گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ ئەلوەلائی: جیاوازیتان لەگەڵ داعش نییە
ئەبو ئالاء ئەلوەلائی، فەرماندەی میلیشیای تیرۆریستیی سەیدوشوهەدا هێرشی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئەوان رێگە بە تێپەڕبوونی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە بەرژەوەندیی كورد نادەن.
لە بەرامبەردا شیخ موزاحم حوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان راگەیاند: ”میلیشیای سەیدوشوهەدا كە ئەبو ئالا ئەلوەلائی فەرماندەیی دەكات، بە تاوانە گەورەكانی لە دژی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان ناسراوە، بە تایبەتیش خەڵكی پارێزگاكانی ڕۆژئاوا و ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەم قسانەشی دەستدرێژیكردنە بۆ سەر خەڵكی كوردستان بە سەرجەم پێكهاتەكانی و رێزنەگرتنە لە خوێنی ئەو قوربانییانەی كە ڕۆحی خۆیان بەخشی لە پێناو عێراقێكی دیموكراسیی فیدڕاڵی“.
ڕوونیشی كردەوە: ”لەسەر ئەلوەلائی و هاوشێوەكانی پێویستە سوپاسی گەلی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی و قوربانییەكانی پێشمەرگە بكەن كە ئەگەر ئەوان نەبوونایە، عێراق لە دەست ڕژێمێكی شۆڤێنیی وەك بەعس ڕزگاری نەدەبوو كە دڕندانەترین تاوانەكانی دەرحەق بە گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی عێراق كرد“.
شێخ موزاحم حوێت ئاشكرای كرد كە عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان پێشتر چەندان بەڵگەیان لە دژی میلیشیای سەیدوشوهەدا و ئەبو ئالا ئەلوەلائی پێشكەش بە لایەنی ئەمریكی كردووە، ”هەر ئەو فەرمانی داوە فڕۆكەخانەی هەولێر و گەڕەكەكانی دەورەبەری مووشەكباران بكرێن كە بەهۆیەوە ژمارەیەك كەسی مەدەنی و ئەندامی هێزەكانی هاوپەیمانان شەهید و بریندار ببن“.
گوتیشی: ”ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەو تیرۆریستە كە بەهۆی تاوانەكانی خۆی و میلیشیاكەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا داواكراوە، هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات كە ساڵانێكە سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری پەناداوە، بەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر برسی دەكات، ئەو فەرماندەیە و میلیشیاكەی هەموو جۆرە تاوانێكیان لێ دەوەشێتەوە، چونكە خۆی و میلیشیاكەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش جیاوازییان نییە“.
باسنيوز