موسەنا ئەمین: کازمی پێی گوتین هەوڵدەدەین هەواڵێکی دڵخۆشکەرتان لەسەر هەڵەبجە پێبدەین
د. موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد "هیچ بیانوویەک نییە کە حکومەتی عێراق پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق [کە هەڵەبجەیە] رانەگەیێنێت و لە پلانەکانی وەزارەتی پلانداناندا جێگەی نەکاتەوە. شایەنی گوتنیشە کە کۆمەڵێک لە وەزارەتە فیدراڵییەکان وەکو وەزارەتەکانی پلاندانان، ناوخۆ و بازرگانی پەیوەندییان لەگەڵ هەڵەبجە بەستووە و هەڵەبجەیان وەکو پارێزگا باسکردووە".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە هەڵەبجە وەکو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق بناسێنرێت، ئەویش "قەناعەتی خۆی بە بابەتەکە دەربڕیوە و گوتوویەتی لە نزیکترین دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بابەتە باسدەکرێت و هەوڵدەدەین هەواڵێکی دڵخۆشکەر بە ئێوە بدەین و ئەم مەلەفە بەو شێوەیەی کە پێویستە دابخەین".
خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لەسەر ئاوارەکانی هەڵەبجە کە مافی زیندانی سیاسییان هەبێت، ئەو پەرلەمانتارانە بە کازمییان گوتووە کە پێویستە خەڵکی هەڵەبجەش وەکو خەڵکی دیکەی عێراق، بەنموونە رەفحا، مافی زیندانی سیاسی وەربگرن.
داواکارییەکی دیکەش کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، پرسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بووە، د. موسەنا ئەمین دەڵێت "کازمی بە رێزەوە" لەو داواکارییەی روانیوە، ئەوانیش ناوی منداڵە ونبووەکانیان بە لیستێک پێداوە و بەڵێنی داوە کە "خۆی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات".
بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، مستەفا کازمی "هەموو داواکارییەکانی بە سنگێکی فراوانەوە وەرگرتووە"، هەروەها داواشیان لە کازمی کردووە کە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
rudaw -