میلیشیاكان كۆنتڕۆڵی پهرلهمانی عێراق دهكهن
بەشار کیکی، ئەندامی پەرلەمانی گوتی: "ئەبوو ئالاء ولائی بۆی دەرکەوتوە رێکەوتنی شەنگال دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمش کار بۆ گەڕانەوەی ھەژموونی کورد دەکرێت، بۆیە ئەوان ھانی گروپەکانی دیکەی حەشد دەدەن، کە لە شەنگال کێشە درووست بکەن و لە کەرکوک خۆپیشاندان بکەن دژی گەڕانەوەی پارتی، ئەم ھەوڵانەشیان لاوازە، بۆیە لە رێگای تویتەوە دەیانەوێت، خۆیان بنوێنن".
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق زۆر بە توندی وەڵامی ئەبو ئالاء ی دایەوە و گوتی: "لە سەریانە جارێ میللەتەکەی خۆیان رزگار بکەن لەو غەدر و برسێتیەی کە تێیکەوتون، چونکە تا ئێستا ژنەکانیان لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق قوتوی کۆنە کۆدەکەونەوە لە سەر زبڵخانەکان و دەیفرۆشنەوە بۆ دابینکردنی بژێوی رۆژانەی خێزانەکانیان، بۆیە جارێ با ئەوان کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن، بۆیان نیە لە سەر ئەمە بابەتە قسە بکەن، چونکە لە پسپۆڕی ئەوان نیە، دەمەوێت ئەوەش بلێم، ھیچ کەسێکی شەریف نیە لە ھەموو دنیا و ھەرێمی کوردستانیش دەست بخاتە دەستی کەسانەی لەو جۆرە، ئەوەی دەستیشیان لەگەڵ تێکەڵ بکات خیانەتیان کردووە".
پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ماوەی 5 مانگە دواکەوتووە و پەسەند نەکراوە، لە بارەی پشکی ھەرێمەوە شاندەکەی حکومەت ھەموو ئامادەیەکی دەستووریان نیشانداوە بۆ رێکەوتن و شیعەکان لە نێو خۆیاندا ناکۆکن بۆ رێکەوتن. جگە لەوەش یاسایی دادگای فیدراڵی و پشکی شارەکان و نەبوونی پلەی دامەزراندن، بەربەستی گەورەی بەردەم پەسەند نەکردنی بوودجەن. بە بۆچوونی پەرلەمانتارانیش ھاوشێوەی لێدوانەکەی ئەبوو ئالاء و بەشێک لە سەرکردەی گروپەکانی حەشدی شەعبی لەیەکترازانی نشتیمانی درووست دەکات و عێراق زیاتر دەباتە قۆناغی کاولکاری و ماڵوێرانی و تێکدانی پێکەوە ژیان و شەراکەت.
k24 -