باڵیۆزی عێراق لە رووسیا جەختی لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ نوێنەراتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە

باڵیۆزی عێراق لە رووسیا جەختی لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ نوێنەراتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە
نزیکەی دوو هەفتەیە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ کراوەتەوە و ئەمڕۆ باڵیۆزی عێراق لە رووسیا بە مەبەستی پیرۆزباییکردن سەردانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی لەو وڵاتە کرد.

د. دانەر ئەبوبەکر، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا راگەیاند: "سەردانەکەی باڵیۆزی عێراق لە رووسیا بە مەبەستی پیرۆزباییکردن بووە لە کردنەوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، هەروەها هاوکاتیش بوو لەگەڵ ساڵرۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە".

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ لە 01-03-2021 کرایەوە، ئەمڕۆش عەبدولڕەحمان حامد، باڵیۆزی عێراق لە سەردانەکەیدا هیوای سەرکەوتن و کاری هاوبەشی کردووە بە جۆرێک خزمەتی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

ئەمرۆ 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، دانەر ئەبووبەکر لەو بارەوە دەڵێت: "باڵیۆزی عێراق زۆر کاریگەر بوو بەو رووداوە و گوتوویەتی: 'سەردانەکەم ئەوە دەسەلمێنێت کە جارێکی دیکە رێگەنادەین رووداوێکی هاوشێوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رووبدات' ".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دانەر ئەبوبەکر ئاماژەی بەوە دا کە باڵیۆزی عێراق جەختی لە هاوئاهەنگی نێوانیان کردووەتەوە و گوتوویەتی، "لەڕووی دیپلۆماسییەوە هاوکاریی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن".

هەر لەبارەی سەردانەکەوە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی ئەو سەردانەی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا کرد و جەختی لە پێکەوەکارکردن کردەوە بۆ رێگەگرتن لەو جۆرە تاوان و کارەساتانەی بەسەر گەلانی عێراق و کوردستاندا ھاتووە".


دەقی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/٣/١٦ دکتۆر عبدالرحمن حەمید باڵیۆزی عێراقی فیدراڵ لە رووسیا سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە رووسیا کرد بە بۆنەی کردنەوەی ئۆفیسی نوێی نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی عێراق پیرۆزبایی کردنەوەی ئۆفیسی نوێی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە رووسیا کرد و ھیوای سەرکەوتن و کاری ھاوبەشی بۆ خزمەتی ھەموو عێراق و کوردستان خواست. سەردانی بەڕێزیان بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا ھاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی کیمیابارانی ھەڵبجە، بەم بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی گەیاندەکەس و کاری قوربانیان ١٦ ئاداری ١٩٨٨ شاری ھەڵەبجە. ئەم تاوانەی بە کارەسات بۆ سەر گەلی کوردستان وەسف کرد کە لەلایەن رژێمی بەعس دژ بە گەلی کوردستان ئەنجام درا.

بەڕێزیان ئاماژەی بە گرینگی ئەو سەردانیەی بۆ نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا کرد و جەختی لە پێکەوەکارکردن کردەوە بۆ رێگەگرتن لەو جۆرە تاوان و کارەساتانەی بەسەر گەلانی عێراق و کوردستاندا ھاتووە.

لە کۆتایدا ھیوای سەرکەوتن و خزمەتی زیاتری بۆ نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا خواست.
rudaw -
Top