باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لە بابەتی ئاودا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە
فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دوای کۆنفرانسەکە تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە "ئەمڕۆ کە دوا رۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەغدا بوو بۆ ئاو، تورکیا بە ستافێکی بەهێزەوە بەشداربوو و نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی کرد".
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لەگەڵ تویتەکەدا وێنەیەکی ئەو کەسانەی بڵاوکردووەتەوە کە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە "بەشداریکردنمان بەو ستافە بەهێزەوە نیشانەی بەهێزیی ویستمانە بۆ پێشخستن و تۆکمەکردنی هاوئاهەنگیمان لە بابەتی ئاودا. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی عێراق لە بابەتی ئاودا".
رۆژانی شەممە و یەکشەممە 13 و 14ی ئاداری 2021 یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەغدا لەبارەی ئاو بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تورکیا و ئێران بەڕێوەچوو. هەروەها نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشداربوون.
لە کۆنفرانسەکەدا فاتیح یەڵدز راگەیاند "تورکیاش ئەم کۆنفرانسە بە گرنگ دەزانێت، رێککەوتن لەسەر بابەتی ئاو هەیە. ئێمە پلانێکی چالاکمان هەیە و لە پەرلەمانی تورکیاش دەنگ لەسەر رێککەوتن لەگەڵ عێراق دراوە".
هەرێمی کورستان لەڕێگەی 17 بەنداوەوە شوێنی کۆکردنەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکان، ئێستا نزیکەی پێنج ملیار مەتر سێجا ئاویان تێدایە.
لە دەستووری عێراقدا ئاو لە دوو ماددەدا وەکو بابەتێکی دەسەڵاتی فیدراڵی باس کراوە، کە ماددەی 110 جەخت لە پلاندانانی تایبەت بە سیاسەتی ئاو و ماددەی 114یش رەنگڕێژکردنی سیاسەتی سامانە ئاوییەکان و رێکخستنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە.
rudaw -