ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا: تاوەکو پێنجشەممە رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت، بە زۆرینە بودجە تێدەپەڕێنرێت

ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا: تاوەکو پێنجشەممە رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت، بە زۆرینە بودجە تێدەپەڕێنرێت

شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی دوایین پێشنیازی شیعەکان و بڕیاردان لەسەری، گەڕاونەتەوە بەغدا. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لیژنەی دارایی گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی ھەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەکە بکات بە رادەستکردنی رۆژانە 460 ھەزار بەرمیل نەوت، گەر گەیشتنە رێککەوتن ئەو پێشنیازە وەکو دوایین دەقی شیعەکان رادەستی شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەن، بەڵام ئەمە ھەر لە ئێستاوە لای ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی و شاندەکەش رەتکراوەیە، کەچی بەشێکی شیعەکان ھێشتا پێداگری لە رادەستکردنی لەو رێژەیە زیاتریش دەکەن، چونکە دەڵێن ھەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.

د. جەواد موسەوی، ئەندامی ھاوپەیمانیی سائیروون دەڵێت "پێشنیازێک ھەیە کە ئێستا باس دەکرێت، کە بریتییە لە رادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ داھاتی 50%ی نانەوتی وەکو فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەوانی دیکە، بە راشکاوی ئەم پێشنیازە ھێشتا لەژێر لێکۆڵینەوە و گفتوگۆدایە لای ھاوپەیمانیی سائیروون و حیزبەکانی دیکەش، بەڵام لێرەدا بابەتەکە دەبێت بە یەکسانی بێت، ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، وەکو چۆن پارێزگاکانی دیکە سەرجەم داھاتەکانیان رادەست دەکەن بە رێژەی 100|%، بەپێی ئەو راپۆرت و ئامارانەی لە وەزارەتی نەوت وەرمانگرتووە دەڵێت، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات".

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "لایەنی سەدرییەکانە تاوەکو ئێستا بە ھیچ جۆرێک قبووڵ ناکەن یاسای بودجە دەنگی لەسەر بدرێت، تاوەکو دوو شت نەکەن، یەکەم بابەتی دادگەی فیدراڵییە، یەکلابکرێتەوە، دووەمیش کاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریبکرێت، رەنگە بە گوشاری شەقام و پەرلەمانتاران رازی ببن پرۆژە یاسای بودجە بخرێتە کارنامەی کارەوە، بەڵام ئەمەش دوای دادگەی فیدراڵی دەبێت".

بەشێکی شیعەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ تێپەڕاندنی بودجە بە زۆرینە و بەبێ کورد، ئەندامێکی دەوڵەتی یاسای نووری مالکی دەڵێت، ئەم چاوەڕوانییە بێ ھودەیە و شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتنیان ناوێت و نایکەن.

مەنسور بعێجی، ئەندامی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی "لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێداگرییەکی زۆر ھەیە ئەگەر ھاتو لە ماوەی ئەم ھەفتەیە، یان تاوەکو رۆژی پێنجشەممە رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت، ئەوا بودجە بە زۆرینە تێدەپەڕێنرێت، بەبێ ھەرێم".

گرفتێکی دیکەی بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە، بەستنەوەیەتی بە یاسای دادگەی فیدراڵی کە ھێشتا جێی مشتومڕی لایەنەکانە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە دوایین گەڕی گفتوگۆکانی ئەنجامبدرێت و تێپەڕێندرێت، بەشێکی پەرلەمانتارانیش وای دەبینن بودجە بمێنێتەوە بۆ دوای نەورۆز
rudaw -
Top