موسەننا ئەمین: دەستەواژەی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە یاسای دادگەی فیدراڵی لابرا
موسەننا ئەمین، ئەندامی هاوپەیمانیی هیوای کوردستان راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگدان لەسەر هەمواری یاسا کۆنەکەی دادگەی فیدراڵی بەڕێوەچوو؛ ئێمە بایکۆتی کۆبوونەوەکەمان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر هەمواری ماددەی 3ی یاساکە درا، لەماددەی سێ کە هەموارکراوە دادوەری یەدەگ بۆ دادگای فیدراڵی زیادکراوە."
ئەندامانی دادگاکە لە 9 کەس پێکدێن و دادوەرێکی یەدەگ زیادکراوە و لەکاتی ئامادەنەبوونی یەکێک لە ئەندامانی دادگەی فیدراڵی بەهەر هۆکارێک ئەو دادوەرە دەتوانێت ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت؛ ئەو کاتە کۆبوونەوەی دادگەی فیدراڵی بەڕێوە دەچێت و بڕیاردەدات. باسیشی لەوەکرد،"لە ماددەیەکی دیکەی هەموارەکەدا دەستەواژەی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لادراوە و کراوەتە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمەکان."
لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی عێراقیش، موسەننا ئەمین گوتی: "لە هۆڵی دەستووریی پەرلەماندا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی یاسای بودجە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، کە بڕیارە سبەی دەنگدان لەسەری بەڕێوەبچێت."
لە لێدوانێکی پێشتری ، موسەننا ئەمین، مەترسی خۆی لە زیادکردنی دادوەری یەدەگ نەشاردەوە و گوتی"داوامانکردووە دادوەری یەدەگ زیاد نەکرێت؛ نابێت ئەو دادوەرە لە شوێنی دادوەرێکی ئامادەنەبووی کورد لە کۆبوونەوەکە بتوانێت دەنگبدات، بەتایبەت لەوانەیە هەندێک پرسی هەستیاری نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت."
لەوبارەوە، ئەمڕۆ موسەننا ئەمین گوتی:"بەڵێ ئەو دادوەرە یەدەگەی زیادکراوە ئێستا دەتوانێت لەشوێنی کوردەکەش ئامادەی کۆبوونەوە بێت و دادگەکە بڕیار بدات".
rudaw -