حکومەتی عێراق بەشە خۆراكی مانگانەی چەند توێژێك رادەگرێت
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 18ی ئادار، بڕیاریدا بەگوێرەی رێنمایی نوێ، بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان بەردەوام بێت و ژمارەیەک چین و توێژیش بەشە خۆراکیان دەبڕدرێت.
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق،"لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە بەشە خۆراكی مانگانەی چەند توێژێك رادەگیرێت". ئەنجوومەنی وەزیران داواشی لە سەرجەم وەزارەت و دەستەکان كردووە، لە ماوەی 30 رۆژدا لیستى مووچەی ئەو فەرمانبەرانە رادەستی وەزارەتى بازرگانى بکەن، کە مووچەكانیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار زیاترە.
ئەوانەی بڕیاری بڕینی بەشە خۆراکی مانگانە دەیانگرێتەوە:
1- خاوەن کۆمپانیاکان؛ ئەوانەی ناویان لە فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکاندا هەیە (بەڕێوەبەر بن یاخود خاوەن پشک).
2- ئەو کەسانەی نەچوونەتە نێو پرۆسەی هاوژینییەوە و داهاتی مانگانەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاترە.
3- ئەوانەی ناویان لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکاندا تاوەکو پلە دوو تۆمارکراوە، هەروەها خاوەن کارە پیشەسازییەکان تاوەکو پلەی سێ.
4- سەندیکای پزیشکان، پزیشکانی ددان و سەندیکای دەرمانخانەکان.
5- بەڵێندەران تاوەکو پلەی شەشەم.
6- ئەوانەى وڵاتینامەی وڵاتێکى دیکەیان هەیە.
7- ئەوانەی هەژماری باجیان هەیە و هەژمارەکەیان ساڵانە لە 18 ملیۆن دینار زیاترە.
8- ئەوانەی گەشتی دەرەوەی عێراق دەکەن بۆ ماوەی سێ مانگ بە شێوەیەکی کاتی بەشە خۆراکەکەیان رادەگیرێت، تاوەکو دڵنیادەبنەوە لە گەڕانەوەیان.
9- ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.
10- دەستگیرکراوانی گرتووخانەکان (تاوەکو ئەوکاتەی ئازاد دەکرێن).
11- ئەوانەی لەناو زیندانەکاندا مردوون.
12- ئەوانەی سەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانن.
13- ئەوانەى لە دادگە هەڵاتوون.
14- بیانییەکان و پەنابەران، جگە لە خێزانە فەلەستینییەکان.
rudaw -