پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی کۆدەبێتەوە
پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی تەواوكردنی دەنگدان لەسەر یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی كۆدەبێتەوە
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بەمەبەستی تەواوكردنی دەنگدان لەسەر یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی.
سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان کۆدەبێتەوە
ئەوەش هاتوە، هەروەها كاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی حکومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ لیژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان کۆدەبێتەوە بۆ تەواوکردنی برگەکانی تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021.
سەرۆک بەرهەم لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوەوە
لای خۆیەوە هەڵکەوت چەلەبی، سکرتێری رۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، شەوی رابردو سەرۆک بەرهەم لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوەوە و پرسی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی و پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 یان تاوتوێکرد.
سەرۆک بەرهەم داوای لەفراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد پەیوەست بە پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی یەک دەنگ بن
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک بەرهەم لەکۆبونەوەکەدا داوای لەفراکسیۆنە کوردستانییەکان کردوە پەیوەست بە پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی یەک دەنگ بن و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بڕیاری هەماهەنگی تەواویانداوە، ئەوەش بەو هۆکارەی پڕۆژەیاساکە پەیوەندیدارە بە گەلی کوردەوە و حزبەکان پێویست دەکات راستگۆیانە بچنەوە گفتوگۆکان و دەبێت کورد لەسەر یاساکە رازی بێت پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
خەندان