ساڵی رابردوو هەزار و 552 كەس بە رووداوی هاتووچۆ لە عێراق مردوون

ساڵی رابردوو هەزار و 552 كەس بە رووداوی هاتووچۆ لە عێراق مردوون
ئەندامێكی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، بەهۆی خراپیی رێگەوبانەكان، ساڵی رابردوو هەزار و 552 هاووڵاتی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.

عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق راگەیاند "بەهۆی خراپیی رێگەوبانەكان و تیژڕۆیی، ساڵی رابردوو هەزار و 552 هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە؛ هەزار و 760 هاووڵاتیی دیكەش برینداربوون".

بە گوتەی بەیاتی، بەپێی راپۆرتەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، ساڵی رابردوو چوار هەزار و 666 رووداوی هاتووچۆ تۆماركراون، لە شاری بەغدا 871، لە پارێزگای سەڵاحەددین 790 و لە پارێزگای نەجەف 648 رووداوی هاتووچۆ تۆماركراون، بەهۆی ئەو رووداوانەوە هەزار و 552 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 760 هاووڵاتیش برینداربوون.

بە گوتەی بەرپرسێك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە راپۆرتەكەیدا پشتی بە داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ بەستووە، كە لە داتاكانی وەزارەتی تەندروستی كەمترە و دەڵێت، "دەکرێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاتربێت كە راگەیێندراوە، چونکە زۆرجار هاووڵاتییان بێ ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆیان لەسەر رێگە خێراکان گواستوونەتەوە نەخۆشخانەکان".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی، "ئێستا ژمارەی قوربانیانی رووداوەكانی هاتووچۆ لە ژمارەی قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكان لە وڵات زۆر زیاترە، چونكە ساڵی رابردوو 400 كەس لە ئەنجامی كردەوە تیرۆریستییەكان كوژراون، بەڵام زیاتر لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیە بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا".

rudaw -
Top