وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق به‌ڵێنی توندكردنی رێككاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌دات

وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق به‌ڵێنی توندكردنی رێككاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌دات
حه‌سه‌ن ته‌میمی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق به‌ڵێنیدا، رێككاری توندتر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌گرنه‌به‌ر، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان پابه‌ندی رێنمایی دووری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بن.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (واع) حه‌سه‌ن ته‌میمی گوتی: "رێككاری خۆپارێزی و چاودێریكردن له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی نیشتمانی و سه‌پاندنی پێبژاردن به‌سه‌ر سه‌رپێچیكاراندا له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستین".

ته‌میمی داواشی له‌ كه‌سایه‌تی ئایینی و سه‌رۆك هۆز و ئه‌وانه‌ كرد، كه‌ له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن، پابه‌ندی رێككار و رێنماییه‌كان بن و له‌ گردبوونه‌وه‌، سه‌ردان و زیاره‌تكردن به‌دوور بن و به‌ڵێنیشیدا، "ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بن رێككاره‌كان زۆر له‌وه‌ی ئێستا توندتر ده‌كه‌ن".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی دیكه‌ درێژكردبووه‌وه‌‌.

پێشتریش ئه‌میندارێتی گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش رایگه‌یاندبوو، "به‌له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ئێستای كۆرۆنا و ئه‌و ئاماژانه‌ی به‌هۆی زیادبوونی رێژه‌ی تووشبوون و مردن به‌و په‌تایه‌ زه‌نگی مه‌ترسی لێده‌ده‌ن، بڕیاریانداوه‌ بۆ رۆژانی هه‌ینی، شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌شی و له‌ كاتژمێر 8:00ی شه‌وه‌وه‌ تا 5:00 به‌یانیش بۆ رۆژانی دیكه‌ی هه‌فته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ بسه‌پێنن".
k24 -
Top