پەسەند نەكردنی بودجە بۆ ناكۆكییە نێوخۆییەكانی شیعە و سوننە دەگەڕێتەوە

پەسەند نەكردنی بودجە بۆ ناكۆكییە نێوخۆییەكانی شیعە و سوننە دەگەڕێتەوە
ھەندێک لایەنى شيعى بەو دوو ماددەيەى حکومەتی عێراق له پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دایناوە ناڕازین، بەڵام ئەو لایەنانەی بەو دوو ماددانه ناڕازین لە پەرلەمانی عێراق ھیچ دەقێکی جێگرەوەیان پێشکەش نەکردووە ئەگەر دەقەکە نەھات ھەمان دەق دەنگی لەسەر دەدرێت.

فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیه ھەموو پڕۆژە یاساکە بە یەکەوە دەنگی لەسەر بدرێت دژی جیاکردنەوەی ئەو مادانەشن، کە مافە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانی تێدا چەسپێنراوە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ھەموو ھەوڵێک ڕەتدەکەینەوە کە مادەکانی 10 و 11 لە پڕۆژەکە دەربھێنرێت و و دەنگدانى لەسەر ھەڵبگیرێت بۆ کاتێکی دیكە، بەڵام ئەمە عێراقە و چاوەڕوانی ھەموو ئەگەرێکی لێدەکرێت چونکە ئەزموونمان لەگەڵیان ھەیە".

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "وەک لیژنەی دارايی داوایان لە لایەنە شیعییەکان کردووە ئەگەر دەقێکی جێگرەوەیان ھەیە بۆ گۆڕانکاری لە پڕۆژەکە با پێشکەشی بکەن، بەڵام تا ئێستا ھیچ لایەنێک دەقێکی جێگرەوەیان پێشکەش نەکردووە، ھەرکاتیك بڕیاربێت بخرێتە دەنگدان ھەمان ئەو دەقە دەنگی لەسەر دەدرێت، کە حکومەت ناردویەتی".

بەر لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بڕیارە جارێکی دیكە، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بچێتەوە. بە قسەی نوێنەرانی کورد دواکەوتنی پڕۆژەیاساکە تەنھا لەسەر پشکی ھەرێم نییە، بەڵکو شیعە و سوننە لە ناو ماڵی خۆشیاندا کێشەیان ھەیە و گفتوگۆ دەکەن. ھەندێک دەیانەوێت یاسای بودجە ببەستنەوە بە یاسای دادگای فیدراڵی تا ئەمە تێپەڕنەبێت و پڕۆژەیاسای بودجەش تێپەڕنەکەن. ھەندێک لایەنی دیکەش دەیانەوێت بە رێگریکردن لە تێپەڕاندنی بودجە کێشە بۆ حکومەتەکەی کازمی درووست بکەن. ھەندێک لایەنی سوننەش داوا دەکەن ئەو پارێزگا سونییانەی ئازاد کراون بەشە بودجەیان کەمە و پێویستە زیاد بکرێت.
k24 -
Top