زیاتر لە 15 ملیۆن بێكار لە عێراق ھەن

زیاتر لە 15 ملیۆن بێكار لە عێراق ھەن
یەكێتی سەندیكای كرێكارانی عێراق ئاشكرایكرد، زیاتر لە15 ملیۆن كەس لە عێراقدا بێكارن و سەرچاوەكانی داھاتی تاك و بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان سنوورداربووە.

یەكێتی سەندیكای كرێكارانی عێراق لەراگەیاندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بەكاریگەری قەدەخەی ھاتوچۆ و زیانەكانی كۆرۆنا و خراپی دۆخی ئابووری عێراق، زیاتر لە 15 ملیۆن كەس بێكاربوونە و ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری كردووەتە سەر داھاتی تاك و بژێوی ژیانی خەڵكی سنووردار كردووە.

ئاماژەی بەوەشكراوە، ژمارەی كرێكاران زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی عێراق پێكدەھێنن و زۆرینەشیان بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار و دابەزاندنی بەھای دینار زیانیان بەركەوتووە و داھاتیان كەمبووە و خەرجیان زیادیكردووە، ئەمەش وایكردووە رێژەی ھەژاری بەرزببێتەوە و چینی مووچەخۆر و كرێكارانیش بكەونە بازنەی ھەژاریی و ھەندێكیشیان لەژێر ھێڵی ھەژاریدان.

بەشێكی ئابووریناسان و پەرلەمانتارانی عێراق، ھۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی ھەژاری بۆ رێوشوێنەكانی ئەم دوایەی حكومەت لەبەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەرزكردنەوەی بەھای دۆلار دەگەڕێننەوە.

بانكی رافیدەینی عێراقیش، لەراگەیاندراویكدا بڵاویكردووەتەوە، قەرزێكی 10 ملیۆن دیناری دەداتە ئەو كەسانەی كارەكانیان لەدەستداوە و بێكاربوونە. بەو پارەیەش دەتوانن پرۆژەیەكی بچووكی پێ دامەزرێنن و لە بێكاری رزگاریان ببێت. ئاماژەی بەوەشكردووە ، قەرزەكە بۆ ھەردوو رەگەز دەبێت و دابەشكردنی پارەكەش لەرێگەی لقی بانكەكانیان دەبێت.
k24 -
Top