جبوری: ئێران هەوڵی دابەشکردنی بەشێکی عێراق دەدات

جبوری: ئێران هەوڵی دابەشکردنی بەشێکی عێراق دەدات
سەرکردەیەکی عێراقی رایدەگەیەنێت، ئێران هەوڵی دابەشکردنی پارێزگایەکی عێراق دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە 16-3-2021 مشعان جبوری، سەرۆکی پارتی نیشتمانیی عێراقی، بە کەناڵی (دیجلە)ی راگەیاندووە، پرۆژەیەک بۆ دابەشکردنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ دوو پارێزگای سەڵاحەدین و سامەڕا، هەیە.

مشعان جبوری،کە سەرکردەیەکی سوننەمەزهەبەکانی عێراقە، پێیوایە ئەحمەد جبوری (ئەبو مازن)، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین (2013-2014) بە پاڵپشتیی ئێران، سەرکردایەتیی پرۆژەی دابەشکردنی پارێزگای سەڵاحەدین، دەکات.

ئەو سەرکردە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەبو مان پۆستە گرنگەکانی پارێزگای سەڵاحەدینی بە 40 ملیۆن دۆلار بەکەسانی ”ناشایستە و بێبڕوانامە“ فرۆشتووە.

مشعان جبوری پێیوایە نوری مالیکیی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لەگەڵ ئاشکراکردنی ”گەندەڵییەکانی ئەبو مازنن“ و محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش پشتگیریی ئەبو مازن دەکات.




باسنيوز
Top