی کوژاراوان بە سەدان کەسە.
وەزارەتی ناوخۆی سەر بە میلیشیا حووسییەکان بڵاوی کردووەتەوە دوای لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە کە 11 کەس لە چەکدارەکانیان لە بەشی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان ئاگریان بەرداوەتە پەنابەرە ئەسیوبییەکان و 46 کەسیان مردوون و 170 کەسی دیکەشیان بریندار بوون، دواتر یەکێک لەو 5 بریندارانەی لەژێر چاودێریی چڕدابوون گیانی لەدەست داوە.
وەزارەتەکەی میلیشیای حووسی گوتیشی، ئەو بنکەیە بەندیخانە نەبووە، وەک ئەوەی رێکخراوەکان لەناویشیاندا رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی رای دەگەیەنێت، بەڵکوو پەناگەیەک بووە، خودی رێکخراوەکە یارمەتیی داون لە دابینکردنی پێداویستییەکانی.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی پەنابەران بە توندی ئیدانەی رووداوەکەی کردووە و رەتیشی کردەوە، کە ئەوان پێداویستییەکانی پەناگەیەکی لەو شێوەیان بۆ پەنابەران لە ئەسیوبیا یان لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان دابین کردبێت.
مەحموود تاهیر، توێژەری سیاسیی یەمەنی بۆ (سکای نیوز) ئاشکرای کردووە، میلیشیا حووسییەکان سێ بژارەیان خستووەتە بەردەم ئەو پەنابەرە ئەسیوبییانە، یان پارە بدەن، یاخود بچنە بەرەکانی جەنگ و شەڕیان بۆ بکەن، یانیش سووتان. کاتێکیش ئەو پەنابەرانە ئەو مەرجانەیان رەت کردووەتەوە، چەکداران ئاگریان تێ بەر داون.
تاهیر گوتیشی: "ئەو کردەوانەی حووسییەکان رووی داعش سپی دەکەن، بەڵام جێی سەرسامییە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک حزبی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، لە کاتێکدا ئەوانە گرووپی تیرۆریستین".
رۆژی 7ی 3ی 2021 چەکدارانی میلیشیای حووسی لە سەنعا، ئاگریان بەر دایە بنکەیەکی دەستگیرکراوانی پەنابەرە ئەسیوبییەکان و لە ئەنجامدا 46 کەسیان گیانیان لەدەست داوەو 170 کەسی دیکەشیان بریندار بوون.
باسنيوز